کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئەیوب

ئەیوب ٣٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١«ئایا دەزانیت کەی بزنە کێوییەکان دەزێن؟ یان تێبینیت کردووە ئەو کاتەی کە ئاسک ژان دەیگرێت؟

٢ئایا مانگەکانی ئاوسبوونی دەژمێریت یان کاتی زاوزێکردنیان دەزانیت؟

٣چۆک دادەدەن و پاڵ بە ئازارەکانیانەوە دەنێن و بەچکەکانیان دەبێت.

٤بەچکەکانیان لە چۆڵەوانی بەهێز و گەورە دەبن؛ دەڕۆن و ئیتر ناگەڕێنەوە لایان.

٥«کێ کەرەکێوی بەڕەڵا کرد و مێخ زنجیری ئەو کێوییەی کردەوە؟

٦ئەوەی چۆڵەوانیم کرد بە ماڵی و خوێڵێنم کردە ژینگەی.

٧بە دەنگەدەنگی شار پێدەکەنێت، گوێی لە هاواری لێخوڕ نابێت.

٨لە چیاکاندا بەدوای لەوەڕگادا دەگەڕێت، بۆ دۆزینەوەی هەموو سەوزاییەک.

٩«ئایا گای کێوی ڕازی دەبێت خزمەتت بکات یان بە شەو لەلای ئاخوڕەکەت بمێنێتەوە؟

١٠ئایا دەتوانیت گای کێوی بە گاسنەوە ببەستیتەوە و جووتی پێ بکەیت؟ ئایا بەدواتدا دێت دۆڵەکان خەرتە بکات؟

١١ئایا پشتی پێ دەبەستیت، چونکە هێزەکەی مەزنە یان کارەکەی خۆتی بۆ بەجێدەهێڵیت؟

١٢ئایا متمانەی پێ دەکەیت کە دەغڵودانەکەت بهێنێت و بۆ سەر جۆخینەکەت کۆی بکاتەوە؟

١٣«بە خۆشییەوە وشترمرغ باڵەفڕکێ دەکات، ئایا پەڕوباڵەکەی وەک لەقلەق پیرۆزە؟

١٤وشترمرغ هێلکەکەی لەسەر زەوی بەجێدەهێڵێت و خۆڵ گەرمیان دادەهێنێت،

١٥لەبیری دەچێت کە پێ وردوخاشی دەکات و ئاژەڵی کێوی پێی پێدا دەنێن.

١٦لەگەڵ بەچکەکانی دڵڕەقە وەک ئەوەی بەچکەی ئەو نەبن؛ گوێی ناداتێ کە ماندووبوونەکەی بێهوودە دەڕوات،

١٧چونکە خودا دانایی لەبیر بردووەتەوە، لە تێگەیشتن بەشی نەداوە.

١٨کاتێک پەڕەکانی فش دەکاتەوە بۆ ڕاکردن، بە ئەسپ و بە سوارەکەی پێدەکەنێت.

١٩«ئایا تۆ هێز بە ئەسپ دەدەیت یان ملی بە یاڵ دادەپۆشیت؟

٢٠ئایا وای لێ دەکەیت کە وەک کوللە قەڵەمباز بدات و دەنگی حیلەکەی تۆقێنەر بێت؟

٢١بە توندی سم بە زەویدا بکوتێت، بە هێزەوە دەربپەڕێت، بەرەو مەیدانی جەنگ مل بنێت.

٢٢بە ترس پێبکەنێت و نەتۆقێت؛ لە ڕووی شمشێر نەگەڕێتەوە.

٢٣تیردان شەقەشەقی بێت و خەنجەر و نووکی ڕم ببریسکێنەوە.

٢٤بەوپەڕی جۆشوخرۆشەوە غار دەدات، هەتا کاتی لێدانی کەڕەنا خۆی پێ ڕاناگیرێت.

٢٥لە کاتی فووکردن بە کەڕەنادا دەڵێت: ”ئەها!“ لە دوورەوە بۆنی شەڕ دەکات، هاواری سەرکردەکان و نەعرەتەی جەنگ.

٢٦«ئایا لە تێگەیشتنی تۆدایە هەڵۆ بفڕێت و ڕووەو باشوور باڵەکانی بکاتەوە؟

٢٧یان بە فەرمانی تۆیە هەڵۆ بەرز بفڕێت و هێلانەکەی لە بەرزی دابنێت؟

٢٨لەسەر لووتکەی چیا نیشتەجێ دەبێت و بە شەو دەمێنێتەوە، هەڵدێری بەردەڵان قەڵاکەیەتی.

٢٩لەوێوە نێچیری خۆی دەدۆزێتەوە و چاوەکانی لە دوورەوە دەبینن.

٣٠بەچکەکانی خوێن هەڵدەمژن، لە هەرکوێ کوژراوی لێ بێت، ئەو لەوێیە.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.