کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزئەیوب

ئەیوب ٤١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١«ئایا دەتوانیت لیڤیاتان بە قولاپ ڕاو بکەیت، یان زمانی بە گوریس ببەستیتەوە؟

٢ئایا دەتوانیت ئەڵقە بخەیتە لووتی یان شەویلاکی بە لووتەوانە بسمیت؟

٣ئایا زۆر لێت دەپاڕێتەوە یان بە نەرمی قسەت لەگەڵ دەکات؟

٤ئایا پەیمانت لەگەڵ دەبەستێت کە بە درێژایی ژیانی بیکەیت بە کۆیلەی خۆت؟

٥ئایا وەک چۆلەکە یاری لەگەڵ دەکەیت یان بۆ کچە منداڵەکانت دەیبەستیتەوە؟

٦ئایا ڕاوچییەکان کڕین و فرۆشتنی لەسەر دەکەن یان لەنێو بازرگانەکان دابەشی دەکەن؟

٧ئایا پێستی پڕ دەکەیت لە ڕم و سەریشی پڕ لە تیر؟

٨دەستت لەسەری دابنێ و بیر لە جەنگ بکەرەوە، جارێکی دیکە دووبارەی ناکەیتەوە!

٩هیواخواستن بۆ گرتنی پووچە، هەر بە بینینی دەتۆقێت.

١٠کەسێک نییە ئەوەندە ئازا بێت بەخەبەری بهێنێت، ئیتر کێ هەیە لە ڕووی مندا بوەستێت؟

١١کێ شتێکی پێم بەخشیوە تاکو من بیدەمەوە؟ ئەوەی لەژێر هەموو ئاسمانە هی منە.

١٢«بێدەنگ نابم لە باسکردنی ئەندامەکانی جەستەی لیڤیاتان و لە ڕاگەیاندنی هێزی و لە جوانی ئاکاری جەستەی.

١٣کێ دەتوانێت پێستەکەی دابماڵێت؟ کێ دەتوانێت هەردوو لای زرێیەکەی ببڕێت؟

١٤کێ دوو شەویلاکی دەمی دەکاتەوە؟ ڕیزی ددانەکانی ترسێنەرە.

١٥پشتی بە ڕیزێک قەڵغان داپۆشراوە، بە پتەوی بەیەکەوە بەستراوە؛

١٦بە شێوەیەک پێکەوە نووساون کە تەنانەت با بە نێوانیاندا ناڕوات.

١٧هەریەکەیان بەوی تەنیشتیەوە نووساوە؛ پێکەوە بەستراون لێک نابنەوە.

١٨کە دەحیلێنێت بروسکەی ڕووناکی دەدات؛ چاوەکانی وەک گزنگی بەیانن.

١٩لە دەمیەوە بڵێسەی ئاگر دێتە دەرەوە، پریشکی ئاگری لێ دەبێتەوە.

٢٠لە کونە لووتییەوە دووکەڵ هەڵدەستێت، هەروەک سووتانی قامیش لەبن مەنجەڵێکی لە کوڵ.

٢١هەناسەی خەڵووز دادەگیرسێنێت، گڕیش لە دەمیەوە دەڕژێت.

٢٢هێزەکەی لە ملیدایە، لەبەردەمی هەڵوەستەی لێ دەکەن.

٢٣گۆشتەکەی قەدقەد پێکەوە نووساوە، بەسەر لەشیدا داڕێژراوە و ناجوڵێتەوە.

٢٤سەرسەختە، بە جەرگ و چاونەوترسە.

٢٥کە هەڵدەستێت بەهێزان دەتۆقن، لە ترسی خۆڕاتەکاندنەکەی پەنا دەگرن.

٢٦شمشێری بەر دەکەوێت بەڵام نایپێکێت، نە ڕم و نە تیر.

٢٧ئاسن لەلای وەک کا وایە، بڕۆنزیش وەک داری کلۆر.

٢٨تیری کەوانەکان نایبەزێنن؛ بەردی بەردەقانییەکان بەلایەوە وەک پووشن.

٢٩گورز لەلای وەک کایە؛ بە ڕاوەشاندنی ڕم پێدەکەنێت.

٣٠ژێری پارچە گۆزەی تیژە، جەنجەڕ بەسەر قوڕدا ڕادەکێشێت.

٣١وا دەکات قووڵایی وەک مەنجەڵ بکوڵێت، دەریا وەک هیزەی زەیت لێ دەکات.

٣٢لەدوای خۆی هێڵێکی سپی درەوشاوە بەجێدەهێڵێت، شەپۆلەکان وەک پرچی سپی لێ دەکات.

٣٣لەسەر زەوی هاوشێوەی نییە، بۆ نەترسان دروستکراوە.

٣٤بە سووکییەوە تەماشای لووتبەرزەکان دەکات؛ پاشای هەموو لەخۆباییەکانە.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.