کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزشینەکانی یەرمیا

شینەکانی یەرمیا ٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی یەزدان، بەبیرت بێتەوە چیمان بەسەرهات، تەماشا بکە و ڕیسواییەکەمان ببینە.

٢میراتەکەمان بۆ نامۆکان بوو، ماڵمان بۆ بێگانە.

٣هەتیو و بێ باوک بووین، دایکانمان وەک بێوەژنن.

٤دەبێ ئەو ئاوە بکڕین کە دەیخۆینەوە دارەکانمان بە نرخ بۆمان دێت.

٥ئەوانەی ڕاومان دەنێن زۆر نزیک بوونەوە، ماندوو دەبین و حەوانەوەمان نییە.

٦دەستمان لە میسری و ئاشورییەکان پانکردەوە بۆ بەدەستهێنانی نانی پێویست.

٧باوکانمان گوناهیان کرد، نەمان، ئێمەش سزاکەیان وەردەگرین.

٨کۆیلەکان فەرمانڕەوایەتیمان دەکەن، کەس نییە لە دەستیان ڕزگارمان بکات.

٩بەهۆی شمشێر لە چۆڵەوانی ژیانمان لە مەترسیدایە هەتا بژێوی پەیدا دەکەین.

١٠پێستمان وەک تەنوور سووتاوە، لەبەر برسیێتی برژاوین.

١١لە سییۆن دەستدرێژییان کردە سەر ژنان، پاکیزەکانیش لە شارۆچکەکانی یەهودا.

١٢میران بە دەستیانەوە هەڵدەواسرێن، ڕێز لە پیران ناگیرێت.

١٣لاوانیان دەهاڕدرێن، منداڵان لەژێر بارەداردا بەلادادێن.

١٤پیران دەستیان لە دەروازە هەڵدەگرن، لاوانیش وازیان لە گۆرانی هێنا.

١٥خۆشی دڵمان نەما، شاییمان بوو بە شیوەن.

١٦تاجی سەرمان کەوت. قوڕبەسەرمان، چونکە گوناهمان کرد!

١٧لەبەر ئەم شتانە دڵمان داهێزرا، لەبەر ئەم ڕووداوانە بەرچاومان تاریک بوو،

١٨لەبەر کێوی سییۆن، وێران بوو، چەقەڵ هاتوچۆی تێدا دەکەن.

١٩ئەی یەزدان، تۆ بۆ هەتاهەتایە حوکم دەکەیت، تەختی تۆ نەوە دوای نەوە بەردەوام دەبێت.

٢٠بۆچی بەردەوام لەبیرمان دەکەیت؟ بۆچی کاتێکی درێژ بەجێمان دەهێڵیت؟

٢١ئەی یەزدان، بمانگەڕێنەوە بۆ لای خۆت، هەتا بگەڕێینەوە، وەک جاران ڕۆژانمان نوێ بکەرەوە،

٢٢یان تۆ زۆر لێمان تووڕە بوویت و بە تەواوی ئێمەت ڕەتکردووەتەوە؟

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.