١بەشی هۆزی نەوەی یەهودا بە تیروپشک بەگوێرەی خێڵەکانیان لە سنووری ئەدۆمەوە بۆ چۆڵەوانی چن بەرەو باشوور درێژ بووەوە، هەتا ئەوپەڕی باشوور.
٢سنووری باشووریان لە کەنداوەوە دەستپێدەکات، لە کۆتایی باشووری دەریای مردووە و
٣لەوێشەوە بۆ باشووری هەورازی دووپشک دەچوو و پەڕییەوە بۆ چن لە باشووری قادێش بەرنێعەوە سەرکەوت. ئینجا بەردەوام بوو بۆ حەسرۆن و سەرکەوت بۆ ئەدار لەوێشەوە بۆ قەرقەع و
٤بەردەوام بوو بۆ عەچمۆن و لەگەڵ دۆڵی میسر یەکیگرت و کۆتایی سنوورەکەش لەلای دەریای سپی ناوەڕاست بوو. ئەمە دەبێتە سنووری باشووریان.
٥سنووری ڕۆژهەڵاتیش لە دەریای مردووەوە هەتا کۆتایی ڕووباری ئوردون بوو. سنووری لای باکوور دەستپێدەکات لە کەنداوی دەریاکە لەلای کۆتایی ڕووباری ئوردون و
٦سنوورەکە سەرکەوت بۆ بێتحۆگلە و لە باکووری بێتعەراڤا پەڕییەوە و سنوورەکە سەرکەوت بۆ بەردی بۆهەنی کوڕی ڕەئوبێن و
٧سنوورەکە لە دۆڵی عاخۆرەوە سەرکەوت بۆ دەڤیر و بەرەو باکوور بووەوە بۆ گەلیلۆت کە بەرامبەر بە ڕێگای هەورازی ئەدومیمە کە لە باشووری دەربەندەکەیە و ئینجا سنوورەکە بەردەوام بوو بۆ ئاوەکانی کانی شەمەش و چوو بۆ کانی ڕۆگێل.
٨ئینجا سنوورەکە بە دۆڵی بەنهینۆمدا بەلای باشووری بناری شاری یەبوسیدا سەرکەوت کە ئۆرشەلیمە، سنوورەکە بۆ سەر لووتکەی کێوەکە سەرکەوت کە بەرامبەر دۆڵی بەنهینۆمە بەلای ڕۆژئاوادا کە لە کەنار دۆڵی ڕفایمە لە باکوور.
٩سنوورەکە لەسەر لووتکەی کێوەکەوە درێژ بووەوە بۆ سەرچاوەی ئاوەکانی نەفتۆوەح و چوو بۆ شارۆچکەکانی کێوی عەفرۆن. لەوێشەوە سنوورەکە درێژ بووەوە بۆ بەعلە کە قیریەت یەعاریمە.
١٠ئینجا سنوورەکە لە بەعلەیەوە بەرەو ڕۆژئاوا درێژ بووەوە بۆ کێوی سێعیر و بەردەوام بوو بۆ لای بناری کێوی یەعاریم لە باکوور کە کەسالۆنە و دابەزییە بێتشەمەش و پەڕییەوە بۆ تیمنا.
١١ئینجا سنوورەکە چوو بۆ لای بناری باکووری عەقرۆن و سنوورەکە درێژ بووەوە بۆ شیکارۆن و لە کێوی بەعلە پەڕییەوە و گەیشتە یەڤنئێل و کۆتایی سنوورەکەش لەلای دەریای سپی ناوەڕاست بوو.
١٢سنووری ڕۆژئاواشیان دەریای سپی ناوەڕاست بوو بە کەنارەکانییەوە. ئەمە سنووری نەوەی یەهودا بوو بە چواردەوریدا بەگوێرەی خێڵەکانیان.
١٣بەپێی فەرمانی یەزدان، یەشوع لە خاکی نەوەی یەهودا بەشێکی دا بە کالێبی کوڕی یەفونە، ئەویش قیریەت ئەربەع بوو کە حەبرۆنە و ئەربەع باپیرە گەورەی عەناق بوو.
١٤کالێبیش هەر سێ خێڵی نەوەی عەناقی لە حەبرۆن دەرکرد، شێشەی و ئەحیمەن و تەلمەی کە کوڕەکانی عەناق بوون.
١٥لەوێشەوە بۆ هێرشکردنە سەر دانیشتووانی دەڤیر پێشڕەوی کرد، دەڤیر پێشتر ناوی قیریەت سێفەر بوو.
١٦ئینجا کالێب گوتی: «ئەوەی پەلاماری قیریەت سێفەر بدات و بیگرێت، عەکسای کچمی دەدەمێ ببێتە ژنی.»
١٧ئیتر عۆسنیێلی کوڕی قەنەزی برای کالێب قیریەت سێفەری گرت، کالێبیش عەکسای کچی دایێ بۆ ئەوەی ببێتە ژنی.
١٨ئینجا لە کاتی هاتنی بۆ لای عۆسنیێل، عەکسا هانی دا بۆ ئەوەی داوای کێڵگەیەک لە باوکی بکات. کاتێک عەکسا لە گوێدرێژەکە دابەزی، کالێب لێی پرسی: «چیت بۆ بکەم؟»
١٩ئەویش پێی گوت: «بەرەکەتێکم بدەرێ، لەبەر ئەوەی لە نەقەب زەویت پێداوم، سەرچاوەکانی ئاوم بدەرێ.» کالێبیش کانیاوەکانی سەروو و خوارووی پێدا.
٢٠ئەمە میراتی هۆزی یەهودایە بەگوێرەی خێڵەکانیان:
٢١شارۆچکەکانی هۆزی نەوەی یەهودا کە لە کۆتایی باشووردا بوون لە نەقەب لەلای سنووری ئەدۆم ئەمانە بوون: قەڤچەئێل، عێدەر، یاگور،
٢٢قینا، دیمۆنا، عەدعادە،
٢٣قەدەش، حاچۆر، یەتنان،
٢٤زیف، تەلەم، بەعالۆت،
٢٥حاچۆر حەدەتا، قەریۆت حەسرۆن کە حاچۆرە،
٢٦ئەمام، شەمەع، مۆلادا،
٢٧حەچەر گەدا، حەشمۆن و بێتپەلەت،
٢٨حەچەر شوعال، بیری شابەع، بزیۆتیە،
٢٩بەعلە، عییم، عەچەم،
٣٠ئەلتۆلەد، کەسیل، حۆرما،
٣١چیقلەگ، مەدمەنا، سەنسەنا،
٣٢لەڤائۆت، شیلحیم، عەین و ڕیمۆن. هەموو شارۆچکەکان بیست و نۆ شارۆچکە بوون بە گوندەکانیشیانەوە.
٣٣لە زوورگەکانی خۆرئاوا: ئەشتائۆل، چۆرعا، ئەشنا،
٣٤زانۆوەح، کانی گەنیم، تەپووەح، عێینام،
٣٥یەرموت، عەدولام، سۆکۆ، عەزێقا،
٣٦شەعەرایم، عەدیتەیم، گەدێرا یان گەدێرۆتەیم بوون، واتا چواردە شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە.
٣٧چەنان، حەداشا، میگدەل گاد،
٣٨دیلعان، میچپا، یۆقتئێل،
٣٩لاخیش، بۆچقەت، عەگلۆن،
٤٠کەبۆن، لەحماس، کیتلیش،
٤١گەدێرۆت، بێتداگۆن، نەعما و مەقێدا، واتا شازدە شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە.
٤٢لیڤنا، عەتەر، عاشان،
٤٣یەفتاح، ئەشنا، نەچیڤ،
٤٤قەعیلا، ئەکزیڤ و مارێشا، واتا نۆ شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە.
٤٥عەقرۆن لەگەڵ دانیشتووانی دەوروبەری و گوندەکانی،
٤٦لە عەقرۆنەوە بەرەو ڕۆژئاوا، هەموو ئەوەی نزیک ئەشدۆد و گوندەکانیەتی،
٤٧ئەشدۆد لەگەڵ دانیشتووانی دەوروبەری و گوندەکانی و غەزە و دانیشتووانی دەوروبەری و گوندەکانی هەتا دۆڵی میسر و دەریای سپی ناوەڕاست و کەنارەکانی.
٤٨لە ناوچە شاخاوییەکەش: شامیر، یەتیر، سۆکۆ،
٤٩دەنا، قیریەت سەنا کە دەڤیرە،
٥٠عەناڤ، ئەشتەمۆ، عانیم،
٥١گۆشەن، حۆلۆن و گیلۆ، واتا یازدە شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە.
٥٢ئەرەڤ، دوما، ئەشعان،
٥٣یانیم، بێتتەپووەح، ئەفێقا،
٥٤حومتا، قیریەت ئەربەع کە حەبرۆنە و چیعۆر، واتا نۆ شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە.
٥٥ماعۆن، کارمەل، زیف، یوتا،
٥٦یەزرەعیل، یۆقدەعام، زانۆوەح،
٥٧قەین، گیڤعا و تیمنا، واتا دە شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە.
٥٨حەلحول، بێتچوور، گەدۆر،
٥٩مەعەرات، بێتعەنۆت و ئەلتەقۆن، واتا شەش شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە.
٦٠قیریەت بەعل ئەوەی قیریەت یەعاریمە و ڕەبە، واتا دوو شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە.
٦١لە چۆڵەوانیش: بێتعەراڤا، میددین، سیکاکا،
٦٢نیڤشان، شاری خوێ و کانی گەدی، واتا شەش شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە.
٦٣بەڵام نەوەی یەهودا نەیتوانی یەبوسییەکانی دانیشتووی ئۆرشەلیم دەربکەن، جا هەتا ئەمڕۆش یەبوسییەکان لە ئۆرشەلیمدا لەگەڵ نەوەی یەهودا نیشتەجێن.