١ئیتر ئەو سێ پیاوە وازیان لە وەڵامدانەوەی ئەیوب هێنا، چونکە ئەو خۆی بە ڕاست دەزانی.
٢بەڵام ئەلیهوی کوڕی بەرەخێلی بووزی لە هۆزی ڕام لە ئەیوب تووڕە بوو. تووڕەیی جۆشا، چونکە ئەیوب خۆی بە بێتاوان دادەنا و گلەیی لە خودا دەکرد.
٣لە سێ هاوڕێکەشی تووڕە بوو، چونکە لەگەڵ ئەوەی نەیاندەتوانی بە هیچ شێوەیەک بەرپەرچی ئەیوب بدەنەوە، ئەیوبیان تاوانبار کرد.
٤ئەلیهوش لەسەر ئەیوب ئارامی گرت، چونکە ئەوان لەو بە تەمەنتر بوون.
٥کاتێک ئەلیهو بینی هیچ وەڵامێک لە دەمی ئەو سێ پیاوەدا نییە، تووڕە بوو.
٦ئیتر ئەلیهوی کوڕی بەرەخێلی بووزی وەڵامی دایەوە: «من تەمەنم کەمە و ئێوەش پیرن؛ لەبەر ئەوە نەوێرام و ترسام بیروڕای خۆمتان پێ بڵێم.
٧گوتم: ”با تەمەن قسە بکات و با زۆری ساڵان دانایی ڕابگەیەنن.“
٨بەڵام ڕۆحی مرۆڤ هەناسەی خودای هەرە بەتوانایە، ئەوە کە تێگەیشتن بە مرۆڤ دەبەخشێت.
٩تەنها ئەوانەی تەمەن درێژن دانا نین و تەنها پیران نین کە لە دادوەری تێدەگەن.
١٠«لەبەر ئەوە دەڵێم: گوێم لێ بگرن؛ منیش بیروڕای خۆم ڕادەگەیەنم.
١١ئەوەتا من ئارامم گرت لەسەر قسەکانتان، گوێم شل کرد بۆ بەهانەکانتان؛ هەتا قسەکانتان تاقی کردەوە
١٢لێتان وردبوومەوە. بەڵام کەستان بەڵگەتان لە دژی بەهانەی ئەیوب نەهێنایەوە و وەڵامی بەهانەکانی ئەوتان نەدایەوە.
١٣لەبەر ئەوە مەڵێن: ”داناییمان دۆزییەوە؛ با خودا بەرپەرچی ئەیوب بداتەوە، نەک مرۆڤ.“
١٤ئەیوب قسەکانی ئاراستەی من نەکردووە و منیش بە قسەکانی ئێوە وەڵامی نادەمەوە.
١٥«واقیان وڕماوە و هیچ وەڵامیش نادەنەوە؛ قسەیان لێ داماڵرا.
١٦ئێستا کە بێدەنگن، ئایا دەبێت چاوەڕێ بکەم، کە لەوێ ڕادەوەستن بەبێ وەڵام؟
١٧ئێستا منیش بەشی خۆم وەڵام دەدەمەوە؛ منیش بیروڕای خۆم ڕادەگەیەنم،
١٨چونکە پڕم لە قسەکردن و ڕۆحی ناخم تەنگاوم دەکات؛
١٩ئەوەتا ناخم وەک شەرابێکە سەرەکەی نەکرابێتەوە، وەک مەشکەیەکی نوێیە خەریکە بدڕێت.
٢٠قسە دەکەم با ئاهێکم بەبەردا بێتەوە؛ لێوەکانم دەکەمەوە و وەڵام دەدەمەوە.
٢١لایەنگری کەس ناکەم و مەرایی هیچ کەسێکیش ناکەم؛
٢٢چونکە زمانلووسی نازانم جارێ دروستکەرەکەم نامبات.