کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزشینەکانی یەرمیا

شینەکانی یەرمیا ٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١چۆن زێڕ ڕەونەقی خۆی لەدەستدات، زێڕی بێگەرد گۆڕا! بەردەکانی پیرۆزگا پەرشوبڵاو بوونەوە لەسەر سووچی هەموو شەقامێک.

٢چۆن کوڕە بەهادارەکانی سییۆن، ئەوانەی بە زێڕی بێگەرد دەکێشران، ئێستا بە گۆزەی گڵ دانران، دەستکردی دەستی گۆزەکەر!

٣تەنانەت چەقەڵەکانیش گوانیان دەدەنە توولەکانیان بۆ ئەوەی شیریان پێبدەن، بەڵام گەلەکەی من دڵڕەقە وەک وشترمرغ لە چۆڵەوانی.

٤لەبەر تینووێتی شیرەخۆرە زمانی بە مەڵاشوویەوە نووسا. منداڵەکان داوای نان دەکەن، بەڵام کەس نییە بۆیان بشکێنێت.

٥ئەوانەی خواردنی خۆشیان دەخوارد لە شەقامەکاندا وێران بوون، ئەوانەی لەناو جلوبەرگی ئەرخەوانی بەخێو دەکران لەسەر زبڵدانەکان پاڵ دەدەنەوە.

٦سزای تاوانی گەلەکەم گەورەتر بوو لە سزای گوناهەکەی سەدۆم، ئەوەی لە چرکەیەکدا سەرەوژێر بوو بێ ئەوەی دەستی یارمەتی بۆ درێژ بکرێت.

٧میرەکانیان لە بەفر بێگەردتر بوون، لە شیر سپیتر بوون، جەستەیان لە یاقووت سوورتر بوو، وەک یاقووتی شین بوون.

٨بەڵام ئێستا ڕەنگیان لە ڕەژوو ڕەشترە، لە شەقامەکاندا ناناسرێنەوە. پێستیان بە ئێسکیانەوە نووساوە وەک تەختەدار وشک هەڵگەڕاوە.

٩ئەوانەی بە شمشێر کوژران باشتر بوون لەوانەی بە قاتوقڕی مردن. ئەوانە بە برسیێتی ئازاریان چێشت، چونکە خواردن لە کێڵگە نەبوو.

١٠دایکە میهرەبانەکان بە دەستی خۆیان منداڵەکانیان لێنا، کردیان بە خۆراک کاتێک گەلەکەم لەناوچوو.

١١یەزدان تووڕەیی خۆی دەردەبڕێت، هەڵچوونی بە جۆشی خۆی هەڵدەڕێژێت. ئاگرێکی لە سییۆن بەرپا کرد بناغەکانی سووتاند.

١٢پاشاکانی زەوی و هەموو دانیشتووانی جیهان باوەڕیان نەکرد کە دوژمن و ناحەز دێنە ناو دەروازەکانی ئۆرشەلیمەوە.

١٣بەڵام لەبەر گوناهی پێغەمبەرەکانی و تاوانی کاهینەکانی ڕوویدا، ئەوانەی لە ناوەڕاستیدا خوێنی ڕاستودروستانیان دەڕشت.

١٤بە شەقامەکاندا وێڵ بوون وەک کوێر. خۆیان بە خوێن گڵاوکرد، کەس ناتوانێت دەست لە جلەکانیان بدات.

١٥خەڵک هاواریان لێ دەکەن: «ئەی گڵاوەکان، دووربکەونەوە! دووربکەونەوە! دووربکەونەوە، دەستمان لێ مەدەن!» کاتێک ڕایانکرد و وێڵ بوون، لەناو گەلاندا گوتیان، «جارێکی دیکە ناتوانن لێرە نیشتەجێ بن.»

١٦یەزدان خۆی پەرتەوازەی کردن، ئیتر چاودێرییان ناکات. خەڵک ڕێزیان لە کاهینەکان نەگرت، لەگەڵ پیرەکان میهرەبان نەبوون.

١٧سەرباری ئەمەش، ئێمە چاومان کزبوو بێهوودە لە چاوەڕوانی یارمەتی، لە قوللەکانمان چاوەڕێ بووین بۆ گەلێک کە ناتوانێت ڕزگارمان بکات.

١٨تەڵەیان بۆ هەنگاوەکانمان ناوەتەوە بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانەکانماندا هاتوچۆ نەکەین. کۆتاییمان نزیک بووەوە، چەند ڕۆژێکمان ماوە، چونکە کۆتاییمان هات.

١٩ئەوانەی ڕاویان دەناین سووکتر بوون لە هەڵۆکانی ئاسمان، بەسەر چیاکاندا شوێنمان کەوتن، لە چۆڵەوانیدا بۆسەیان بۆمان نایەوە.

٢٠پاشای دەستنیشانکراوی یەزدان، ئەوەی هەناسەی ژیانمانە، لە بۆسەکانیان گیرا، ئەوەی گوتمان، لە سێبەری ئەودا لەنێو گەلان دەژین.

٢١ئەی کچی ئەدۆم، دڵخۆش و دڵشادبە، ئەی دانیشتووانی خاکی عوچ. بەڵام جامەکە بەسەر تۆشدا تێدەپەڕێت، سەرخۆش دەبیت و ڕووت دەبیتەوە.

٢٢ئەی سییۆنی کچ، سزای تاوانەکەت تەواو دەبێت، ڕاپێچکراوییەکەت درێژ ناکاتەوە. بەڵام ئەی ئەدۆمی کچ، سزای تاوانەکەی تۆ دەدات، گوناهەکەت ئاشکرا دەکات.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.