١ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
٢«بە گوێگرتن گوێ لە قسەکانم بگرن؛ با ئەمە ببێتە دڵنەواییتان.
٣بەرگەم بگرن کە قسە دەکەم و پاش قسەکانم گاڵتە بکەن.
٤«ئایا من سکاڵاکەم لە مرۆڤە؟ بۆچی ئارامیم لێ نەبڕێت؟
٥ڕووم لێ بکەن، واقتان وڕبمێنێت و دەست بخەنە سەر دەمتان.
٦کاتێک بەبیرم دێتەوە دەتۆقم؛ موچڕکە بە لەشمدا دێت.
٧بۆچی بەدکاران دەژین و پیر دەبن، هەروەها بە هێزەوە زاڵ دەبن؟
٨نەوەیان لەبەردەمیان لەگەڵیان ڕاوەستاوە، وەچەیان لەبەرچاویانە.
٩ماڵەکانیان لە ترس دڵنیایە؛ کوتەکی خودا بەسەریانەوە نییە.
١٠گایەکەیان دەپەڕێت و هەڵە ناکات؛ مانگاکەیان ئاوس دەبێت و لە باری ناچێت.
١١منداڵەکانیان وەک مەڕ بەڕەڵا دەکرێن؛ شیرەخۆرەکانیان سەما دەکەن.
١٢دەف و قیسارە بەدەستەوە دەگرن؛ بە دەنگی دووزەلە دڵخۆش دەبن.
١٣ڕۆژگاریان بە خێروخۆشی بەسەردەبەن و بە ئارامییەوە بۆ ناو جیهانی مردووان شۆڕ دەبنەوە.
١٤لەگەڵ ئەوەشدا بە خودا دەڵێن: ”لێمان دوور بکەوە! دڵخۆش نابین بە ناسینی ڕێگاکانت.
١٥توانادارەکە کێیە هەتا خزمەتی بکەین؟ سوودی چی دەبینین کە لێی بپاڕێینەوە؟“
١٦بەڵام خێروخۆشییان لە دەستی خۆیان نییە، با ڕاوێژی بەدکاران لێم دوور بێت.
١٧«چەند کەم چرای بەدکاران دەکوژێتەوە و کارەساتیان بەسەردێت، یان خودا لە تووڕەیی خۆیدا ئازاری کردووە بە بەشیان؟
١٨یان وەک کا بن لەبەردەم با و وەک ئەو سەرکۆزەرەی ڕەشەبا بردوویەتی؟
١٩دەگوترێت: ”خودا تاوانی بەدکاران بۆ کوڕەکانیان هەڵدەگرێت.“ با سزای گیانی خۆیان بدات تاوەکو بزانن!
٢٠با چاوەکانیان لەناوچوونەکەیان ببینن، لە جامی تووڕەیی خودای هەرە بەتوانا بخۆنەوە،
٢١چونکە لەدوای ئەوان، کە ژمارەی مانگەکانیان تەواو دەبێت، ئایا گوێ بە کەسوکاریان دەدەن؟
٢٢«ئایا خودا فێری زانین دەکرێت، ئەو کە دادوەری پایەدارەکان دەکات؟
٢٣کەسانێک هەن لەوپەڕی تەندروستیدا دەمرن، کاتێک بە تەواوی دڵنیا و ئارامن،
٢٤لەشیان ساغن و مۆخی ناو ئێسکەکانیان هێشتا تەڕە.
٢٥کەسانێکی دیکەش بە پەژارەوە دەمرن و تامی خێروخۆشییان نەکردووە.
٢٦هەردووکیان پێکەوە لەناو گڵ ڕادەکشێن و کرم دایاندەپۆشێت.
٢٧«بیرکردنەوەی ئێوە باش دەزانم و ئەو پیلانانەی بۆ ستەملێکردنم داتانناوە،
٢٨چونکە دەڵێن: ”کوا ماڵی گەورە پیاوەکە؟ کوا چادری نشینگەی خراپەکاران؟“
٢٩ئایا پرسیارتان لە ڕێبواران نەکردووە و سەرنجتان نەداوەتە هەواڵەکانیان؟
٣٠بەدکار لە ڕۆژی کارەسات هەڵدێت، ئایا لە ڕۆژی تووڕەیی دەرباز دەبێت؟
٣١کێ بەرەو ڕوو لەسەر ڕەفتارەکەی سەرزەنشتی دەکات؟ کێ سزای دەدات لەسەر ئەوەی کردوویەتی؟
٣٢ئەو بەرەو گۆڕەکان دەبردرێت و لەسەر گۆڕستان شەوارە دەگرێت.
٣٣قوڕی دۆڵەکە شیرینە بۆ ئەو؛ هەموو مرۆڤ بەدوایەوە دەڕۆن و لەپێشیشیەوە بەبێ ژمارە.
٣٤«ئیتر چۆن بە قسەی پڕوپووچ دڵنەواییم دەدەنەوە؟ لە وەڵامەکانتان تەنها بێوەفایی دەبینم!»