١«پەیمانم لەگەڵ چاوەکانم بەست، ئیتر چۆن تەماشای پاکیزەیەک بکەم؟
٢بەشی ئێمە لە خودا لە سەرەوە چییە، چ میراتێکمان هەیە لە توانادارەکەی ئاسمان؟
٣ئایا کارەسات بۆ بەدکار و بەڵا بۆ خراپەکار نییە؟
٤ئایا ئەو تەماشای ڕێگای من ناکات و هەموو هەنگاوەکانم ناژمێرێت؟
٥«ئەگەر لەگەڵ درۆ ملی ڕێم گرتبێتەبەر یان پێیەکانم پەلەیان کردبێت بەرەو فێڵ،
٦با خودا لە تەرازووی ڕاستودروستیدا بمکێشێت و بزانێت کە کەموکوڕیم نییە.
٧ئەگەر هەنگاوەکانم لە ڕێچکە لایانداوە، ئەگەر دڵم بەدوای چاوم کەوتووە، یان ئەگەر کردەوەکانم دەستەکانی منیان گڵاو کردووە،
٨ئەوا ئەوەی من چاندم با کەسانی دیکە بیخۆن، با لقەکانم ڕیشەکێش بکرێن.
٩«ئەگەر دڵم بەلای ژنێکدا فریوی خواردووە، یان لە بەردەرگای دراوسێکەم بۆسەم داناوە،
١٠با ژنەکەم دانەوێڵەی پیاوێکی دیکە بهاڕێت و با خەڵکانی دیکە بەسەریدا بچەمێنەوە.
١١لەبەر ئەوەی ئەمە بێ ناموسییە، تاوانە و پێویستە دادگایی بکرێت.
١٢ئاگرێکە هەتا لەناوچوون دەخوات و هەموو دروێنەکەم ڕیشەکێش دەکات.
١٣«ئەگەر مافی خزمەتکار و کارەکەرەکەم ڕەت کردووەتەوە کاتێک لە دژی من سکاڵایان کردووە،
١٤ئەو کاتە چی بکەم لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەم لەگەڵ خودا؟ ئەگەر لێکۆڵینەوەم لەگەڵ بکرێت بە چی وەڵامی بدەمەوە؟
١٥ئایا دروستکەری من لە سکدا دروستکەری ئەوانیش نییە؟ ئایا شێوەکێشمان لە سکی دایک یەک نییە؟
١٦«ئەگەر هەژارانم لە مرازی خۆیان قەدەغە کردبێت یان چاوی بێوەژنم فەوتاندبێت،
١٧یان پارووەکەی خۆم بە تەنها خواردبێت، کە هەتیو لێی نەخواردبێت،
١٨بەڵام لە گەنجیمەوە وەک باوک بە هەتیوی بەخێوم کردووە و لە سکی دایکمەوە ڕێنمایی بێوەژنم کردووە.
١٩ئەگەر فەوتاوێکم بینیبێت لەبەر نەبوونی جل یان نەدارێکی بێ بەرگ،
٢٠کە بە کەوڵی مەڕەکەم خۆیان گەرم نەکردووەتەوە ئیتر لە دڵیانەوە داوای بەرەکەتیان بۆ نەکردووم،
٢١ئەگەر پەیوەندیم لەگەڵ کاربەدەستانم بەکارهێناوە بۆ ئەوەی دەستدرێژی بکەمە سەر هەتیو،
٢٢با شانم لە ئەستۆم بەربێتەوە و با قۆڵم لە جومگەکەیەوە بشکێت.
٢٣لەبەر ئەوەی کارەسات لە خوداوە بەلامەوە تۆقێنەرە و لە ترسی شکۆیەکەی نەمتوانی شتی وا بکەم.
٢٤«ئەگەر پشتم بە زێڕی خۆم بەستووە و ئەگەر بە زێڕی بێگەردم گوت: ”تۆ پاڵپشتی منی،“
٢٥ئەگەر دڵخۆش بووم کە سامانەکەم زۆر بوو و لەبەر ئەوەی زۆریان بەدەستهێناوە،
٢٦ئەگەر تەماشای ڕووناکی خۆرم کردووە کاتێک درەوشاوەتەوە، یان مانگ کاتێک بە جوانییەوە دەڕوات
٢٧تاوەکو دڵم بە نهێنی فریودراو و دەستم دەمی داپۆشی،
٢٨ئەوا ئەمانەش تاوان دەبن و دەدرێن بە دادگا، چونکە ئەگەر شتی وام بکردایە ناپاک دەبووم بەرامبەر بە خودا لە سەرەوە.
٢٩«ئەگەر بە بەڵای ناحەزەکەم دڵخۆش بووم یان بزەم گرت کە تووشی خراپە بوو،
٣٠بەڵکو نەمهێشت مەڵاشووم گوناه بکات بەوەی کە بە نەفرەتەوە داوای ژیانی ئەو بکات؛
٣١ئەگەر کەسانی ناو چادرەکەم هەرگیز نەیانگوتایە، ”کێ یەکێک دەهێنێت لە خواردنەکەی ئەیوب تێری نەخواردبێت؟“
٣٢ئاوارەیەک لە دەرەوە شەوی بەسەرنەبرد، دەرگای ماڵەکەم بۆ ڕێبوار کردەوە.
٣٣ئەگەر وەک خەڵکی دیکە یاخیبوونی خۆم داپۆشیوە، بە شاردنەوەی تاوانەکانم لە باوەشی خۆم،
٣٤بەهۆی ئەوەی لە قسەی خەڵک ترساوم، لە سووکایەتی پێکردنی خێڵەکان تۆقیوم، لەبەر ئەوەیە کە بێدەنگم و لە ماڵەوە دانیشتووم.
٣٥«خۆزگە یەکێک دەبوو گوێی لێم دەگرت! ئەوەتا مۆری من، با خودای هەرە بەتوانا وەڵامم پێ بداتەوە؛ ئەوەی سکاڵا لە من دەکات با سکاڵانامەکەی پێشکەش بکات.
٣٦بێگومان لەسەر شانم هەڵمدەگرت، دەمبەست وەک تاج بەسەرمەوە.
٣٧ژمارەی هەنگاوەکانی خۆم پێی دەگوت، پێشکەشیشم دەکرد وەک بۆ فەرمانڕەوایەک.
٣٨«ئەگەر زەوییەکەم هاواری کردووە لە دژی من و هەموو هێڵی جووتەکانی بە فرمێسک تەڕ دەبێت،
٣٩ئەگەر بەروبوومەکەی ئەوم بەبێ پارە خواردووە یان گیانی کرێچییەکانیم کوژاندووەتەوە،
٤٠با لە جێی گەنم دڕک بڕووێت و لە جێی جۆ زیوان.» وشەکانی ئەیوب تەواو بوون.