١ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
٢«هەروەها ئەمڕۆش سکاڵاکەم جەرگبڕە؛ لەگەڵ ناڵینم دەستی خودا لەسەرم هەر قورسە.
٣خۆزگە دەمزانی چۆن پێی بگەم؛ دەهاتمە لای نشینگەکەی!
٤بە ڕێکوپێکی کێشە دەخەمە بەردەمی، دەمم پڕ دەکەم لە بەهانە،
٥هەتا بزانم چۆن وەڵامم دەداتەوە و لەوە تێبگەم کە پێم دەڵێت.
٦ئایا بە زۆری هێز مشتومڕم لەگەڵ دەکات؟ نەخێر، بەڵکو پەلکێشی دادگام ناکات.
٧لەوێ کەسی ڕاست بەهانەی بۆ دەهێنایەوە و بۆ هەتاهەتایە لە دەست دادەورەکەم دەرباز دەبووم.
٨«بەڵام ئەگەر بەرەو ڕۆژهەڵات بچم لەوێ نییە، بەرەو ڕۆژئاواش هەستی پێ ناکەم.
٩کاتێک لە باکوور کار دەکات، بەرچاوم ناکەوێت؛ کاتێک بەرەو باشوور دەسووڕێتەوە، نایبینم.
١٠بەڵام ڕێگام دەزانێت، دوای ئەوەی تاقیم دەکاتەوە وەک زێڕ دەردەچم.
١١پێیەکانم بە هەمان هەنگاوی ئەو ڕۆیشتوون، ڕێگای ئەوم گرتەبەر و لام نەدا.
١٢لە فەرمانەکانی زمانی ئەو لام نەداوە؛ لە نانی پێویستی خۆم زیاتر قسەکانی دەمی ئەوم لە گەنجینەی دڵم هەڵگرتووە.
١٣«بەڵام ئەو تاک و تەنهایە و کێ ڕێی لێ دەگرێت؟ ئەوەی ئارەزووی لێ بێت، دەیکات.
١٤فەرزی خۆی لە دژی من جێبەجێ دەکات، پلانی وەک ئەمانەش زۆرە لەلای.
١٥لەبەر ئەوە لەبەردەمی دەتۆقم؛ سەرنج دەدەم و لێی دەترسم.
١٦خودا دڵی بێهێز کردم؛ توانادارەکە منی تۆقاند.
١٧لەگەڵ ئەوەشدا تاریکی و تەمە چڕەکەش کە ڕوخساری داپۆشیم بێدەنگم ناکات.