کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئەیوب

ئەیوب ١٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١بیلدەدی شوحیش وەڵامی دایەوە:

٢«هەتا کەی تەڵە بۆ قسە دەنێنەوە؟ تێبگەن ئینجا ئێمە دەتوانین قسە بکەین.

٣بۆچی بە ئاژەڵ دانراین و لەبەرچاوتان گێل بووین؟

٤ئەی ئەوەی لە ڕقی خۆی، خۆی دەخواتەوە، ئایا لەبەر تۆ زەوی چۆڵ بکرێت و تاشەبەرد لە جێی خۆی بجوڵێت؟

٥«بەڵێ چرای بەدکاران دەکوژێتەوە و گڕی ئاگرەکەی ڕووناکی نابەخشێت.

٦لەناو چادرەکەی ڕووناکی تاریک دەبێت و چراکەی تەنیشتی دەکوژێتەوە.

٧هێزی هەنگاوەکانی کورت دەبن و ڕاوێژەکەی خۆی دەیخات.

٨بە پێیەکانی خۆی بۆ ناو داو هەنگاو دەنێت، جا لەناو تۆڕدا گیر دەخوات.

٩تەڵە پاژنەی پێی دەگرێت و فاقە توند دەیگرێت.

١٠داوەکانی لە زەوی شاردراونەتەوە و تەڵەکەی لەسەر ڕێگایە.

١١بەڵاکان لە هەموو لایەکەوە دەیتۆقێنن و هەنگاوبەهەنگاو دوای کەوتوون.

١٢برسیێتی بڕستی لێ بڕی و کارەسات چاوەڕێی کەوتنی دەکات.

١٣نەخۆشی پارچەکانی پێستەکەی دەخوات، یەکەم بەری مەرگ ئەندامەکانی لەشی دەخوات.

١٤لە ئارامی ناو چادرەکەی خۆی دەڕفێنرێت، بەرەو لای پاشای بەڵاکان پەلکێش دەکرێت.

١٥ئەوەی هی ئەو نییە لەناو چادرەکەی نیشتەجێ دەبێت، گۆگرد بەسەر جێی مانەوەی پەخش دەکرێت.

١٦لە ژێرەوە ڕەگوڕیشەی وشک دەبێت و لە سەرەوەش لقەکانی سیس دەبن.

١٧یادەوەری لە زەوی نامێنێت و لەسەر ڕووی وشکانیش هیچ ناوێکی نییە.

١٨لە ڕووناکییەوە پاڵ دەدرێت بۆ تاریکی و لە جیهان دەردەکرێت.

١٩نە نەوە و نە وەچەی لەنێو گەلەکەی دەبێت، نە دەربازبوو لەنێو چادرەکانی.

٢٠خەڵکی ڕۆژئاوا لە ڕۆژی حوکمدان لەسەر ئەودا دەحەپەسێن، گەلانی ڕۆژهەڵات مووچڕکەیان پێدا دێت.

٢١ئەوە نشینگەی بەدکارانە و ئەمە شوێنی ئەوانەیە کە خودا ناناسن.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.