١«بەڵام ئەی ئەیوب، ئێستا گوێ لە قسەکانم بگرە! گوێ شل بکە بۆ هەموو وشەکانم.
٢ئەوەتا من دەمم کردەوە؛ قسەکانم لەسەر زمانی منن.
٣قسەکانم لە دڵی پاکمەوەن؛ زمانیشم بە دڵسۆزییەوە ئەوە دەردەبڕێت کە دەیزانم.
٤ڕۆحی خودا دروستی کردم، هەناسەی توانادارەکە ژیانی پێ بەخشیم.
٥ئەگەر دەتوانیت، وەڵامم بدەوە و هەستە سەرپێ و کێشەکەت بخەرە بەردەمم.
٦لەبەرچاوی خودا منیش هەروەکو تۆم، لە قوڕ دروستکراوم.
٧ناشێت شەوکەتم بتترسێنێت و زۆرکردنم لێت بارت گران بکات.
٨«تۆ لەبەردەمم گوتت، من بە وردی گوێم لێت بوو،
٩گوتت: ”من بێتاوانم بەبێ یاخیبوون، بێگەردم و تاوانم نییە.
١٠لەگەڵ ئەوەشدا خودا دەگەڕێت هەڵەم لێ بدۆزێتەوە و بە دوژمنی خۆی دامدەنێت.
١١پێیەکانمی لەناو کۆت داناوە؛ چاودێری هەموو ڕێگاکانم دەکات.“
١٢«بەڵام پێتان دەڵێم، لەمەدا ڕاست ناکەیت، چونکە خودا لە مرۆڤ مەزنترە.
١٣بۆچی سکاڵای لێ دەکەیت: ”وەڵامی هیچ کام لە وشەکانی مرۆڤ ناداتەوە؟“
١٤بە ڕاستی خودا هەرجارەو بە ڕێگایەک دەدوێت، کەس ڕامانی ئەوە ناکات.
١٥لە خەون، لە بینینی شەودا، کاتێک هەموو خەڵک خەوی قورسیان لێدەکەوێت لە کاتی خەواڵووبوون لەناو جێگا،
١٦ئەو کاتە گوێی خەڵک دەکاتەوە و بە ئاگادارکردنەوەکانی دەیانتۆقێنێت،
١٧تاکو لە خراپەکردن بیانگەڕێنێتەوە و لە لووتبەرزیش بیانپارێزێت،
١٨هەتا لە کەوتنە ناو گۆڕ ڕزگاریان بکات، ژیانیشیان لە لەناوچوون بە شمشێر.
١٩«یان ئەگەر کەسێکی هەبێت لەناو جێگاکەی بە ئازار تەمبێ بکرێت و ململانێی ئێسکەکانیشی بەردەوامە،
٢٠ئەو کاتە گیانی ڕقی لە نان دەبێتەوە و نەوسیشی لە خواردنی خۆش.
٢١گۆشتیان وا دەفەوتێت کە ئیتر نەبینرێت، ئێسکەکانیشیان کە شاردرابوونەوە ئێستا دیارن.
٢٢گیانیان لە گۆڕ نزیک دەبنەوە، ژیانیشیان لە فریشتەی مەرگ.
٢٣لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر لەلایان نێردراوێک هەبێت، پەیوەندی ڕێکخەرێک، یەک لە هەزار تاکو ڕاستودروستی بە مرۆڤ بناسێنێت،
٢٤لەگەڵ ئەو کەسە میهرەبان دەبێت و بە خودا دەڵێت: ”بیانگەڕێنەوە با نەکەونە گۆڕ؛ کڕینەوەی ژیانی ئەوانم بۆ دۆزینەوە.
٢٥با گۆشتیان لە گۆشتی منداڵ ناسکتر بێت؛ با ڕۆژانی گەنجیێتییان بگەڕێتەوە.“
٢٦ئەو کاتە ئەوانە داوا لە خودا دەکەن و لێیان ڕازی دەبێت، بە هاواری خۆشییەوە ڕووی خودا دەبینن، ئەویش پاداشتی ڕاستودروستی مرۆڤ دەداتەوە.
٢٧دەچن بۆ لای کەسانی دیکە و دەڵێن: ”گوناهم کرد و ڕاستیم خواروخێچ کرد، بەڵام سزا نەدرام لەسەری.
٢٨خودا منی کڕییەوە لە جیهانی مردووان، ئیتر ژیانم ڕووناکی دەبینێت.“
٢٩«خودا هەموو ئەمانە دەکات، دوو جار و سێ جار لەگەڵ مرۆڤ،
٣٠بۆ ئەوەی بیانگەڕێنێتەوە لە کەوتنی ناو گۆڕ و تاوەکو بە ڕووناکی زیندووان ڕووناک بێتەوە.
٣١«جا گوێ شل بکە و گوێم لێ بگرە ئەیوب! بێدەنگ بە من قسە دەکەم.
٣٢ئەگەر قسەت لەلایە وەڵامم بدەوە، قسە بکە! چونکە دەمەوێت ئەستۆپاکت بکەم.
٣٣ئەگەر نا، تۆ گوێم لێ بگرە؛ بێدەنگ بە فێری داناییت دەکەم.»