کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئەیوب

ئەیوب ٣٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەلیهوش بەردەوام بوو و گوتی:

٢«ئایا ئەمە بە ڕاست دادەنێیت؟ گوتت: ”ڕاستییەکەی لای منە، نەک لای خودا.“

٣لەگەڵ ئەوەشدا لێی دەپرسیت: ”چ سوودێکی بۆم هەیە، قازانجی چیم کرد لە نەکردنی گوناه؟“

٤«من حەز دەکەم وەڵامی تۆ بدەمەوە، وەڵامی تۆ و هاوڕێیەکانیشت دەدەمەوە.

٥تەماشای ئاسمان بکە و ببینە، تێبینی هەورەکان بکە لە تۆ بەرزترن.

٦ئەگەر گوناهە بکەیت چیت لێکردووە و ئەگەر یاخیبوونەکانت زۆر بکەیت چیت پێکردووە؟

٧ئەگەر ڕاستودروست بیت چیت پێیداوە، یان چی لە دەستت وەردەگرێت؟

٨خراپەکەت بۆ مرۆڤێک دەبێت کە وەک خۆتە و ڕاستودروستیشت بۆ ئادەمیزادە.

٩«خەڵک لەتاوی زۆرداری هاوار دەکەن، لەبەر ستەمکاران هاواری فریاکەوتن دەکەن.

١٠ناڵێن: ”کوا خودای بەدیهێنەرم، ئەوەی لە شەودا زەبوور دەدات،

١١ئەوەی فێرمان دەکات زیاتر لە ئاژەڵەکانی زەوی و لە باڵندەکانی ئاسمان داناترمان دەکات؟“

١٢کاتێک خەڵک لە دەست لووتبەرزی خراپەکاران هاوار دەکەن، وەڵام ناداتەوە.

١٣خودا گوێ لە داواکاری پووچیان ناگرێت، توانادارەکە تەماشای ناکات.

١٤ئیتر چۆن گوێ لە تۆ بگرێت ئەگەر بڵێیت کە نایبینیت، داواکارییەکەت لەبەردەمیەتی و دەبێت چاوەڕێی ئەو بکەیت،

١٥هەروەها تووڕەییەکەی هەرگیز سزا نادات و گوێ نادات بە زۆری خراپەکاری.

١٦بەم جۆرە ئەیوب لە هیچ دەمی کردووەتەوە و بەبێ زانین قسەی زل دەکات.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.