کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئەیوب

ئەیوب ٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئینجا بیلدەدی شوحی وەڵامی دایەوە:

٢«هەتا کەی بەم شێوەیە قسە دەکەیت؟ ئەوەی لە دەمت دێتە دەرەوە ڕەشەبایە.

٣ئایا خودا دادپەروەری بە لاڕێدا دەبات؟ ئایا توانادارەکە ڕاستودروستی بەدرۆدەخاتەوە؟

٤ئەو کاتەی ڕۆڵەکانت گوناهیان دەرهەق بە خودا کرد، ئەوا خودا سزای گوناهەکانی خۆیانی بەسەر هێنانەوە.

٥بەڵام ئەگەر تۆ بەیانییان زوو ڕوو لە خودا بکەیت، لە خودای هەرە بەتوانا بپاڕێیتەوە،

٦ئەگەر تۆ بێگەرد و ڕاست بیت، ئەوا هەر ئێستا ئاوڕت لێ دەداتەوە و ماڵەکەی خۆتت وەک پاداشت بۆ دەگەڕێنێتەوە.

٧پاشەڕۆژەکەت هێندە تێروتەسەل دەبێت، کە سەرەتاکەت زۆر هەژار بووە.

٨«پرسیار لە نەوەی ڕابردوو بکە و بزانە لە باوباپیرانیانەوە چی فێربوون،

٩چونکە ئێمە منداڵی دوێنێین و هیچ نازانین، ڕۆژگاریشمان لەسەر زەوی وەک سێبەر تێدەپەڕێت.

١٠ئایا ئەو نەوەیە فێرت ناکەن و پێت ناڵێن؟ یان بە بیری خۆیان قسەت لێ دەرناهێنن؟

١١ئایا زەل بەبێ زۆنگاو گەشە دەکات، یان قامیش بەبێ ئاو شین دەبێت؟

١٢بەڵکو ئەوان کە هێشتا گەشە دەکەن و نەبڕدراون، کەچی پێش هەموو گیایەک وشک دەبن،

١٣بەو جۆرەیە سەرگوزەشتەی ژیانی هەموو ئەوانەی خودایان لەبیر کردووە و هیوای خوانەناسان لەناودەچێت.

١٤ئەوەی پاڵپشتەکەیەتی دەبڕدرێتەوە، پشتی بە تەونی جاڵجاڵۆکە بەستووە.

١٥خۆی بە تەونەکەوە ڕادەگرێت بەڵام دەپچڕێت، دەستی پێوە دەگرێت و خۆی ڕاناگرێت.

١٦ئەوانە وەک ڕووەکێکی تەڕ لەژێر تیشکی خۆردان، کە لەناو باخچەکەیدا چڵی تازە دەردەکات.

١٧بەسەر کۆمەڵە بەرددا ڕەگ دادەکوتێت و بە تاشەبەردەکانەوە خۆیان توند دەگرن.

١٨بەڵام کە لە شوێنی خۆی هەڵکەنرا، شوێنەکەی نکۆڵی لێ دەکات و دەڵێ: ”من جێگای تۆ نیم.“

١٩ببینە، خۆشی ژیانەکەی تەنها ئەوەیە، کە لە جێگاکەیەوە یەکێکی دیکە چەکەرە دەکات.

٢٠«بێگومان خودا ئەو کەسە ڕەت ناکاتەوە کە بێ کەموکوڕی بێت، کە هانی خراپەکاران نادات.

٢١کاتێک دەمت پڕ لە پێکەنین دەکات و لێوەکانت پڕ لە هوتاف،

٢٢ناحەزانت شەرمەزاری لەبەر دەکەن و ڕەشماڵی خراپەکارانیش تەفروتوونا دەبن.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.