١چۆفەری نەعماتیش وەڵامی دایەوە:
٢«لەبەر جۆشانی ناخم، بیرکردنەوەکانم هانم دەدەن وەڵام بدەمەوە.
٣گوێم لە سەرزەنشتەکانی تۆ دەبێت کە سووکایەتیم پێ دەکەیت، ڕۆحی تێگەیشتنم وام لێ دەکات وەڵام بدەمەوە.
٤«ئایا لە کۆنەوە ئەمەت نەزانیوە، لەو کاتەوەی مرۆڤ لەسەر زەوی دانراوە؟
٥هاواری خۆشی خراپەکاران کورتە و خۆشی خوانەناس بۆ ساتێکە.
٦هەرچەندە لووتبەرزی خوانەناس بگاتە ئاسمان و سەریشی لە هەور بدات،
٧بەڵام وەک تەپاڵە خۆی بۆ هەتاهەتایە لەناودەچێت و ئەوانەی بینیویانە دەڵێن: ”کوا؟“
٨وەک خەون دەفڕێت و ئیتر نامێنێت، وەک مۆتەکەیەک دەردەکرێت.
٩چاوێک کە بینیویەتی دیسان نایبینێتەوە، جارێکی دیکە شوێنەکەشی نابینرێت.
١٠کوڕەکانی هەوڵ دەدەن هەژاران ڕازی بکەن؛ دەستەکانی سامانەکەی دەدەنەوە.
١١ئێسکەکانی پڕ لە گەنجیێتین، بەڵام ئەو گەنجیێتییە لەگەڵیدا لەناو خاک ڕادەکشێت.
١٢«کە خراپە لەناو دەمی شیرین بێت و لەژێر زمانی بیشارێتەوە،
١٣دڵی پێی سووتاو و بەجێی نەهێشت، بەڵکو لەناو گەرویدا بەندی کرد،
١٤بەڵام نانەکەی لەناو ڕیخۆڵەکانی دەگۆڕێت، دەبێتە تاڵی ژەهری مار لەناو سکی.
١٥سامانێکی قووت دا و دەیڕشێنێتەوە؛ خودا لەناو سکی وەدەری دەنێت.
١٦ژەهری مار دەمژێت؛ زمانی مار دەیکوژێت.
١٧جۆگەکان نابینێت، ڕووبارە ڕۆیشتووەکانی هەنگوین و قەیماغ.
١٨بەری ماندووبوونەکەی دێنێتەوە و قووتی نادات، لە قازانجی بازرگانییەکەی خۆشی نابینێت.
١٩لەبەر ئەوەی هەژارانی وردوخاش کرد و بەجێی هێشتن؛ دەستی بەسەر ماڵێکدا گرت کە بنیادی نەنابوو.
٢٠«بێگومان لە ناخیدا نەیزانی بەس چییە؛ ئەوەی ئارەزووی دەکات دەربازی ناکات.
٢١خواردنەکەی پاشماوەی نییە؛ ئیتر خێروخۆشییەکەی بەردەوام نابێت.
٢٢لەوپەڕی سەڵتەنەتیدا تووشی تەنگانە دەبێت، دەستی هەموو ڕەنجدەرێکی دێتە سەر.
٢٣لە کاتێکدا سکی خۆی پڕ دەکات، خودا گڕی تووڕەیی خۆی بۆ دەنێرێت و وەکو باران بەسەریدا دەیبارێنێت.
٢٤لە چەکی ئاسنەوە ڕادەکات و تیری بڕۆنز دەیبڕێت.
٢٥تیرەکەی ڕاکێشا و لە پشتییەوە هاتە دەرەوە، نووکی بریسکەدار زراوی بڕی. ترسی بەسەرەوەیە؛
٢٦هەموو تاریکییەک بۆ گەنجینەکانی شاردراوەتەوە. ئاگرێک دەیخوات فووی لێ نەکراوە، ئەوەی لە چادرەکەی مابێتەوە لووشی دەدات.
٢٧ئاسمان تاوانەکەی ئاشکرا دەکات، زەوی لێی ڕادەپەڕێت.
٢٨لەو ڕۆژەی کە خودا تووڕەییەکەی دەبارێنێت، لافاوێک ماڵەکەی دەبات.
٢٩ئەمە بەشی کەسی خراپە لە خوداوە، میراتی دیاریکراوە لە خوداوە.»