کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزلێڤییەکان

لێڤییەکان ٧

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١«”ئەمانەش ڕێنماییەکانن دەربارەی قوربانی تاوان. ئەمە هەرەپیرۆزە.

٢لەو شوێنەی قوربانی سووتاندن سەردەبڕدرێت هەر لەوێ قوربانی تاوانیش سەردەبڕدرێت. خوێنەکەشی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەڕژێنرێت.

٣هەموو پیوەکەشی پێشکەش دەکرێت، دوگەکەی و ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە،

٤لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە، هەروەها ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکرێتەوە.

٥کاهینەکە لەسەر قوربانگاکە دەیانسووتێنێت. قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان، ئەمە قوربانی تاوانە.

٦هەموو نێرینەیەک لە کاهینەکان لێی دەخوات، بەڵام لە شوێنێکی پیرۆز دەخورێت، ئەمە هەرەپیرۆزە.

٧«”قوربانی تاوان وەک قوربانی گوناهە، یەک فێرکردن هەیە دەربارەیان، ئەو کاهینەی کەفارەتیان پێ دەکات بۆ ئەو دەبێت،

٨ئەو کاهینەش کە قوربانییەکی سووتاندن بۆ کەسێک دەکات، ئەوا پێستی ئەو قوربانییەی سووتاندن کە دەیکات بۆ ئەو دەبێت.

٩هەموو پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەش بە تەنوور کرابێتە نان و هەموو ئەوەی لەناو تاوە دروستکرابێت یان لەسەر ساج بۆ ئەو کاهینە دەبێت کە پێشکەشی دەکات،

١٠هەروەها هەموو پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەی بە زەیت شێلراو یان وشک، بۆ هەموو کوڕانی هارون دەبێت، هەریەکە وەک براکەی.

١١«”ئەمانەش ڕێنماییەکانن دەربارەی قوربانی هاوبەشی، ئەوەی کەسێک دەتوانێت بۆ یەزدانی بهێنێت.

١٢«”ئەگەر بۆ سوپاسکردن هێنای، ئەوا بۆ قوربانی سوپاسگوزاری کولێرەی فەتیرەی بە زەیت شێلراو و ناسکە نانی فەتیرەی بە زەیت چەورکراو و باشترین ئاردی شێلراو، کرابێتە کولێرەی بە زەیت شێلراو.

١٣لەگەڵ کولێرەی بە هەویرترش، قوربانییەکەی لەسەر قوربانی سوپاسگوزاری بۆ ژیانە هاوبەشییەکەی پێشکەش دەکات.

١٤لە هەر جۆرێکیان یەکێک وەک پێشکەشکراوێک دەهێنێت، وەک بەخشینێک بۆ یەزدان، بۆ ئەو کاهینە دەبێت کە خوێنی قوربانی هاوبەشی دەپرژێنێت.

١٥گۆشتی قوربانی سوپاسگوزاری بۆ ژیانی هاوبەشییەکەی لە ڕۆژی قوربانییەکەی دەخورێت، هیچی لێ ناهێڵێتەوە بۆ بەیانی.

١٦«”ئەگەر قوربانییەکەی نەزر بوو یان بە خواستی خۆی بوو، ئەوا ڕۆژی پێشکەشکردنی قوربانییەکە دەخورێت و بۆ سبەینێش ئەوەی لێی ماوەتەوە دەخورێت.

١٧بەڵام بەرماوەی گۆشتی قوربانییەکە لە ڕۆژی سێیەم دەسووتێنرێ.

١٨ئەگەر لە ڕۆژی سێیەم لە گۆشتی قوربانی هاوبەشییەکە خواردرا، ئەوا قوربانییەکە قبوڵ نییە، ئەوەی پێشکەشی کرد بە چاک بۆی دانانرێت، چونکە قوربانییەکە گڵاو بووە. ئەوەی لێی بخوات ئەوا تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.

١٩«”ئەو گۆشتەش کە بەر شتێکی گڵاو بکەوێت ئەوا بەپێی ڕێوڕەسم ناخورێت، بە ئاگر دەسووتێنرێت. بەڵام ئەو گۆشتەی کە گڵاو نییە، هەموو کەسێکی پاک بەپێی ڕێوڕەسم دەتوانێت لێی بخوات.

٢٠هەروەها ئەگەر کەسێک بە شتێک گڵاو بووبێت و لە گۆشتی قوربانی هاوبەشی یەزدان بخوات، ئەوا دەبێت ئەو کەسە لە گەلەکەی داببڕدرێت.

٢١ئەگەر هەرکەسێک دەست لە شتێکی گڵاو بدات یان بەر شتێکی گڵاو بکەوێت، گڵاویی مرۆڤێک یان ئاژەڵێکی گڵاو یان هەر شتێکی قێزەونی گڵاو، ئینجا لە گۆشتی قوربانی هاوبەشی یەزدان بخوات، ئەوا ئەو کەسە لە گەلەکەی دادەبڕدرێت.“»

٢٢هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:

٢٣«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”پیوی ئاژەڵی مێگەل و گاوگۆتاڵ مەخۆن.

٢٤پیوی ئاژەڵی مردارەوەبوو و پیوی ئەو ئاژەڵەی بووە بە نێچیر ئەوا بۆ هەموو کارێک بەکاردێت، بەڵام ناخورێت.

٢٥هەر یەکێک لە پیوی ئەو ئاژەڵانەی خوارد کە بۆ یەزدان وەک قوربانی بە ئاگر لێیان پێشکەش دەکرێت، ئەوا ئەو کەسە لە گەلەکەی دادەبڕدرێت.

٢٦هیچ خوێنێکیش مەخۆن لە هەموو نشینگەکانتان، ئەگەر هی باڵندە بێت یان ئاژەڵ.

٢٧هەرکەسێک خوێن بخوات، ئەوا ئەو کەسە لە گەلەکەی دادەبڕدرێت.“»

٢٨هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:

٢٩«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”ئەوەی قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدان پێشکەش دەکات، لە قوربانی هاوبەشییە پێشکەشکراوەکەی بۆ یەزدان دەهێنێت.

٣٠کەسەکە بە دەستی خۆی قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان دەهێنێت. پیوەکە لەگەڵ سنگەکە دەهێنێت. لەبەردەم یەزدان سنگەکە وەک قوربانی بەرزکردنەوە بەرز دەکاتەوە.

٣١کاهینەکە پیوەکە لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت، بەڵام سنگەکە بۆ هارون و کوڕەکانی دەبێت.

٣٢ڕانی ڕاستەش لە قوربانییەکانی هاوبەشیتان وەک پیتاک دەدەنە کاهینەکە.

٣٣ئەوەی خوێنی قوربانی هاوبەشی و پیوەکە پێشکەش دەکات لە کوڕانی هارون، ڕانە ڕاستەکە دەبێتە بەشی ئەو،

٣٤چونکە من لە قوربانییەکانی هاوبەشییان سنگی بەرزکراوە و ڕانە پێشکەشکراوەکەم لە نەوەی ئیسرائیل وەرگرتووە، بە هارونی کاهین و بە کوڕەکانیم داوە. بەشێکی چەسپاوە بۆ نەوەی ئیسرائیل.“»

٣٥ئەوە پشکی هارون و کوڕەکانییەتی لە قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان، ڕۆژی پێشکەشکردنیان هەتا کاهینیێتی بۆ یەزدان بکەن،

٣٦لەو ڕۆژەی دەستنیشان کران یەزدان فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل دا بیاندەنێ، وەک بەشێکی چەسپاو بۆ نەوەکانیان.

٣٧ئەوە ڕێنماییە بۆ قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی گوناه و قوربانی تاوان و قوربانی ئەرک پێ سپاردن و قوربانی هاوبەشی،

٣٨کە یەزدان لە شاخی سینا دایە موسا، بۆ ئەوەی فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکات هەتا لە چۆڵەوانی سینا قوربانییەکانیان بۆ یەزدان پێشکەش بکەن.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.