١ئیتر ئەلیهو گوتی:
٢«گوێ لە قسەکانم بگرن دانایان، گوێم بۆ شل بکەن، ئەی ئەوانەی دەزانن،
٣چونکە گوێ قسە تاقی دەکاتەوە وەک چۆن مەڵاشوو خواردن تام دەکات.
٤با بۆ خۆمان دادگەری تاقی بکەینەوە و لەنێو خۆمان بزانین چی باشە.
٥«ئەیوب گوتی: ”من ڕاستودروست بووم، بەڵام خودا مافی منی داماڵی.
٦لە کاتی دادگاییم بە درۆ دەخرێمەوە و برینەکەم ساڕێژ نابێت لەگەڵ ئەوەی بێ یاخیبوونم.“
٧چ پیاوێک وەک ئەیوبە؟ سووکایەتیکردن وەک ئاو دەخواتەوە و
٨پێکەوە لەگەڵ بەدکاران ملی ڕێ دەگرێت و لەگەڵ خراپەکاران دەڕوات؟
٩لەبەر ئەوەی گوتی: ”سوودی نییە بۆ مرۆڤ جێی ڕەزامەندی بێت لەلای خودا.“
١٠«لەبەر ئەوە گوێم لێ بگرن، ئەی تێگەیشتووان. خراپە لە یەزدان بە دوورە و ستەمیش لە خودای هەرە بەتوانا،
١١چونکە مرۆڤ بەگوێرەی کردەوەکانی پاداشت دەداتەوە و پیاویش بەپێی ڕێگاکەی تووش دەکات.
١٢جا بە ڕاستی خودا خراپە ناکات، توانادارەکەش دادپەروەری خوار ناکاتەوە.
١٣کێ کردی بە لێپرسراو لەسەر زەوی و کێ لەسەر هەموو جیهان داینا؟
١٤ئەگەر بیخاتە دڵی خۆیەوە ڕۆح و هەناسەی بۆ خۆی کۆبکاتەوە،
١٥هەموو مرۆڤ پێکەوە ڕۆح بەدەستەوە دەدەن و مرۆڤ بۆ خۆڵ دەگەڕێتەوە.
١٦«ئەگەر تێگەیشتنت هەیە، ئەمە ببیستە و بۆ دەنگی وشەکانم گوێ شل بکە.
١٧ئایا ئەوەی ڕقی لە دادپەروەرییە دەتوانێت فەرمانڕەوایەتی بکات؟ یان ئەوەی ڕاستودروست و مەزنە تاوانباری دەکەیت؟
١٨ئایا خودا نییە کە بە پاشا دەفەرموێت: ”ئەی هیچوپووچ!“ یان بە پیاوماقوڵان: ”ئەی خراپەکاران!“
١٩ئایا خودا نییە ئەوەی لایەنگری میران ناکات و دەوڵەمەند لە هەژار بە زیاتر دانانێت، چونکە هەمووان کاری دەستی ئەون؟
٢٠لەناکاو دەمرن، لە نیوەشەودا؛ گەل دەهەژێن و بەسەردەچن؛ بەهێزەکان دادەماڵرێن، بەڵام نەک بە دەستی مرۆڤ.
٢١«چاوەکانی لەسەر ڕێگاکانی مرۆڤە؛ ئەو هەموو هەنگاوەکانی دەبینێت.
٢٢نە تاریکی هەیە و نە سێبەری مەرگ، کە بەدکاران بتوانن خۆیانی تێدا بشارنەوە.
٢٣پێویست ناکات خودا زیاتر لێکۆڵینەوە لەگەڵ مرۆڤ بکات، هەتا بێتە بەردەمی بۆ دادگاییکردن.
٢٤دلێران بەبێ پشکنین تێکدەشکێنێت و خەڵکی دیکە لە جێیان دادەنێت.
٢٥لەبەر ئەوەی تێبینی کردەوەکانیان دەکات، بە شەو سەرەوژێریان دەکات و وردوخاش دەبن.
٢٦لەبەر ئەوەی خراپەکارن لەبەرچاوی بینەران سزایان دەدات،
٢٧چونکە لەدوای ئەو لایاندا و لە هیچ یەکێک لە ڕێگاکانی ئەو وردنەبوونەوە،
٢٨بەم جۆرەیان کرد هاواری هەژار پێی بگات، بەم شێوەیە گوێی لە قیژەی زەلیلان بوو.
٢٩بەڵام ئەگەر بێدەنگ بێت، کێ هەیە تاوانباری بکات؟ ئەگەر ڕووی خۆی بشارێتەوە، کێ دەیبینێت؟ لەگەڵ ئەوەشدا فەرمانڕەوایەتی نەتەوە و تاکە کەسیش دەکات
٣٠بۆ ئەوەی خوانەناس پاشایەتی نەکات و نەبێت بە تەڵە بۆ گەل.
٣١«ئەگەر بە خودا بگوترێت: ”من تاوانبارم بەڵام ئیتر گەندەڵی ناکەم،
٣٢ئەوەی نەمبینیوە تۆ پیشانی منی بدە، ئەگەر خراپەم کردووە، چیتر نایکەمەوە؟“
٣٣ئایا دەبێت خودا بەگوێرەی ئەوەی تۆ پێت باشە پاداشتت بداتەوە، لە کاتێکدا کە تۆ ئامادە نیت تۆبە بکەیت؟ تۆ هەڵدەبژێریت نەک من، ئەوەی دەیزانیت دەیڵێیت.
٣٤«تێگەیشتووان پێم دەڵێن، ئەو پیاوە دانایانەی گوێیان لێمە دەڵێن:
٣٥”ئەیوب بەبێ زانین قسە دەکات و قسەکانی بەبێ وریاین.“
٣٦خۆزگە ئەیوب هەتاسەر تاقی دەکرایەوە لەبەر وەڵامەکانی وەک بەدکاران!
٣٧یاخیبوونی بۆ سەر گوناهەکەی زیاد کرد؛ بە گاڵتەپێکردنەوە چەپڵە لێدەدات و زیادەڕۆیی لەسەر خودا دەکات.»