کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزیەشوع

یەشوع ١٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١لە خاکی کەنعان، نەوەی ئیسرائیل ئەمەیان بۆ بوو بە میرات، ئەوەی ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون و سەرۆکەکانی باوکانی هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل بەسەریاندا دابەشکردن وەک میرات.

٢میراتەکەیان بە تیروپشک بوو بۆ نۆ هۆزەکە و نیو هۆزەکە، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی دا.

٣موسا میراتی دوو هۆزەکە و نیو هۆزەکەی لەوبەری ڕووباری ئوردوندا بەلای ڕۆژهەڵاتدا دابوو، بەڵام لەناو ئەواندا هیچ میراتی بە لێڤییەکان نەدا،

٤چونکە نەوەی یوسف دوو هۆز بوون، مەنەشە و ئەفرایم. لە خاکەکەدا هیچ بەشێکیان بە لێڤییەکان نەدا، تەنها چەند شارۆچکەیەک نەبێت بۆ نیشتەجێبوون و دەوروبەری شارۆچکەکان، بۆ لەوەڕگای ڕەشەوڵاخ و مەڕوماڵاتیان.

٥هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو، نەوەی ئیسرائیل ئاوایان کرد و خاکەکەیان دابەش کرد.

٦ئینجا نەوەی یەهودا لە گلگالدا چوونە پێش بۆ لای یەشوع، کالێبی کوڕی یەفونەی قەنیزی بە یەشوعی گوت: «تۆ ئەو قسەیە دەزانیت کە یەزدان لە قادێش بەرنێعدا لەبارەی من و تۆوە بە موسای پیاوی خودای فەرموو.

٧لەو کاتەدا کە موسای بەندەی یەزدان منی لە قادێش بەرنێعەوە نارد بۆ ئەوەی سیخوڕیێتیی خاکەکە بکەم، تەمەنم چل ساڵ بوو، منیش گەڕامەوە و ئەو هەواڵەی لە دڵمدا بوو پێم ڕاگەیاند.

٨هەرچەندە براکانم ئەوانەی لەگەڵ من بوون گەلیان ترساند، بەڵام من بە هەموو دڵمەوە بەدوای یەزدانی پەروەردگارم کەوتم.

٩جا موسا لەو ڕۆژە سوێندی خوارد: ”ئەو خاکەی تۆ پێت نایە سەری هەتاهەتایە دەبێتە میراتی خۆت و کوڕەکانت، چونکە بە هەموو دڵتەوە بەدوای یەزدانی پەروەردگارم کەوتیت.“

١٠«ئێستا تەماشا بکە، یەزدان هەروەک فەرمووی، ئەم چل و پێنج ساڵە منی بە زیندوویی هێشتووەتەوە، لەو کاتەوە کە یەزدان بەم قسانە لەگەڵ موسادا دوا، کاتێک ئیسرائیل بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشت. ئێستاش ئەوەتا تەمەنم هەشتا و پێنج ساڵە!

١١هێشتا هەتا ئەمڕۆش هێزم لەبەردا ماوە، هەروەک ئەو ڕۆژەی کە موسا منی نارد، ئەو کاتە هێزم چۆن بوو، ئێستاش هەمان هێزی چوونە ناو جەنگم هەیە.

١٢ئێستاش ئەم ناوچە شاخاوییانەم بدەرێ کە یەزدان لەو ڕۆژەدا بەڵێنی پێدام، چونکە تۆ لەو ڕۆژەدا بیستت کە عەناقییەکان لەوێن و شارەکانیان گەورە و قەڵابەند بوون. بەڵکو یەزدان یارمەتیم بدات، جا دەریاندەکەم، هەروەک یەزدان فەرمووی.»

١٣یەشوعیش داوای بەرەکەتی بۆ کالێبی کوڕی یەفونە کرد و حەبرۆنی بە میرات پێدا.

١٤لەبەر ئەوە حەبرۆن بووە میراتی کالێبی کوڕی یەفونەی قەنیزی هەتا ئەمڕۆش، چونکە بە هەموو دڵییەوە بەدوای یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل کەوت.

١٥حەبرۆنیش پێشتر ناوی قیریەت ئەربەع بوو، ئەربەعیش گەورەترین پیاو بوو لەناو عەناقییەکان. ئینجا خاکەکە لە جەنگ پشووی دا.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.