١ئەیوب سەرلەنوێ دەستی بە قسە کردەوە و گوتی:
٢«خۆزگەم بە مانگەکانی ڕابردوو، بەو ڕۆژانەی کە خودا منی پاراست،
٣کاتێک چراکەی خۆی لە سەرم هەڵکرد و بە ڕووناکی ئەو بەناو تاریکیدا دەڕۆیشتم!
٤خۆزگە بەو ڕۆژانەی کە لە هەڕەتی هێز و توانادا بووم، هاوڕێیەتییە گیانی بەگیانییەکەم لەگەڵ خودا چادرەکەی منی بەرەکەتدار کردبوو،
٥خودای هەرە بەتوانا هێشتا لەگەڵم بوو و منداڵەکانیشم لە چواردەورم بوون،
٦کاتێک پێیەکانم بە شیر دەشوشت، تاشەبەردیش جۆگەکانی زەیتی بۆ هەڵدەقوڵاندم.
٧«کاتێک بۆ لای دەروازەی شارەکە دەچووم و لە گۆڕەپانەکەدا دیوەخانی خۆم ئامادە دەکرد،
٨گەنجەکان کە منیان دەبینی خۆیان دەشاردەوە، پیرانیش لەبەرم هەڵدەستان و ڕادەوەستان؛
٩پیاوە گەورەکان نەیاندەویست قسە بکەن، دەستیان دەخستە سەر دەمی خۆیان؛
١٠پیاوماقوڵان دەنگیان لێ دەبڕا و زمانیان بە مەڵاشوویانەوە دەنووسا.
١١ئەوەی گوێی لێم دەبوو ستایشی دەکردم، ئەو چاوەی کە دەیبینی شایەتی بۆ دەدام،
١٢چونکە ئەو هەژارانەی کە هاواریان بۆ دەهێنام و ئەو هەتیوانەی کە بێکەس بوون ڕزگارم دەکردن.
١٣ئەوانەی لە سەرەمەرگدا بوون بەرەکەتیان دەدامێ و دڵی بێوەژنم دەهێنایە قریوە.
١٤ڕاستودروستیم لەبەر دەکرد و دەمپۆشی؛ دادپەروەری کەوا و مێزەرەکەم بوو.
١٥دەبووم بە چاو بۆ نابینایان و بە قاچ بۆ شەلان.
١٦من بۆ نەداران باوکێک دەبووم و بەرگریم لە کەسێک دەکرد کە پێی ئاشنا نەبووم.
١٧کەڵبەی ستەمکارم وردوخاش دەکرد و لەنێو ددانەکانی نێچیرم دەڕفاند.
١٨«جا گوتم: ”لەناو لانەکەی خۆم ڕۆح بەدەستەوە دەدەم و وەک لم ڕۆژگارم زۆر دەبێت.
١٩ڕەگم بەرەو ئاوەکان درێژ دەبێتەوە، بە درێژایی شەو شەونم بەسەر چڵەکانمەوە دەبێت.
٢٠شکۆمەندیم بە هەمیشەیی لەگەڵم دەبێت، کەوانەکەم لە دەستم نوێ دەبێتەوە.“
٢١«گوێیان لە من دەگرت و چاوەڕێیان دەکرد لە کاتی ڕاوێژکردنم گوێیان بۆم شل دەکرد.
٢٢لەدوای قسەکانم هیچیان لە دەم نەدەهاتە دەرەوە؛ قسەکانم دڵۆپەی بەسەریاندا کرد.
٢٣چاوەڕێیان دەکردم وەک چاوەڕێی نمە باران بکەن و دەمیان دەکردەوە وەک بۆ بارانی بەهار.
٢٤کاتێک لەگەڵیان ڕووخۆش دەبووم، باوەڕیان نەدەکرد؛ کاتێک ڕەزامەندیم پیشان دەدا، چاوەڕێی ئەوەیان نەدەکرد.
٢٥ڕێگام بۆیان هەڵدەبژارد و وەک سەرۆک دادەنیشتم؛ وەک پاشایەک لەناو سوپا نیشتەجێ دەبووم، وەک ئەوەی دڵنەوایی شیوەنگێڕان دەداتەوە.