کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئەیوب

ئەیوب ٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:

٢«ڕاستە، دەزانم کە وایە. جا چۆن مرۆڤ لەبەرچاوی خودا ڕاستودروست دەبێت؟

٣ئەگەر بیەوێت مشتومڕی لەگەڵ بکات، ناتوانێت وەڵامی یەک لە هەزار بداتەوە.

٤خودا داناییەکی فراوان و توانایەکی زۆری هەیە. کێ هەیە دژایەتی کردبێت و بە سەلامەتی دەرچووبێت؟

٥هەژێنەری چیاکانە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن، ئەوەی لە کاتی تووڕەییدا سەرەوژێریان دەکات.

٦زەوی لە جێی خۆی لەق دەکات، جا کۆڵەکەکانی دەخاتە بوومەلەرزە.

٧فەرمان بە خۆر دەدات، کە هەڵنەیەت، بە ئەستێرەکانیش کە نەدرەوشێنەوە.

٨خۆی بە تەنها ئاسمانی لێک کردووەتەوە، بەسەر شەپۆلەکانی دەریادا ڕۆیشتووە.

٩دروستکەری کەلووەکانی ورچ و ڕاوچی و حەوتەوانە و ئەو کەلووانەیە کە لە باشووری زەوی دەبینرێن.

١٠کاری مەزنی بەم جۆرەی کردووە کە لە سەرووی بیرکردنەوەن، هێندە پەرجوو کە لە ژماردن نایەن.

١١کاتێک بەسەرمدا دەڕوات نایبینم، کاتێک تێدەپەڕێت هەستی پێ ناکەم!

١٢ئەگەر شتێکمان لێ بستێنێت کێ دەتوانێت بەرەنگاری بێتەوە؟ کێ پێی دەڵێت: ”ئەوە چی دەکەیت؟“

١٣خودا تووڕەیی خۆی ناگێڕێتەوە، یارمەتیدەرانی ڕەهەڤ لە ژێریدا دەچەمێنەوە.

١٤«ئیتر من چۆن وەڵامی بدەمەوە و چۆن وشە هەڵبژێرم بۆ وەڵامدانەوەی؟

١٥ئەگەر ڕاستودروستیش بم، ناتوانم وەڵامی بدەمەوە، بەڵکو داوای بەزەیی لە دادوەرم دەکەم.

١٦ئەگەر بانگی بکەم، ئەویش وەڵامم بداتەوە، باوەڕ ناکەم کە گوێی بۆ دەنگم شل بکات،

١٧بەڵکو ئەو بە زریان تێکمدەشکێنێت و بەبێ هۆ برینەکانم زۆر دەکات.

١٨ناهێڵێت هەناسە بدەم، بەڵام لە تاڵی تێرم دەکات.

١٩ئەگەر تاقیکردنەوەی هێز بێت، ئەو بەهێزترینە! ئەگەر کێشەی دادگا بێت، کێ دەتوانێت بانگی بکات؟

٢٠ئەگەر بێتاوان بم دەمم تاوانبارم دەکات، ئەگەر بێ کەموکوڕیش بم، دەیسەلمێنێت تاوانبارم.

٢١«هەرچەندە من بێ کەموکوڕیم، بەڵام بایەخ بە ژیانی خۆم نادەم؛ ڕقم لە ژیانم دەبێتەوە.

٢٢”خودا کۆتایی بە چاک و بە خراپ دەهێنێت.“ لەبەر ئەوە گوتم: بەلامەوە هەردووکیان وەک یەکن،

٢٣ئەگەر کارەساتی لەناکاو مردن بهێنێت، بە نائومێدیی بێتاوان پێدەکەنێت.

٢٤کە خاکێک درابێت بە دەست بەدکارەوە، ئەوا پەردە بەسەر ڕووی دادوەرەکانی دەدات، ئەگەر ئەو نەبێت، ئەی کێیە؟

٢٥«ڕۆژگارم خێراترە لە کەسێک کە ڕادەکات، گوزەر دەکات و چێژی لێ نابینم.

٢٦وەک چۆن کەشتی زەل ڕووبار دەبڕێت هەروەک هەڵۆیەک کە دەنیشێتە سەر نێچیرەکەی.

٢٧ئەگەر بڵێم: ”سکاڵاکەی خۆم فەرامۆش دەکەم و واز لە ڕووگرژی دەهێنم و زەردەخەنە دەخەمە سەر لێوەکانم،“

٢٨لەگەڵ ئەوەشدا لە هەموو ئازارەکانم دەترسم، چونکە دەزانم بێتاوانم ناکەیت.

٢٩من تاوانبار دەکرێم، ئیتر بۆچی بەخۆڕایی خۆم ماندوو بکەم؟

٣٠ئەگەر بە بەفراو خۆم بشۆم و دەستەکانم بە ئەسپۆن پاک بکەمەوە،

٣١لەناو چاڵێک ڕیخ نوقومم دەکەیت، تەنانەت جلوبەرگەکەم قێزم لێ دەکەنەوە.

٣٢«ئەو وەک من مرۆڤ نییە هەتا وەڵامی بدەمەوە و لە دادگا ڕووبەڕووی یەک ببینەوە.

٣٣خۆزگە ناوبژیوانێک لەنێوانمان دەبوو، دەستی لەسەر هەردووکمان دادەنا،

٣٤تاوەکو کوتەکەکەی خودام لەسەر هەڵبگرێت و ترسەکەی نەمتۆقێنێت.

٣٥ئەو کاتە قسەم دەکرد و لێی نەدەترسام، چونکە من بەو شێوەیە نیم کە ئەو لێم تێگەیشتووە.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.