کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئەیوب

ئەیوب ١٦

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:

٢«زۆرم لەمانە گوێ لێ بووە، هەموو دڵنەواییەکەتان بریندارکەرن!

٣ئایا قسەی پووچ کۆتایی هەیە؟ یان چی دەتوروژێنێت هەتا وەڵام بدەیتەوە؟

٤منیش وەک ئێوە قسەم دەکرد، ئەگەر ئێوە لە جێی من بوونایە؛ قسەم بۆ دەگێڕانەوە و سەرم لە ئاستتان دەلەقاند.

٥بەڵام بە دەم هانم دەدان و جوڵەی لێوەکانم ڕایدەگرتن.

٦«ئەگەر قسە بکەم لە خەمۆکیەکەم کەم نابێتەوە، ئەگەر بێدەنگیش بم لێم دوور ناکەوێتەوە.

٧ئەی خودایە، بێگومان تۆ بێزارت کردووم، هەموو کەسوکارەکەی منت لەناوبردووە.

٨سستت کردم، سستییەکەم بووە شایەت، لاوازییەکەم لێم هەستاوە، بەرەوڕوو شایەتیم لەسەر دەدات.

٩تووڕەییەکەی پەلاماری دام و منی چەوساندەوە، ددانەکانی لێم جیڕکردەوە، دوژمنەکەم چاوی تێبڕیوم.

١٠خەڵک دەمیان لێ داچەقاندووم، بە گاڵتەپێکردنەوە زللەیان لێدەدام، پێکەوە گەلەکۆمەیان لێکردم.

١١خودا منی دایە دەست زۆردار و فڕێیدامە نێو دەستی خراپەکارەوە.

١٢من ئاسوودە بووم و ئەو جێی لەق کردم، پشتەملی گرتم و وردوخاشی کردم. منی کرد بە نیشانی خۆی؛

١٣تیرهاوێژەکانی دەوریان دام. جەرگی بڕیم و دڵی نەسووتا، زراوی منی بەسەر زەویدا ڕشت.

١٤جار لەدوای جار شەقم دەکات، وەک جەنگاوەرێک هێرش دەکاتە سەرم.

١٥«جلوبەرگی گوشم بە پێستمەوە دووری و خۆڵەمێشم بە سەری خۆمدا کرد.

١٦دەموچاوم لەبەر گریان سوور هەڵگەڕا و ڕەشی بەسەر پێڵوی چاومدا هات.

١٧لەگەڵ ئەوەی زۆرداری لە دەستی مندا نییە و نوێژەکەم بێگەردە.

١٨«ئەی زەوی، خوێنەکەم دامەپۆشە، با جێیەک نەبێت بۆ هاوارم!

١٩ئەوەتا لە ئێستاوە شایەتەکەم لە ئاسمانە، پارێزگارەکەم لە بەرزاییەکانە،

٢٠ئەو هاوڕێمە و داکۆکیم لێ دەکات. کاتێک لەبەردەم خودا چاوەکانم فرمێسک دەڕێژن،

٢١ئەو لە پێناوی پیاوێک لە خودا دەپاڕێتەوە، وەک پاڕانەوەی کەسێک بۆ هاوڕێکەی.

٢٢«تەمەنم کورتە و بەسەردەچێت، لە ڕێگایەکدا دیلم کە لێی ناگەڕێمەوە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.