کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئەیوب

ئەیوب ٣٦

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١دیسان ئەلیهو گوتی:

٢«تۆزێک ئارامم لەگەڵ بگرە جا پێتی نیشان دەدەم کە هێشتا قسە هەیە لەبەر خودا بگوترێت.

٣زانینم لە دوورەوە هەڵدەگرم و ڕاستودروستی دەدەمە پاڵ دروستکەرەکەم.

٤بەڕاستی قسەکانم درۆ نین، ئەو کەسەی زانیاری تەواوە لەلای تۆیە.

٥«خودا مەزنە و بە چاوی سووک تەماشای کەس ناکات، گەورەیە و ئامانجەکەی چەسپاوە.

٦خراپەکار ناژیێنێت و مافی زەلیلان دەدات.

٧چاوەکانی لەسەر کەسی ڕاستودروست لا نادات، بەڵکو لەگەڵ پاشایان لەسەر تەخت دایاندەنیشێنێت و هەتاسەر پایەداریان دەکات.

٨ئەگەر بە زنجیر ببەسترێنەوە، ئەگەر بە پەتی زەلیلی ببردرێن،

٩کردەوە و یاخیبوونەکانی خۆیانیان بۆ دەردەخات، چونکە لووتبەرز بوون.

١٠گوێیەکانیان بۆ ئاگادارکردنەوە دەکاتەوە و فەرمانیان پێ دەکات لە خراپەکانیان تۆبە بکەن.

١١ئەگەر گوێ بگرن و بیپەرستن، ڕۆژگاریان بە باشە و ساڵانیان بە خۆشی بەسەردەبەن.

١٢ئەگەر گوێش نەگرن، بە شمشێر لەناودەچن و بە نەزانی دەمرن.

١٣«خوانەناسان تووڕەیی کۆدەکەنەوە، تەنانەت کاتێک دەیانبەستێتەوە هاواری فریاکەوتن ناکەن.

١٤لەنێو پیاوە لەشفرۆشەکانی نزرگەکان لە گەنجیێتیدا دەمرن.

١٥بەڵام فریای کڵۆڵ دەکەوێت لە زەلیلییەکەی و لە کاتی تەنگانە گوێیان دەکاتەوە.

١٦«هەروەها لە ڕووی تەنگانە پاڵت پێوە دەنێت بەرەو شوێنێکی پانوبەرین و بێ بەربەست و سەر خوانەکەت پڕ دەبێت لە خواردنی بەتام.

١٧بەڵام ئێستا ئەو حوکمدانەی کە بۆ خراپەکارە بەسەر تۆدا درا، حوکمدان و دادپەروەری دەتگرن.

١٨ئاگاداربە دەوڵەمەندی پەلکێشت نەکات، زۆری بەرتیل بەڕەڵات ناکات.

١٩ئایا دەوڵەمەندیت بۆ فریاکەوتن لە تەنگانە دەتپارێزێت یان هەموو ئەو کۆششکردنە لە تواناتدایە؟

٢٠تامەزرۆی شەو مەبە، هەتا خەڵک لە ماڵەکانیان ڕابکێشیت.

٢١ئاگاداربە! ئاوڕ لە خراپە مەدەوە، چونکە ئەمەت هەڵبژارد نەک زەلیلی.

٢٢«خودا بە توانای خۆی پایەبەرزە. کێ وەک ئەو مامۆستایە؟

٢٣کێ ڕێگای ئەوی بەسەردا سەپاندووە؟ یان کێ پێی دەڵێت: ”خراپەت کردووە؟“

٢٤لەبیرت بێت کە کارەکەی بە مەزن بزانیت، کە خەڵکی گۆرانی بەسەردا دەڵێن.

٢٥هەموو مرۆڤ دەیبینێت؛ خەڵکی لە دوورەوە تەماشای دەکەن.

٢٦خودا چەند مەزنە و ئێمەش نایناسین و ژمارەی ساڵەکانی ناپشکێنرێن.

٢٧«دڵۆپەکانی ئاو ڕادەکێشێت، دەیانکات بە هەور پاشان دەیانبارێنێت؛

٢٨لە هەورەکانەوە بارانێکی زۆر بەسەر ئادەمیزاد دەڕژێنێت.

٢٩ئایا کەس تێدەگات چۆن هەورەکان پەرت دەکات یان چۆن لە کەپرەکەیەوە هەورەتریشقە دەنێرێت؟

٣٠ببینە بروسکەی خۆی بەسەر خۆیدا پەرتوبڵاو دەکات و قووڵایی دەریا دادەپۆشێت،

٣١چونکە بەمە حوکمڕانی گەلان دەکات و بە پڕی خواردن دەدات.

٣٢بە دەستەکانی بروسکە دەگرێت و فەرمانی پێدەدات لە دوژمن بدات.

٣٣گرمەکەی ڕایدەگەیەنێت، مەڕوماڵاتیش بە هاتنی دەزانن.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.