١ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
٢«خۆزگە دەتوانرا خەم و پەژارەکەم بکێشن و هەموو دەرد و بەڵاکەم بخەنە تای تەرازووەوە!
٣بێگومان لە لمی دەریا قورستر دەبوو، لەبەر ئەوە بە هەڵەشەیی قسەم کرد.
٤تیرەکانی خودای هەرە بەتوانا لە مندان و ڕۆحم لە ژەهراوەکەیان دەخواتەوە؛ بەڵا تۆقێنەرەکانی خودا لە دژی من ڕیزیان بەستووە.
٥ئایا کەرەکێوی کە گیای هەبێت دەزەڕێنێت، یان گا لەسەر ئالیکەکەی دەقۆڕێنێت؟
٦ئایا خواردنێکی بێ تام بەبێ خوێ دەخورێت، یان لینجاوی پاڵپینە تامی هەیە؟
٧من قێز لەو خواردنانە دەکەمەوە، نەفسم ڕەتیان دەکاتەوە دەستیان لێ بدەم.
٨«خۆزگە داواکارییەکەم دەهاتە دی و ئەوەی چاوەڕێم دەکرد خودا پێی دەدام،
٩کە خودا ڕازی بێت وردوخاشم بکات و دەستی لێم بکاتەوە تاوەکو ژیانم ببڕێتەوە!
١٠هەرچەندە ئازارەکانم دەستم لێ ناپارێزن، بەڵام هەتا ئێستاش دڵنەواییەکەم ئەمەیە، کە نکۆڵیم لە وشەکانی خودا پیرۆزەکە نەکردووە.
١١«هێزی من چییە هەتا چاوەڕوان بم و کۆتاییم چییە هەتا دانبەخۆمدا بگرم؟
١٢ئایا هێزم هێزی بەردە؟ یان گۆشتم بڕۆنزە؟
١٣سەرکەوتن لە من دوور کەوتووەتەوە، ئایا هیچ لە دەسەڵاتی مندا هەیە؟
١٤«ئەگەر کەسێک خۆشەویستی بۆ هاوڕێکەی دەرنەبڕێت، ئەوا ڕێزی خودای هەرە بەتواناشی نەگرتووە.
١٥بەڵام براکانم وەک جۆگەی ئاو پشتیان لێکردم، وەک جۆگەی ناو دۆڵەکان پڕن و بەسەر کەنارەکانیاندا دەڕژێن.
١٦کاتێک لێڵن لەبەر شەختە بەفر تێیاندا دەتوێتەوە،
١٧بەڵام کە دەڕۆن کۆتاییان پێ دێت، کە گەرما داهات لە شوێنی خۆیان وشک دەبن.
١٨کاروانەکان لە ڕێگای خۆیان لا دەدەن، دەچنە ناو چۆڵەوانی و لەناودەچن.
١٩کاروانەکانی تێما بۆی دەگەڕێن، بازرگانەکانی شەبا هیوادارن کە بیدۆزنەوە،
٢٠کە هاتنە لای بێ ئومێد بوون، بێزار بوون، چونکە متمانەیان پێی کردبوو.
٢١ئێستا ئێوەش وەک ئەوتان لێهاتووە، سوودتان نییە، بینیتان کە چیم بەسەرهاتووە ئێوە تۆقین.
٢٢ئایا هیچ کاتێک پێم گوتن: ”لە پێناوی من شتێک بدەن، بە سامانی خۆتان بمکڕنەوە،
٢٣لە دەستی دوژمن دەربازم بکەن، لە دەستی ستەمکار بمکڕنەوە؟“
٢٤«فێرم بکەن، من بێدەنگ دەبم، تێمبگەیەنن لە چ شتێک گومڕا بووم!
٢٥ئای، قسەی ڕاست چەند بریندارکەرە! بەڵام ئەو بەڵگانەی کە دەیانهێننەوە چی دەسەلمێنن؟
٢٦ئایا لەسەر قسەکانم سەرزەنشتم دەکەن، ئەوەی دەیڵێم بە با دەڕوات؟
٢٧بەڵکو ئێوە هەتیو دەفرۆشن و چاڵ بۆ هاوڕێی خۆتان هەڵدەکەنن.
٢٨«ئێستا باش تێم بڕوانن، چونکە من لە ڕووی ئێوەدا درۆ ناکەم.
٢٩تکایە پاشگەز بنەوە! ستەمم لێ مەکەن، ئەگینا ڕاستودروستییەکەم دەخەنە گومانەوە.
٣٠ئایا بەدکاری لەسەر زاری منە، یان زمانم تامی خراپەکاری جیا ناکاتەوە؟