١«ئێستا بانگ بکە، بزانە کێ وەڵامت دەداتەوە؟ ڕوو لە کام لە پیرۆزان دەکەیت؟
٢قین گێل دەکوژێت و بەغیلیش ساویلکە دەمرێنێت.
٣من گێلێکم بینی ڕەگی داکوتا، بەڵام لەناکاو ماڵەکەی بە نەفرەت کرا:
٤با کوڕەکانی لە ئاسوودەیی بەدوور بن، لە دادگا تێکبشکێنرێن و کەس فریایان نەکەوێت.
٥دروێنەکەیان کەسانی برسی دەیخۆن، ئەگەر لەناو دڕکیش بێت هەر دەیبەن، تینووش سامانەکەی هەڵدەقورتێنێت،
٦چونکە بەڵا لەناو خۆڵەوە دەرناچێت و چەرمەسەریش لە زەوییەوە ناڕووێت.
٧بەڵام مرۆڤ بۆ چەرمەسەری لەدایک دەبێت، وەک چۆن پریشکی ئاگر هەڵدەستێت.
٨«بەڵام ئەگەر من لە جێی تۆ بوومایە داوام لە خودا دەکرد و کێشەی خۆمم دەدایە دەست ئەو.
٩ئەوەی کارە مەزنەکانی کردووە کە ناپشکێنرێن و کارە سەرسوڕهێنەرەکان کە لە ژماردن نایەن.
١٠ئەوەی باران بەسەر ڕووی زەویدا دەبارێنێت و ئاو بۆ سەر ڕووی دەشتودەر دەنێرێت.
١١ئەوەی بێفیزەکان بەرزدەکاتەوە، هەروەها خەمبارەکان بەرەو دڵنیایی دەبات.
١٢ئەو تەگبیری تەڵەکەبازان پووچ دەکاتەوە بۆ ئەوەی هیچ کارێک لەسەر دەستی ئەوان سەرکەوتوو نەبێت.
١٣ئەوەی داناکان بە فێڵبازی خۆیانەوە دەگرێت، ڕاوێژی تەڵەکەبازان ڕادەماڵێت.
١٤لە ڕۆژدا تاریکی بەسەریاندا دێت، لە نیوەڕۆشدا بە پەلکوتان دەڕۆن وەک بە شەو.
١٥ئەو نەدار لە دەمی خراپەکار و لە دەستی ستەمکار ڕزگار دەکات.
١٦جا زەلیل بە هیوا دەبێت و ناڕەوا دەمی دادەخات.
١٧«سەرزەنشتکردن لەلایەن خوداوە بەرەکەتە، لەبەر ئەوە تەمبێکردنی خودای هەرە بەتوانا ڕەت مەکەرەوە.
١٨لەبەر ئەوەی ئەو بریندار دەکات و برینیش ساڕێژ دەکات، وردوخاش دەکات و بە دەستەکانی خۆی دەیگرێتەوە.
١٩لە شەش بەڵا ڕزگارت دەکات و لە حەوتەمیش خراپەت لێ ناکەوێت.
٢٠لە قاتوقڕیدا لە مردن دەتکڕێتەوە و لە جەنگیشدا لە دەمی شمشێر.
٢١لە خەنجەری زمان پارێزراو دەبیت، کە وێرانە ڕووت تێ دەکات ناترسیت.
٢٢بە وێرانی و قاتوقڕی پێدەکەنیت و لە ئاژەڵە دڕندەکان ناترسیت،
٢٣چونکە لەگەڵ بەردەکانی دەشتودەر پەیمانت دەبێت و ئاژەڵە کێوییەکان ئاشتیت لەگەڵ دەبەستن.
٢٤جا دەزانیت کە ڕەشماڵەکەت سەلامەتە و سەرژمێری ماڵەکەت دەکەیت و هیچت ون نەبووە.
٢٥ئەو کاتە دەزانیت کە منداڵت چەند زۆر دەبن و نەوەکانت وەک گیای زەوی دەبن.
٢٦لەوپەڕی تەندروستیدا دەچیتە ناو گۆڕەوە وەک هەڵگرتنی کۆڵێک لە کاتی خۆیدا.
٢٧«ئێمە لەمە وردبووینەوە و بینیمان کە ڕاستە، جا تۆش گوێ بگرە و لە ژیانی خۆتدا پەیڕەوی بکە.»