کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئەیوب

ئەیوب ٤٠

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١یەزدان بە ئەیوبی فەرموو:

٢«ئایا ئەوەی ڕکابەری لەگەڵ توانادارەکە دەکات مافی ئەوەی هەیە سەرزەنشتی بکات؟ ئەوەی خودا تاوانبار دەکات با وەڵام بداتەوە!»

٣ئەیوبیش وەڵامی یەزدانی دایەوە:

٤«من وا سووکوچروکم، چۆن وەڵامت بدەمەوە؟ من دەست دەخەمە سەر دەمی خۆم.

٥جارێک قسەم کرد و بێ وەڵام بووم، دوو جار و ئیتر دووبارەی ناکەمەوە.»

٦یەزدانیش لە گەردەلوولەکەوە وەڵامی ئەیوبی دایەوە و فەرمووی:

٧«ئێستا وەک پیاو پشتێنەکەی خۆت توند بکە؛ من پرسیارت لێ دەکەم و تۆش وەڵامم بدەوە.

٨«ئایا دادپەروەریم دەخەیتە گومانەوە، تاوانبارم دەکەیت بۆ ئەوەی خۆت بە ڕاستودروست دەربخەیت؟

٩یان بازووێکت وەک خودا هەیە و بە دەنگێکی وەک دەنگی ئەو دەگرمێنیت؟

١٠ئێستا بە پایەبەرزی و سەرفرازی خۆت بڕازێنەوە، ڕێز و شکۆمەندی بپۆشە.

١١لافاوی تووڕەییەکەت بڕێژە و تەماشای هەموو لووتبەرزێک بکە و نزمی بکەرەوە،

١٢سەیری هەموو خۆبەزلزانێک بکە و زەلیلی بکە، لە جێی خۆیان پێ بە خراپەکاراندا بنێ.

١٣تێکڕا لەناو خۆڵ نوقومیان بکە، لە تاریکیدا ڕوویان بەند بکە.

١٤منیش دان بەوەدا دەنێم، کە دەستی ڕاستی خۆت دەتوانێت ڕزگارت بکات.

١٥«سەیری بەهێمۆت بکە، کە لەگەڵ تۆ دروستم کرد وەک مانگا گیا دەخوات.

١٦ئەوەتا هێزەکەی لە کەمەریەتی و تواناکەی لە ماسوولکەکانی سکیەتی.

١٧کلکی وەک داری ئورز شۆڕ دەکاتەوە؛ ماسوولکەکانی ڕانی یەکیان تەنیوە.

١٨ئێسکەکانی لوولەی بڕۆنزن، چوارپەلی وەکو لوولەی ئاسنن.

١٩ئەو سەرەتای کارەکانی خودایە، بەڵام دروستکەرەکەی دەتوانێت بە شمشێر لێی نزیک بێتەوە.

٢٠چیاکان سەوزایی بۆ دەردەخەن و هەموو ئاژەڵی کێوی لەتەنیشتی یاری دەکەن.

٢١لەژێر درەختەکانی لۆتس ڕادەکشێت، خۆی دەشارێتەوە لەنێو قامیشی زۆنگەکاندا.

٢٢درەختەکانی لۆتس بە سێبەرەکانیان دایدەپۆشن؛ شۆڕەبی کەنار جۆگەکان دەوری دەدەن.

٢٣ئەگەر ئاوی ڕووبار هەستێت یان ڕووباری ئوردونیش تەووژم بۆ دەمی بهێنێت، ئەو دڵنیایە و ترسی لێ نانیشێت.

٢٤ئایا کەس دەتوانێت ڕوو بە ڕوو ڕاوی بکات، یان بە تەڵە بیگرێت و لووتی کون بکات؟

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.