کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئەیوب

ئەیوب ٢٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەلیفازی تێمانیش وەڵامی دایەوە:

٢«ئایا مرۆڤ سوودی بۆ خودا هەیە؟ تەنانەت کەسێکی دانا، ئایا سوودی بۆ خودا هەیە؟

٣ئایا خۆشی تێدایە بۆ توانادارەکە کە تۆ ڕاستودروست بیت؟ ئەگەر ڕەفتارەکەشت بێ کەموکوڕی بێت، ئایا قازانجی بۆ خودا تێدایە؟

٤«ئایا لەسەر لەخواترسییەکەت سەرزەنشتت دەکات و تۆ دەداتە دادگا؟

٥ئایا خراپەکانت زۆر نین و تاوانەکانیشت بێ کۆتایی نین؟

٦بەبێ هۆ بارمتەت لە برای خۆت وەرگرت و جلت لەبەر داکەند ڕووتت کردەوە.

٧ئاوت نەدا بە تینوو و ئامادە نەبووی نان بدەیتە برسی،

٨هەرچەندە تۆ خاوەن زەوی و پیاوێکی بە توانا بووی، کە وەک کەسێکی ناودار تێدا نیشتەجێ بوو.

٩بێوەژنانت بە دەستبەتاڵی بەڕێکرد و دەستی هەتیوانت شکاند.

١٠لەبەر ئەوە چواردەورت تەڵەیە و ترسی لەناکاو دەتتۆقێنێت،

١١لەبەر ئەوەش ئەوەندە تاریک بووە کە نابینیت و لافاوێک داتدەپۆشێت.

١٢«ئایا خودا لە بەرزی ئاسمان نییە؟ سەیری لووتکەی ئەستێرەکان بکە چەند خۆیان بڵند گرتووە!

١٣بەڵام تۆ دەڵێیت: ”خودا چی دەزانێت؟ ئایا لە پشت هەوری ڕەشەوە دادوەری دەکات؟

١٤هەورەکان پەردەن بۆ ئەو ئیتر نامانبینێت کە بەسەر بازنەی ئاسمان هاتوچۆ دەکات.“

١٥ئایا تۆش بەو ڕێگا کۆنەدا دەڕۆیت کە خراپەکاران پێیدا ڕۆیشتوون؟

١٦ئەوانەی پێشوەخت دەستیان بەسەردا گیرا، ڕووبار بەسەر بناغەکەیاندا ڕژا.

١٧ئەوانەی بە خودایان گوت: ”لێمان دوور بکەوە! خودای هەرە بەتوانا چیمان لەگەڵ دەکات؟“

١٨بەڵام ئەو بوو کە ماڵەکانی ئەوانی پڕکردووە لە خێروخۆشی، با ڕاوێژی خراپەکاران لێم دوور بێت.

١٩ڕاستودروستان کە وێرانییان دەبینن، دڵخۆش دەبن، بێگەردیش گاڵتەیان پێ دەکات:

٢٠”بێگومان بەرهەڵستکارانمان لەناودەچن و سامانەکەشیان ئاگر دەیخوات.“

٢١«تکایە لەگەڵ خودا ڕێک بکەوە و لە ئاشتی بە، بەمە خێرۆخۆشیت بۆ دێت.

٢٢تکایە فێرکردنەکان لە دەمیەوە وەربگرە و قسەکانی بخە دڵتەوە.

٢٣ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ لای خودای هەرە بەتوانا بنیاد دەنرێیتەوە، ئەگەر ستەم لە چادرەکەت دووربخەیتەوە،

٢٤ئەگەر زێڕ فڕێبدەیتە سەر خۆڵ و زێڕی ئۆفیر بۆ ناو بەردی شیوەکان،

٢٥ئەو کاتە توانادارەکە دەبێت بە زێڕەکەت و بە زیوی گرانبەها بۆ تۆ.

٢٦بێگومان ئیتر خۆشی لە توانادارەکە دەبینیت، ڕووت لە خودا دەکەیت.

٢٧نوێژی بۆ دەکەیت و گوێت لێ دەگرێت، نەزرەکانت بەجێدەهێنیت.

٢٨بڕیار دەدەیت و بۆت جێبەجێ دەبێت، بەسەر ڕێگاکانت ڕووناکی دەدرەوشێتەوە.

٢٩کاتێک خەڵک دەکەون تۆ دەڵێیت: ”هەڵیانبستێنەوە!“ ئەوا خودا ماتومەلوولەکان ڕزگار دەکات.

٣٠تەنانەت ئەو کەسەی کە بێگەرد نییە دەربازی دەکات، بەهۆی دەستپاکییەکەت دەرباز دەبێت.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.