١«بەڵام ئێستا ئەوانەی لە من منداڵترن گاڵتەم پێ دەکەن، ئەوانەی بێزم نەدەهات باوکیان لەگەڵ سەگەکانی ناو ڕانەکەم دابنێم.
٢دەبێت هێزی دەستیان چ سوودێکی بۆ من هەبێت؟ لەبەر ئەوەی سست بوون و لە کەڵک کەوتوون.
٣لە دەستکورتی و لە برسیێتیدا لەڕ بوون؛ بە شەو بەناو زەوی وشکدا دەگەڕان، کە وێران و کاول بوون.
٤ئەوانەی وشترالووک و گەڵایان لە دەوەنەکانەوە دەهێنا، ڕەگی دار گەز خۆراکیان بوو.
٥لەنێو کۆمەڵەی خەڵک دەردەکران، هاواریان بەسەردا دەکردن وەک بەسەر دزدا هاوار بکەن.
٦لەناو دۆڵە وشکەکان نیشتەجێ بوون، لە ئەشکەوت و لەناو تاشەبەردەکان.
٧لەنێو دەوەنەکان زەڕین و لەژێر گەزگەزەکان خۆیان مات کرد.
٨نەوەی گێلی، هەروەها نەوەی ئەوانەی بێ ناو بوون، لە خاکەکە تێهەڵدراون.
٩«بەڵام ئێستا ئەو گەنجانە بە گۆرانی گاڵتەم پێ دەکەن؛ پەندم بەسەردا دەڵێن.
١٠قێزم لێ دەکەنەوە، دوورەپەرێزیم لێ دەگرن؛ لە تفەکانیان ڕووی من ناپارێزن.
١١خودا پەتی کەوانەکەی منی بەرداوە و منی چەماندووەتەوە، جڵەوی لغاوەکەم بەدەستیانەوەیە،
١٢لەلای ڕاستم گەنجە لاسارەکان هێرش دەکەنە سەرم، پاشقولم لێ دەگرن و سەنگەر لە دژی من لێ دەدەن.
١٣ڕێگاکانم لێ تێکدەدەن، بۆ ژێرکەوتنم هاوکاری یەکتر دەکەن، کەس نییە پشتگیری من بکات.
١٤ئەوان دێن هەروەک لە کەلێنێکی فراوانەوە بێن، لەژێر وێرانیەوە خلۆر دەبنەوە.
١٥نەهامەتی بەسەرمدا وەرگەڕا، هەروەکو با ڕێزی منی برد، ئاسوودەییم وەک هەور تێپەڕی.
١٦«بە هێواشی ژیانم بەرە و کۆتایی دەچێت، کەوتمە ڕۆژانی زەلیلییەوە.
١٧شەوگار ئێسکەکانم لەناومدا کلۆر دەکات، ئازارەکانم پشوو نادەن.
١٨خودا بە زۆری هێزەکەی منی بە جلەکانم گرت و شێوەی گۆڕیم، وەک یەخەی کراسەکەم، منی پێچایەوە.
١٩فڕێیدامە ناو قوڕەوە، ڕەنگی خۆڵ و خۆڵەمێشم لێ نیشت.
٢٠«ئەی خودا هاوارت بۆ دەهێنم و وەڵامم نادەیتەوە؛ ڕادەوەستم و ئاوڕم لێ نادەیتەوە.
٢١لەگەڵ مندا توند دەجوڵێیتەوە، بە توانای دەستەکانت دژایەتیم دەکەیت.
٢٢دەمڕفێنیت و دەمدەیتە دەست ڕەشەبا؛ فڕێمدەدەیتە ناو زریانەوە.
٢٣دەزانم بۆ مردن دەمگەڕێنیتەوە، بۆ ماڵی چاوەڕوانکراوی هەموو زیندووێک.
٢٤«بێگومان کەس دەستدرێژی ناکاتە سەر مرۆڤێکی تێکشکاو، کاتێک لە تەنگانەیدا هاوار دەکات.
٢٥ئایا بۆ لێقەوماوان نەگریام؟ ئایا بۆ نەدار گیانم خەمبار نەبوو؟
٢٦لەگەڵ ئەوەشدا، کە ئاواتەخوازی چاکە بووم، خراپە هات؛ چاوەڕوانی ڕووناکی بووم، تاریکی هات.
٢٧هەناوم گڕی گرتووە و ناوەستێت، ڕۆژانی زەلیلی بەرەوپیرم دێن.
٢٨ڕەش هەڵگەڕام بەڵام بەبێ خۆر؛ لەناو کۆمەڵ هەستام هاوارم کرد.
٢٩بووم بە برای چەقەڵەکان و هاوڕێی کوندەپەپووەکان.
٣٠پێستم ڕەش و هەڵوەری لەبەرم، لەشم لەبەر تایەکی توند دەسووتێت.
٣١قیسارەکەم بۆ لاوانەوەیە و شمشاڵەکەم بۆ دەنگی گریاوەکانە.