کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئەیوب

ئەیوب ١٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:

٢«هەتا کەی گیانم ئازار دەدەن و بە قسە وردم دەکەن؟

٣ئەمە دەیەم جارە ڕیسوام دەکەن، بەبێ شەرمی هێرشتان کردە سەرم.

٤گریمان بە ڕاستی گومڕا بووم، گومڕاییەکەم بەسەر خۆم دەشکێتەوە.

٥ئەگەر بەڕاستی ئێوە خۆتان لە من بە گەورەتر دادەنێن و شەرمەزارییەکەی من لە دژی خۆم بەکاردەهێنن،

٦ئەوا با لەلاتان زانراو بێت، خودا خۆی منی خوار کردووەتەوە و تۆڕەکەی بەدەورمدا ڕاکێشا.

٧«هەرچەندە لەبەر ستەم هاوار دەکەم، بەڵام وەڵامم نادرێتەوە، هاوار دەهێنم، بەڵام دادپەروەری نییە.

٨ڕێی لێ گرتم و ناپەڕمەوە، تاریکی خستووەتە سەر ڕێڕەوم.

٩شکۆمەندییەکەمی لێم داماڵی و تاجەکەی سەرمی لێکردەوە.

١٠لە هەموو لایەکەوە منی ڕووخاند تاوەکو نەمێنم و هیوای منی وەک دار هەڵکەند.

١١تووڕەیی خۆی بەسەرمدا داگیرساند و بە دوژمنی خۆی دانام.

١٢پەلاماردەرەکانی پێکەوە هاتن و سەنگەریان لە دژی من لێدا و لە دەوری چادرەکەم خۆیان دامەزراند.

١٣«کەسوکاری منی لێم دوورخستەوە و ناسیاوەکانم لێم بوون بە بێگانە.

١٤خزمەکانم وازیان لێ هێنام و ئەوانەی منیان ناسی لەبیریان کردم.

١٥میوان و کارەکەرەکانم وەک بیانی دایاننام، وەک نامۆیەک مامەڵەم لەگەڵ دەکەن.

١٦بانگی خزمەتکارەکەی خۆمم کرد بەڵام وەڵامی نەدایەوە، هەرچەندە بە دەمی خۆم لێی پاڕامەوە.

١٧بۆنم ناخۆش بووە لەلای ژنەکەم و قێزەونم لەلای جگەرگۆشەکانم.

١٨تەنانەت منداڵانیش سووکایەتییان پێکردم، کە هەستم، باسی من دەکەن.

١٩هەموو دۆستەکانم ڕقیان لێم بووەوە و ئەوانەی خۆشم دەویستن لە دژم هەڵگەڕانەوە.

٢٠ئێسکم بە پێست و گۆشتمەوە نووساوە و بە خۆم و پووکمەوە دەرباز بووم.

٢١«بەزەییتان پێم بێتەوە، بەزەییتان پێم بێتەوە ئەی هاوڕێیان، چونکە دەستی خودا لێی داوم.

٢٢بۆچی ئێوەش وەک خودا ڕاوم دەنێن؟ لە گۆشتم تێر نابن؟

٢٣«خۆزگە وشەکانم دەنووسرانەوە، خۆزگە لەناو تۆمارێکدا وێنەیان دەکێشرا،

٢٤خۆزگە بە پێنووسی ئاسن لەسەر قورقوشم دەنووسران یان بۆ هەتاهەتایە لەسەر بەرد هەڵدەکۆڵران.

٢٥بەڵام من زانیم ئەوەی کە دەمکڕێتەوە زیندووە و لە کۆتاییدا لەسەر زەوی ڕاست دەبێتەوە.

٢٦پاش ئەوەی ئەم پێستەم لەناودەچێت، هەر لە جەستەی خۆم خودا دەبینم.

٢٧ئەوەی من بۆ خۆم دەیبینم و چاوەکانم تەماشا دەکەن، نەک یەکێکی دیکە، لە ناخمەوە تامەزرۆی ئەوەم!

٢٨«ئەگەر ئێوە دەڵێن: ”چەند ڕاوی دەنێین، چونکە ڕەگی کێشەکە لەلای ئەوە،“

٢٩لە خۆتان بترسن لە ڕووی شمشێر، چونکە تووڕەیی سزای شمشێر دەهێنێت، ئیتر دەزانن کە دادوەری هەیە.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.