١لەو ڕۆژانەدا لە ئۆگستۆس قەیسەرەوە فەرمانێک دەرچوو، کە هەموو دانیشتووانی ئیمپراتۆریەتیەکەی ناونووس بکرێت.
٢ئەمە یەکەم ناونووسین بوو، کاتێک کیرینیۆس فەرمانڕەوای سوریا بوو.
٣ئیتر هەرکەس بۆ ناونووسین دەچووە شاری خۆی.
٤یوسفیش لە جەلیل لە شاری ناسیرەوە بەرەو یەهودیا سەرکەوت بۆ شارەکەی داود کە پێی دەگوترێ بێتلەحم، چونکە لە بنەماڵە و تیرەی داود بوو،
٥تاکو لەگەڵ مریەم ناونووس بکرێن کە دەستگیرانی بوو و سکی هەبوو.
٦کە لەوێ بوون، کاتی منداڵبوونی هات.
٧جا کوڕە نۆبەرەکەی بوو، قۆنداغی کرد و لە ئاخوڕێکدا داینا، چونکە هیچ ژوورێکیان بۆ نوستن دەست نەکەوت.
٨لەو ناوچەیە شوان هەبوون لە دەشت دەمانەوە و شەوان ئێشکیان لە مێگەلەکەیان دەگرت.
٩فریشتەیەکی یەزدان بۆیان دەرکەوت و شکۆمەندی یەزدان لە دەوریان درەوشایەوە، بەمە ترسێکی زۆریان لێ نیشت.
١٠فریشتەکە پێی گوتن: «مەترسن، ئەوا مژدەی خۆشییەکی گەورەتان دەدەمێ کە بۆ هەموو گەلە.
١١ئەمڕۆ لە شاری داود ڕزگارکەرێکتان بۆ لەدایک بوو، ئەویش مەسیحی خاوەن شکۆیە.
١٢ئەمەش نیشانەیە بۆتان، مەلۆتکەیەک دەبینن لەناو ئاخوڕێک دانراوە.»
١٣لەناکاو لەگەڵ فریشتەکە لەشکرێکی گەورەی ئاسمانی دەرکەوت و ستایشی خودایان دەکرد و دەیانگوت:
١٤«شکۆ بۆ خودا لە ئاسمان، لەسەر زەویش ئاشتی بۆ ئەوانەی جێی ڕەزامەندی ئەون.»
١٥کاتێک فریشتەکان بەرەو ئاسمان بەجێیان هێشتن، شوانەکان بە یەکتریان گوت: «دەی با بڕۆینە بێتلەحم و ئەم شتەی ڕوویداوە بیبینین کە یەزدان پێی ڕاگەیاندین.»
١٦خێرا هاتن و مریەم و یوسف و ئەو مەلۆتکەیەی لە ئاخوڕەکەدا دانرابوو دۆزییانەوە.
١٧کاتێک بینییان، ئەو قسەیەیان بڵاو کردەوە کە دەربارەی ئەم منداڵە پێیان گوترابوو.
١٨هەموو ئەوانەی گوێیان لێبوو، سەریان سوڕمابوو لەوەی شوانەکان پێیان دەگوتن.
١٩بەڵام مریەم هەموو ئەم شتانەی لە دڵی خۆیدا هەڵدەگرت و لێکی دەدایەوە.
٢٠شوانەکان گەڕانەوە و خودایان شکۆدار کرد و ستایشیان کرد لە پێناوی هەموو ئەوەی بیستیان و بینییان، بەو شێوەیەی پێیان گوترابوو.
٢١لە ڕۆژی هەشتەم کاتی خەتەنەکردنی منداڵەکە هات، هەر ئەو کاتەش ناوی لێنرا عیسا، بەو شێوەیەی فریشتەکە ناوی لێنا، پێش ئەوەی مریەم سکی پڕبێت.
٢٢پاشان یوسف و مریەم لەدوای تەواوبوونی ڕۆژانی پاکبوونەوە عیسایان بردە ئۆرشەلیم تاکو پێشکەشی یەزدانی بکەن، بەگوێرەی تەوراتی موسا،
٢٣کە تەوراتی یەزدانە، هەروەک تێیدا نووسراوە: ﴿هەر نێرینەیەکی نۆبەرە بۆ یەزدان تەرخان دەکرێت.﴾
٢٤بۆ پێشکەشکردنی قوربانییەکیش، بەگوێرەی ئەوەی لە تەوراتی یەزدان گوتراوە: ﴿دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر.﴾
٢٥پیاوێکی چاک و لەخواترس بە ناوی شیمۆن لە ئۆرشەلیم هەبوو، چاوەڕێی هاتنی دڵنەواییکەری ئیسرائیل بوو، ڕۆحی پیرۆزی لەسەر بوو.
٢٦بە ڕۆحی پیرۆز بۆی ئاشکرا کرابوو کە نامرێت هەتا مەسیحی یەزدان نەبینێت.
٢٧بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە هاتە حەوشەکانی پەرستگا. کاتێک دایک و باوکەکە عیسای منداڵیان هێنایە ژوورەوە، تاکو بەگوێرەی نەریتی تەوراتی بۆ بکەن،
٢٨شیمۆن عیسای لە باوەشی گرت و ستایشی خودای کرد:
٢٩«ئەی یەزدانی باڵادەست، ئێستا بەگوێرەی قسەکەت بەندەی خۆت بە ئاشتی بەڕێبکە.
٣٠ئەوا چاوم ڕزگاریی تۆی بینی،
٣١ئەوەی لەبەردەم هەموو گەلان ئامادەت کردووە،
٣٢هەتا ببێتە ڕووناکی بۆ ئاشکراکردنی سروشی تۆ بۆ نەتەوەکان و ببێتە مایەی شکۆمەندی بۆ ئیسرائیلی گەلەکەت.»
٣٣دایک و باوکی سەرسام بوون لەوەی دەربارەی گوترا.
٣٤شیمۆن داوای بەرەکەتی بۆ کردن و بە مریەمی دایکی گوت: «ئا ئەم منداڵە دەبێتە هۆی کەوتن و هەستانەوەی کەسانێکی زۆر لە ئیسرائیل، هەروەها دەبێتە نیشانەیەک دژایەتی دەکرێت،
٣٥هەتا نیازی دڵی زۆر کەس ئاشکرابێت. تۆش شمشێرێک جەرگت دەبڕێت.»
٣٦پێغەمبەرێکی ژن هەبوو بە ناوی ئانای کچی پەنوئێل لە هۆزی ئاشێر. زۆر بە ساڵدا چوو بوو، لەدوای شووکردنی تەنها حەوت ساڵ لەگەڵ مێردەکەی ژیابوو،
٣٧پاشان بە بێوەژنی مابووەوە و تەمەنی گەیشتبووە هەشتا و چوار ساڵ. پەرستگای بەجێ نەدەهێشت، شەو و ڕۆژ بە نوێژ و ڕۆژوو خودای دەپەرست.
٣٨هەر لەو کاتەدا هات بۆ لای ئەوان و ستایشی خودای کرد، باسی منداڵەکەی بۆ هەموو ئەوانە کرد کە چاوەڕوانی ڕزگاریی ئۆرشەلیم بوون.
٣٩کە هەموو شتێکیان بەگوێرەی تەوراتی یەزدان تەواو کرد، هاتنەوە بۆ ناسیرەی شارەکەی خۆیان لە ناوچەی جەلیل.
٤٠منداڵەکەش گەشەی دەکرد و بەهێز دەبوو، پڕبوو لە دانایی و نیعمەتی خوداشی لەسەر بوو.
٤١دایک و باوکی هەموو ساڵێک لە جەژنی پەسخە دەچوونە ئۆرشەلیم.
٤٢کاتێک عیسا بووە دوازدە ساڵ، وەک نەریتی جەژن بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوتن.
٤٣دوای تەواوبوونی جەژن و لە گەڕانەوەیاندا، بەبێ ئەوەی دایک و باوکی بزانن، عیسای مێردمنداڵ لە ئۆرشەلیم مایەوە.
٤٤لەبەر ئەوەی پێیان وابوو لەنێو کاروانەکەیە، ڕۆژە ڕێیەک ڕۆیشتن. دوای ئەوە لەناو خزم و ناسیاوەکاندا بەدوایدا گەڕان.
٤٥کاتێک نەیاندۆزییەوە، گەڕانەوە بۆ ئۆرشەلیم بۆ ئەوەی بەدوایدا بگەڕێن.
٤٦دوای سێ ڕۆژ لە حەوشەکانی پەرستگادا دۆزیانەوە، بینییان لەناو مامۆستایان دانیشتووە، گوێیان لێ دەگرێت و پرسیاریان لێدەکات.
٤٧هەموو ئەوانەی گوێیان لێی ڕاگرتبوو، لە تێگەیشتن و وەڵامەکانی سەرسام بوون.
٤٨کاتێک بینییان واقیان وڕما، ئینجا دایکی پێی گوت: «کوڕم، بۆ وات لێکردین؟ من و باوکت نیگەرانت بووین و بەدواتدا دەگەڕاین.»
٤٩وەڵامی دانەوە: «بۆچی بەدوامدا دەگەڕان؟ نەتاندەزانی پێویستە لە ماڵی باوکمدا بم؟»
٥٠بەڵام لەو قسەیە تێنەگەیشتن کە پێی فەرموون.
٥١ئینجا لەگەڵیان گەڕایەوە و هاتەوە ناسیرە و گوێڕایەڵیان بوو. مریەمی دایکی ئەمانەی هەموو دەخستە دڵییەوە.
٥٢عیساش لە دانایی و باڵا گەشەی دەکرد، جێی ڕەزامەندی خودا و خەڵکی بوو.