١ئەیوبیش وەڵامی یەزدانی دایەوە:
٢«زانیم کە دەتوانیت هەموو شتێک بکەیت؛ ئەوەی تۆ پلانت بۆ داناوە مەحاڵ نابێت.
٣پرسیارت کرد: ”ئەمە کێیە، بێ زانیاری ڕاوێژی من دەشارێتەوە؟“ بێگومان من ئەوەی تێی نەگەیشتم بە دەممدا هات، بە کارە سەرسوڕهێنەرەکان لەسەرمەوە کە نەمدەزانین.
٤«فەرمووت: ”ئێستا گوێ بگرە من قسە دەکەم؛ لێت دەپرسم و پێم دەڵێیت.“
٥بە گوێی خۆم هەواڵەکانی تۆم بیست، ئێستاش چاوەکانم تۆیان بینی.
٦لەبەر ئەوە خۆم ڕەت دەکەمەوە و لەناو خۆڵ و خۆڵەمێشدا تۆبە دەکەم.»
٧دوای ئەوەی یەزدان بەم وشانە قسەی لەگەڵ ئەیوبدا کرد، یەزدان بە ئەلیفازی تێمانی فەرموو: «تووڕەییم لە تۆ و لە هاوڕێیەکانت جۆشا، چونکە ئێوە وەک ئەیوبی بەندەم بە ڕاستی سەبارەت بە من قسەی ڕاستتان نەکرد.
٨ئێستاش ئێوە حەوت گا و حەوت بەران ببەن و بڕۆن بۆ لای ئەیوبی بەندەم، لە پێناوی خۆتان قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەن. ئەو کاتە ئەیوبی بەندەم لە پێناوی ئێوە نوێژ دەکات، منیش قبوڵی دەکەم. من بەپێی گێلایەتییەکەی خۆتان هەڵسوکەوتتان لەگەڵ ناکەم، لەبەر ئەوەی ئێوە وەک ئەیوبی بەندەم بە ڕاستی سەبارەت بە من قسەی ڕاستتان نەکرد.»
٩ئیتر ئەلیفازی تێمانی و بیلدەدی شوحی و چۆفەری نەعماتی ڕۆیشتن و ئەوەیان کرد کە یەزدان پێی فەرموون، یەزدانیش نوێژەکەی ئەیوبی قبوڵ کرد.
١٠دوای ئەوەی ئەیوب لە پێناوی هاوڕێیەکانی پاڕایەوە، یەزدان ئەوەی هی ئەیوب بوو بۆی گەڕاندەوە، بە دووقاتیش ئەوەی هەیبوو بۆی زیاد کرد.
١١ئەو کاتە هەموو خوشک و برا و ناسیاوەکانی پێشووی بۆ لای هاتن و لە ماڵەکەی نانیان لەگەڵی خوارد. سەرەخۆشییان لێکرد و دڵیان دایەوە لەسەر هەموو ئەو خراپەیەی یەزدان بەسەریدا هێنا، هەریەکەش پارچە زیوێک و ئەنگوستیلەیەکی زێڕیان پێ بەخشی.
١٢یەزدان بەشی کۆتایی ژیانی ئەیوبی لە ژیانی ڕابردووی زیاتر بەرەکەتدار کرد، ئەیوبیش چواردە هەزار سەر مەڕ و شەش هەزار وشتر و هەزار جووت مانگا و هەزار ماکەری هەبوو.
١٣هەروەها حەوت کوڕ و سێ کچیشی هەبوو.
١٤کچی یەکەمی ناو نا یەمیما و دووەم قەچیعا و سێیەم قەرەن هەپوک.
١٥لە هەموو خاکەکەشدا هیچ ئافرەتێک وەک کچەکانی ئەیوب جوان نەبوون، باوکیشیان لەنێو براکانیان میراتی پێدان.
١٦ئەیوبیش پاش ئەوەی کە چاک بووە، سەد و چل ساڵ ژیا و چوار نەوەی خۆی بینی.
١٧ئیتر ئەیوب تێری لە تەمەن خوارد و پیر بوو، پاشان مرد.