کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئەیوب

ئەیوب ٣٧

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١«لەبەر ئەمە دڵم خورپە دەکات و لە جێی خۆی دەست دەکات بە کوتان.

٢بۆ نەڕەی دەنگەکەی و گرمەگرمی دەمی گوێ شل بکە!

٣لەژێر هەموو ئاسمان هەتا ئەوپەڕی زەوی، بە بروسکەکەی دەردەبڕێت.

٤لەدوای ئەوەش هەر دەنگی نەڕەکەی دێت، بە دەنگی پڕ شانازییەکەی دەگرمێنێت. کاتێک دەنگ دەداتەوە بروسکەکەی ڕاناگرێت.

٥خودا بە دەنگێکی سەرسوڕهێنەر دەگرمێنێت؛ کاری مەزنی وا دەکات کە ئێمە تێیناگەین.

٦بە بەفر دەفەرموێت: ”بکەوە سەر زەوی،“ هەروەها بە تاوە باران دەفەرموێت: ”بە لێزمە ببارێ.“

٧مۆر لە دەستی هەموو مرۆڤێک دەدات، بۆ ئەوەی هەموو خەڵکی دروستکەری خۆیان بناسن.

٨گیانلەبەران دەچنە ناو لانەکانی خۆیانەوە و لەناو کونەکانی خۆیان دەمێننەوە.

٩لە باشوورەوە ڕەشەبا دێت و لە باکووریشەوە سەرما.

١٠لە هەناسەی خوداوە بەستەڵەک پەیدا دەبێت و سەر ڕووی ئاوەکان دەبنە سەهۆڵ.

١١هەروەها هەورەکان بە شێ بار دەکات؛ بروسکەکەی بەناو هەورەکاندا پەرت دەکات.

١٢بەگوێرەی خواستی ئەو لەسەر ڕووی زەوی ئاوەدان دەگەڕێن هەتا هەموو ئەوە بکات کە فەرمانی پێ دەکرێت.

١٣هەورەکان دەهێنێت بۆ تەمبێکردنی خەڵک، یان بۆ ئەوەی ئاو بداتە زەوییەکەی و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی پیشان بدات.

١٤«ئەیوب گوێ بۆ ئەمە شل بکە! هەستە و لە پەرجووەکانی خودا وردبەرەوە.

١٥ئایا دەزانیت خودا چۆن فەرمان بە هەورەکان دەکات، یان درەوشانەوەی هەورە بروسکەکەی چۆنە؟

١٦ئایا دەزانیت چۆن هەورەکان بە ئاسمانەوە وەستاون، ئایا کارە سەرسوڕهێنەرەکانی خودا دەزانیت ئەوەی کە زانیاری تەواوە؟

١٧ئەی ئەوەی لەناو جلوبەرگەکەت گەرما دەتخوات بە کپبوونی زەوی بە بای باشوور،

١٨ئایا دەتوانیت هاوکاری ئەو بکەیت ئاسمان بڵاو بکەیتەوە، کە وەک ئاوێنەیەکی لە بڕۆنز داڕێژراو ڕەقە؟

١٩«پێمان بڵێ کە چی پێ بڵێین؛ لەبەر ئەوەی ئێمە لە تاریکیداین ناتوانین داواکارییەکەمان ئامادە بکەین.

٢٠ئایا دەبێت پێی بگوترێت کە من دەمەوێ قسە بکەم؟ ئایا مرۆڤ قسە دەکات بۆ ئەوەی خۆی بە قووتدان بدات؟

٢١ئێستاش کەس ناتوانێت تەماشای خۆر بکات کە لە ئاسماندا دەدرەوشێتەوە دوای ئەوەی با هەڵیکرد و ئاسمانی بێگەرد کرد.

٢٢لە باکوورەوە بە شکۆمەندییەکی زێڕین دێت، خودای شکۆدار و سامناک دێت.

٢٣ئێمە پەی بە خودای هەرە بەتوانای باڵادەست نابەین، کە لەبەر دادپەروەرییە مەزنەکەی و ڕاستودروستییە زۆرەکەی ستەم ناکات.

٢٤لەبەر ئەمە خەڵکی لێی دەترسن، چونکە ئاوڕ دەداتەوە لەوانەی کە بە دڵیان دانان.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.