١هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
٢«هارون و کوڕەکانی ببە، لەگەڵ جلەکان و زەیتی دەستنیشانکردنەکە و جوانەگاکەی قوربانی گوناه و دوو بەرانەکە و سەبەتە نانە فەتیرەکە.
٣هەموو کۆمەڵیش لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن کۆبکەرەوە.»
٤موساش وەک یەزدان فەرمانی پێ کرد، ئاوای کرد، ئیتر کۆمەڵەکە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن کۆبوونەوە.
٥موسا بە کۆمەڵەکەی گوت: «یەزدان فەرمانی داوە ئەمە بکرێت.»
٦ئینجا موسا هارون و کوڕەکانی هێنایە پێشەوە و بە ئاو شوشتنی.
٧کراسەکەی لەبەر هارون کرد و کەمەربەندەکەی بۆ بەست، کەواکەی لەبەری کرد، ئێفۆدەکەی خستە سەر و بە پشتبەستی ئێفۆدەکە بەستی و توندی کرد.
٨بەرسینەکەی لەبەری کرد و ئوریم و تومیمەکەی خستە ناو بەرسینەکە.
٩مێزەرەکەشی خستە سەر سەری هارون. لەسەر مێزەرەکە بەلای پێشەوە پلێتە زێڕەکەی دانا کە تاجەگوڵینەی پیرۆزە، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
١٠ئینجا موسا زەیتی دەستنیشانکردنەکەی هێنا و چادرەکەی پەرستن و هەرچی تێیدا بوو دەستنیشانی کرد و تەرخانی کرد.
١١حەوت جاریش بەسەر قوربانگاکەدا پرژاندی و قوربانگاکە و هەموو قاپوقاچاغەکانی و حەوزەکە و بنکەکەی دەستنیشان کرد بۆ تەرخانکردنیان.
١٢هەندێک لە زەیتی دەستنیشانکردنەکەشی لە سەری هارون دا و دەستنیشانی کرد بۆ تەرخانکردنی.
١٣موسا کوڕەکانی هارونی هێنایە پێشەوە و کراسی لەبەرکردن و کەمەربەندی بۆ بەستن و سەرپێچەکانی بۆ توند کردنەوە، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
١٤ئینجا جوانەگاکەی قوربانی گوناهی هێنایە پێشەوە و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری جوانەگاکەی گوناه دانا.
١٥موسا سەری بڕی و هەندێک لە خوێنەکەی برد و بە پەنجەی دەستی خوێنەکەی لە هەموو قۆچەکانی قوربانگاکە دا بۆ ئەوەی قوربانگاکە پاک بکاتەوە. ئینجا پاشماوەی خوێنەکەی ڕشتە بنکەی قوربانگاکە. ئیتر تەرخانی کرد بۆ کەفارەتکردن بۆی.
١٦موسا هەموو ئەو پیوەی کە هەناوی داپۆشیوە لەگەڵ ئەوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە و هەردوو گورچیلەکەی برد و لەسەر قوربانگاکە سووتاندنی.
١٧بەڵام جوانەگاکەی بە پێست و گۆشت و ڕیخۆڵەکەیەوە لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بە ئاگر سووتاند، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
١٨ئینجا بەرانەکەی قوربانی سووتاندنی هێنایە پێشەوە و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری بەرانەکە دانا.
١٩دوای ئەوە موسا سەری بڕی و خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا پرژاند.
٢٠بەرانەکەی پارچەپارچە کرد و موسا سەرەکە و پارچەکان و پیوەکەی سووتاند.
٢١بەڵام هەناو و قاچەکانی بە ئاو شوشت، موسا هەموو بەرانەکەی لەسەر قوربانگاکەدا سووتاند، وەک قوربانی بە ئاگر، بۆنی خۆشی، قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
٢٢ئینجا بەرانی دووەم، بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکەی هێنایە پێشەوە، هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری بەرانەکە دانا.
٢٣موسا سەری بڕی و لە خوێنەکەی برد و لە شلکەی گوێی ڕاستی هارونی دا، هەروەها لە پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستی.
٢٤هەروەها کوڕەکانی هارونی هێنایە پێشەوە و لە خوێنەکەی هەڵگرت و لە شلکەی گوێی ڕاستیان و پەنجە گەورەی دەستی ڕاستیان و پەنجە گەورەی پێی ڕاستیانی دا، پاشان خوێنی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا پرژاند.
٢٥لەدوای ئەوە پیو و دوگ و هەموو پیوەکەی هەناوی و سەر جگەر و گورچیلەکان و هەردوو گورچیلە و ڕانی ڕاستی برد.
٢٦هەروەها لە سەبەتەی فەتیرەکە، ئەوەی لەبەردەم یەزدانە، نانێک و کولێرەیەک لەوەی بە زەیتە و ناسکە نانێکی برد و لەسەر پیوەکە و لەسەر ڕانە ڕاستەکەی دانا.
٢٧هەمووی خستنە سەر دەستی هارون و کوڕەکانی و لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە بەرزیان کردەوە.
٢٨ئینجا موسا لە دەستیانی وەرگرت و لەگەڵ قوربانی سووتاندنەکە لەسەر قوربانگاکە سووتاندی، ئەوە قوربانی ئەرک پێ سپاردنە، بۆنی خۆشییە، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.
٢٩هەروەها موسا سنگی بەرانی ئەرکسپاردنەکەی برد کە بەشی خۆی بوو، وەک قوربانی بەرزکردنەوە لەبەردەم یەزدان بەرزی کردەوە، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
٣٠پاشان موسا لە زەیتی دەستنیشانکردنەکە و لە خوێنەکەی سەر قوربانگاکەی برد و بەسەر هارون و جلەکانی و بەسەر کوڕەکانی و جلی کوڕەکانی پرژاند. هارون و جلەکانی و کوڕەکانی و جلی کوڕەکانی پێ تەرخان کردن.
٣١ئینجا موسا بە هارون و کوڕەکانی گوت: «گۆشتەکە لەبەردەم دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لێبنێن و هەر لەوێش بیخۆن، لەگەڵ ئەو نانەی ناو سەبەتەکەش، قوربانی ئەرکسپاردن، وەک فەرمانم کرد و گوتم: ”هارون و کوڕەکانی بیخۆن.“
٣٢ئەوەی لە گۆشت و نانەکەش دەمێنێتەوە بە ئاگر بیسووتێنن،
٣٣لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتنیش دوور نەکەونەوە، حەوت ڕۆژ هەتا تەواوی ڕۆژەکانی ئەرکسپاردنتان، چونکە حەوت ڕۆژ ئەرکتان پێ دەسپێردرێت.
٣٤هەروەک لەم ڕۆژەدا کرا، یەزدان فەرمانی داوە کە بکرێت بۆ کەفارەتکردن بۆتان.
٣٥حەوت شەو و حەوت ڕۆژ لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن دەمێننەوە و وریابن بۆ پارێزگاری لە ئەرکەکانی یەزدان، ئیتر نامرن، چونکە ئاوا فەرمانم پێکراوە.»
٣٦جا هارون و کوڕەکانی هەموو ئەو شتانەی یەزدان لە ڕێگەی موسا فەرمانی پێ کردبوو، کردیان.