کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزشینەکانی یەرمیا

شینەکانی یەرمیا ٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١من ئەو پیاوەم کە زەلیلیم بینی بە گۆچانی تووڕەیی ئەو.

٢منی بە پێش خۆی دا و منی بە تاریکاییدا برد، بەبێ هیچ ڕووناکییەک.

٣بێگومان، دەستی لە دژی من بەرزدەکاتەوە بە بەردەوامی و بە درێژایی ڕۆژ.

٤گۆشت و پێستی منی پیرکرد، ئێسکەکانی شکاندم.

٥دەوری گرتم و گەمارۆی دام بە ژەهر و ناخۆشی.

٦ناچاری کردم لەناو تاریکیدا نیشتەجێ بم وەک ئەوانەی لەمێژە مردوون.

٧لەناو پەرژینێک بەندی کرد بۆ ئەوەی نەتوانم هەڵبێم، زنجیرەکانی منی قورس کرد.

٨هەروەها کاتێک هاوار دەکەم و داوای فریاکەوتن دەکەم، بەڵام نزاکانم ڕادەگرێت.

٩بەردی تاشراوی کەڵەکە کرد و ڕێگای منی پێ گرت، ڕێڕەوەکانی منی خواروخێچ کرد.

١٠وەک ورچێک بۆم لە بۆسەدایە، وەک شێرێک خۆی مات دەکات،

١١منی لەڕێ لادا و پارچەپارچەی کردم، منی وێران کرد.

١٢کەوانەکەی ڕاکێشا منی کردە نیشانەی تیرەکانی.

١٣تیرەکانی تیردانەکەی لە دڵم چەقاند.

١٤هەموو گەلەکەم سووکایەتیم پێ دەکەن، بە درێژایی ڕۆژ بە گۆرانی گاڵتەم پێ دەکەن.

١٥تێری کردم لە تاڵی، زەقنەبووتی دەرخوارد دام.

١٦بە چەو ددانەکانی منی وردوخاش کرد، منی لەناو خۆڵەمێش پەستایەوە.

١٧من لە ئاشتی بێبەش کراوم، سەرکەوتنم لەبیرچووەوە.

١٨ئینجا گوتم، «شکۆمەندیم نەما، هەروەها هیوام بە یەزدان بڕا.»

١٩دێتەوە بیرم، ڕۆژانی زەلیلی و سەرگەردانیم، وەک ژەهر و زەقنەبووت بوون.

٢٠بە باشی بەبیرم دێتەوە، لە ناخەوە ڕۆحم خەمبارە.

٢١بەڵام ئەوە دەهێنمەوە یادم و لەبەر ئەوە هیوام هەیە:

٢٢بەهۆی خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدانە کە لەناونەچووین، چونکە بەزەییەکەی تەواو نابێت.

٢٣ئەوانەت هەموو بەیانییەک نوێن؛ دڵسۆزییەکەت چەند گەورەیە.

٢٤بە خۆم دەڵێم: «یەزدان بەشی منە، لەبەر ئەوە هیوام بەوە.»

٢٥یەزدان چاکە بۆ ئەوانەی هیوایان بەو هەیە، بۆ ئەو کەسەی داوای ئەو دەکات.

٢٦باشە بۆ کەسێک بە بێدەنگی چاوەڕێ بکات بۆ هاتنی ڕزگاریی یەزدان.

٢٧باشە پیاو نیر هەڵبگرێت هەر لە تەمەنی منداڵییەوە.

٢٨با بە تەنها دانیشێت و بێدەنگ بێت، چونکە یەزدان ئەمەی بەسەرهێناوە.

٢٩با سەری بخاتە ناو خاکوخۆڵ، لەوانەیە هێشتا هیوای مابێت.

٣٠با ڕوومەتی بۆ ئەوە ڕابگرێت کە لێی دەدات، با تێربێت لە ڕیسوایی.

٣١چونکە کەس بۆ هەتاهەتایە لەلایەن پەروەردگارەوە ڕەت ناکرێتەوە.

٣٢لەگەڵ ئەوەی دڵتەنگی دەهێنێت، میهرەبانیش نیشان دەدات، بەپێی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی.

٣٣ئەو کەس لە دڵەوە زەلیل ناکات و دڵتەنگی ناکات.

٣٤تێکشکاندنی دیلەکانی هەموو زەوی لەژێر پێ،

٣٥یان بێبەشکردنی کەسێک لە مافی خۆی لەبەردەم خودای هەرەبەرز،

٣٦یان بەدوورگرتنی مرۆڤ لە دادپەروەری، ئایا پەروەردگار هەموو ئەمانە نابینێت؟

٣٧کێ دەتوانێت قسە بکات قسەکەی بێتەجێ، ئەگەر پەروەردگار فەرمانی نەدابێت؟

٣٨ئایا ڕوودانی چاکە و خراپە بە فەرمایشتی خودای هەرەبەرز نییە؟

٣٩بۆچی مرۆڤی زیندوو گلەیی بکات کاتێک لەسەر گوناهەکانی سزا دەدرێت؟

٤٠با هەڵسوکەوتمان بپشکنین و تاقی بکەینەوە و بگەڕێینەوە بۆ لای یەزدان.

٤١با دڵ و دەستمان بەرزبکەینەوە بۆ خودا لە ئاسمان، بڵێین:

٤٢«ئێمە گوناهمان کرد و یاخی بووین، تۆش لێمان خۆش نەبوویت.

٤٣«خۆت بە تووڕەیی داپۆشی و ڕاوتناین، بەبێ بەزەیی ئێمەت کوشت.

٤٤بە هەور خۆت داپۆشی بۆ ئەوەی نوێژەکانمان نەگاتە لات.

٤٥ئێمەت کرد بە پاشەڕۆ و نەویستراو لەنێو گەلان.

٤٦«هەموو دوژمنانمان دەمیان لێمان کردەوە.

٤٧ترس و تەڵە باڵی بەسەرماندا کێشا، لەناوچوون و وێرانی.»

٤٨چاوەکانم کانی فرمێسک هەڵدەڕێژن لەبەر ئەوەی گەلەکەم لەناوچوون.

٤٩چاوەکانم فرمێسک هەڵدەڕێژن و ناوەستن بەبێ پسانەوە،

٥٠تاوەکو یەزدان لە ئاسمانەوە تەماشای خوارەوە بکات و ببینێت.

٥١ئەوەی دەیبینم گیانم ئازار دەدات لەبەر ئازاری کچانی شارەکەم.

٥٢ئەوانەی دوژمنی من بوون بەبێ هۆ وەک چۆلەکە ڕاویان کردم.

٥٣بە زیندووێتی منیان فڕێدا ناو چاڵ، بەردیان تێمگرت.

٥٤نوقومی ئاو بووم، گوتم: «خەریکە بمرم.»

٥٥ئەی یەزدان، لە قووڵایی چاڵەوە بە ناوی تۆوە نزا دەکەم.

٥٦گوێت لە دەنگم بوو: «گوێت دامەخە کاتێک هاوار و هانات بۆ دەهێنم.»

٥٧ئەو ڕۆژەی نزام بۆ کردیت نزیک بوویتەوە، فەرمووت: «مەترسە!»

٥٨ئەی پەروەردگار، بەرگریت لە کێشەی من کرد، ژیانی منت کڕییەوە.

٥٩ئەی یەزدان، ستەمدیدەیی منت بینی. دادوەری کێشەکەم بکە!

٦٠هەموو تۆڵەسەندنەوەکەی ئەوانت بینی، هەموو پیلانەکانیان لە دژی من.

٦١ئەی یەزدان، گوێت لە ڕیسواکردنەکەیان بوو، هەموو پیلانەکانیان لە دژی من؛

٦٢ئەوەی دوژمنەکانم بە درێژایی ڕۆژ لە دژی من باسی دەکەن و دەیچرپێنن.

٦٣تەماشایان بکە! هەستان و دانیشتنیان، بە گۆرانییەکانیان گاڵتەم پێ دەکەن.

٦٤ئەی یەزدان، سزایان بدە، بەپێی کردەوەکانی دەستیان.

٦٥پێچە لەسەر دڵیان دابنێ، با نەفرەتت لەسەریان بێت!

٦٦بە تووڕەییەوە ڕاویان بنێ و لەناویان ببە لەژێر ئاسمانی یەزداندا.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.