کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئەیوب

ئەیوب ١٧

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ڕۆحم شکا، ڕۆژگارم کوژایەوە، گۆڕ چاوەڕێی منە.

٢بێگومان گاڵتەجاڕان لە دەورمدان و ناچار تەماشای کێشمەکێشیان بکەم.

٣«تکایە لەلای خۆت ببە پشتگیرم، بێجگە لە تۆ کێ هەیە ببێتە کەفیلم؟

٤تێگەیشتنت لە مێشکیان شاردووەتەوە، لەبەر ئەوە بەرزیان ناکەیتەوە.

٥ئەوەی لە پێناوی پارە پەنجەی تاوان بۆ هاوڕێیەکانی ڕادەکێشێت، نەبوونی چاوی منداڵەکانی دەپوکێنێتەوە.

٦«منی کردە پەندی گەلان و بووم بەوەی تف لە ڕووم بکرێت.

٧چاوەکانم لەبەر خەم کز بوون، هەموو ئەندامەکانم زۆر لاواز بوون.

٨ئەوانەی ڕاستن بەمە سەرسام دەبن و بێتاوان بەسەر خوانەناسدا ڕادەپەڕێت.

٩کەسی ڕاستودروست ڕێگای خۆی دەگرێت و ئەوەی دەست پاکە هێزی بۆ زیاد دەکرێت.

١٠«ئێستا وەرنەوە، دووبارە هەوڵ بدەن، بەڵام من هیچ دانایەکتان تێدا نادۆزمەوە.

١١ڕۆژگارم بەسەرچوو، مەبەستەکانم هەڵکەنران. لەگەڵ ئەوەشدا ئارەزووەکانی دڵم

١٢شەو دەکەن بە ڕۆژ، لە تاریکیدا ڕووناکی بە نزیک دەبینن.

١٣ئەگەر هیوا بخوازم جیهانی مردووان ببێت بە ماڵم و لە تاریکیدا نوێنەکەم ڕابخەم،

١٤ئەگەر بە گۆڕم گوت: ”تۆ باوکی منیت،“ بە کرمیش: ”تۆ دایکی منیت“ یان ”خوشکی منیت،“

١٥ئیتر ئومێدم کوا؟ کێ تەماشای ئومێدم دەکات؟

١٦ئایا بەرەو قووڵایی جیهانی مردووان دەچێتە خوارەوە؟ ئایا پێکەوە لەناو خۆڵ شۆڕدەبینەوە؟»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.