کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئەیوب

ئەیوب ١٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەلیفازی تێمانیش وەڵامی دایەوە:

٢«ئایا کەسی دانا بە نەزانی وەڵام دەداتەوە و مێشکی بە شتی هیچوپووچ پڕ دەکات؟

٣ئایا بە قسەی بێ سوود بەڵگە دێنێتەوە و بەو لێدوانانەی قازانجی لێ ناکات؟

٤بەڵام تۆ لەخواترسی پێشێل دەکەیت و خەڵک لە خواپەرستی دوور دەخەیتەوە.

٥بێگومان گوناهەکانت دەمت فێر دەکەن و زمانی تەڵەکەبازی هەڵدەبژێریت.

٦زمانی خۆت تاوانبارت دەکات، نەک من، لێوەکانت لە دژت شایەتی دەدەن.

٧«ئایا تۆ یەکەم مرۆڤ بوویت لەدایک بوویت؟ یان لەپێش گردەکانەوە دروستبوویت؟

٨ئایا لە ئەنجومەنی خودا گوێت گرتبوو؟ ئایا داناییت بە باڵای خۆتدا بڕیوە؟

٩چی دەزانیت کە ئێمە نایزانین، چی تێدەگەیت کە لەلای ئێمە نەبێت؟

١٠پیر و ڕیش سپی وامان لەناودایە، تەمەنی لە باوکت زیاترە.

١١ئایا دڵنەواییەکانی خودا و بە نەرمی قسەکردن لەگەڵت کەمە؟

١٢بۆچی دڵت دەتبات و بۆچی چاوەکانت دەبریسکێنەوە،

١٣بۆ ئەوەی ڕۆحت لە دژی خودا وەربگێڕیت و قسەی وا لە دەمت بهێنیتە دەرەوە؟

١٤«مرۆڤ کێیە هەتا بێگەرد بێت و لەدایکبوو لە ژن کێیە هەتا ڕاستودروست بێت؟

١٥ئەگەر خودا متمانە بە پیرۆزەکانی خۆی ناکات، کەواتە ئاسمان لەبەرچاوی بێگەرد نییە،

١٦ئیتر مرۆڤ کە ناڕەوایی وەک ئاو دەخواتەوە دەبێت چەند قێزەون و گەندەڵ بێت؟

١٧«من پێت دەڵێم گوێم لێ بگرە، باسی ئەوە دەکەم کە بینیم،

١٨ئەوەی دانایان لە باوباپیرانیانەوە پێیان ڕاگەیەنراوە و ئەوانیش نەیانشاردووەتەوە،

١٩ئەوانەی خاکەکە تەنها بەوان دراوە و هیچ نامۆیەک بەناویاندا تێنەپەڕیوە.

٢٠بەدکار ڕۆژانە دەتلێتەوە، ژمارەی ساڵانی ستەمکاریش دیاریکراوە.

٢١دەنگێکی ترسناک لە گوێیەکانیەتی و لە ساتی ئاشتیدا تێکدەر بۆی دێت.

٢٢لەو باوەڕەدا نییە لە تاریکی دەگەڕێتەوە؛ چاوەڕوانی شمشێرە.

٢٣ئەو وێڵە و دەبێتە نێچیری سیسارکە کەچەڵ، دەزانێت کە ڕۆژی تاریکی نزیکە.

٢٤تەنگانە و ئازار دەیتۆقێنن و بەسەریدا زاڵن وەک پاشایەکی ئامادە بۆ پەلاماردان،

٢٥چونکە بە تووڕەییەوە دەستی لە خودا ڕادەوەشێنێت، لە دژی خودای هەرە بەتوانا پاڵەوانیێتی نواند،

٢٦بە کەللەڕەقییەوە بەرەو ئەو ڕایکرد بە قەڵغانە ئەستوور و بەهێزەکەیەوە.

٢٧«هەرچەندە دەموچاوی بە چەوری داپۆشی و ناوقەدی خۆی بە پیو ئەستوور کرد،

٢٨بەڵام لە شارۆچکەی کاولبوو نیشتەجێ دەبێت، لەو ماڵانەی کەسی تێدا ناژیێت و خەریکن دەبنە کەلاوە.

٢٩لەمەودوا دەوڵەمەند نابێت و سامانەکەی جێگیر نابێت، دەستکەوتی لەناو زەویدا بەرفراوان نابێت.

٣٠لە تاریکی دەرباز نابێت، کڵپەی گڕێک پۆپکەکانی وشک دەکات و بە فووێکی دەمی نامێنێت.

٣١جێی باوەڕ نابێت بە شتی پووچ وێڵ دەبێت، چونکە شتی پووچ دەبێت بە کرێیەکەی.

٣٢پێش ئەوەی ڕۆژی خۆی تەواو بێت، دەفەوتێت و گەڵاکەی سەوز نابێت.

٣٣وەک ترێ پەسیرەکانی دەکەوێت و وەک زەیتوون گوڵەکەی هەڵدەوەرێت.

٣٤کۆمەڵی خوانەناسان چۆڵوهۆڵ دەبێت، ئاگریش ڕەشماڵی بەرتیلخۆران دەسووتێنێت.

٣٥بە ئاژاوە دووگیان بوون و خراپەیان بۆ لەدایک دەبێت، سکیان پیلانی فێڵ و درۆ پێکدەهێنێت.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.