١لە ساڵی پازدەمینی حوکمڕانی تێباریۆس قەیسەر، کاتێک پیلاتۆسی پۆنتی فەرمانڕەوای یەهودیا بوو، هێرۆدسی ئەنتیپاس فەرمانڕەوای جەلیل بوو، فیلیپۆسی براشی فەرمانڕەوای ئیتۆریە و تەراخۆنیتس بوو، لیسانیۆس فەرمانڕەوای ئەبیلینە بوو،
٢لە سەردەمی سەرۆک کاهینیێتی حەنا و قەیافا، لە دەشتودەر پەیامی خودا بۆ یەحیای کوڕی زەکەریا هات.
٣ئیتر بە هەموو ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری ئوردوندا دەگەڕا، جاڕی لەئاوهەڵکێشانی تۆبەکردنی دەدا بۆ گوناه بەخشین.
٤وەک لە پێشبینییەکانی پەڕتووکی ئیشایای پێغەمبەردا نووسراوە: ﴿کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت: «ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن، ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»
٥هەموو دۆڵێک پڕ دەبێتەوە و هەموو چیا و گردێک ڕۆدەچێت، ڕێگا خواروخێچەکان ڕاست دەبنەوە و سەختەکانیش ئاسان دەبن،
٦هەموو مرۆڤایەتی ڕزگاریی خودا دەبینن!﴾
٧یەحیا بەو خەڵکانەی دەگوت کە دەهاتن تاکو لە ئاویان هەڵکێشێت: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟
٨با بەرهەمێکتان هەبێت لە تۆبەکردن بوەشێتەوە. بە خۆتان مەڵێن: ”ئیبراهیم باوکمانە.“ پێتان دەڵێم، خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئیبراهیم دروستبکات.
٩ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە.»
١٠خەڵکەکە پرسیاریان لێکرد: «کەواتە چی بکەین؟»
١١وەڵامی دانەوە: «ئەوەی دوو کراسی هەیە، با یەکێکیان بداتە ئەوەی کە نییەتی، ئەوەش کە نانی هەیە، با هەمان شت بکات.»
١٢باجگرانیش بۆ لەئاوهەڵکێشان هاتن، لێیان پرسی: «مامۆستا، ئێمە چی بکەین؟»
١٣پێی گوتن: «لەوەی بۆتان دانراوە زیاتر وەرمەگرن.»
١٤سەربازانیش پرسیاریان لێکرد: «ئەی ئێمە چی بکەین؟» یەحیاش وەڵامی دانەوە: «خاوە لە کەس وەرمەگرن و بوختان مەکەن، بە مووچەکانتان ڕازی بن.»
١٥گەل لە چاوەڕوانیدا بوون، هەموو لە دڵی خۆیاندا دەربارەی یەحیا لێکیان دەدایەوە کە لەوانەیە یەحیا خۆی مەسیح بێت.
١٦یەحیا وەڵامی هەمووانی دایەوە: «من لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام یەکێک دێت لە من بەتواناترە، ئەوەی من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە. ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت.
١٧شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.»
١٨بە زۆر شتی دیکەش ئامۆژگاری گەلی دەکرد و مژدەی دەدانێ.
١٩بەڵام کاتێک یەحیا سەرزەنشتی هێرۆدسی ئەنتیپاسی فەرمانڕەوای جەلیلی کردبوو لەبەر ئەوەی کە هێرۆدیای براژنی خۆی هێنابوو و هەروەها لەبەر هەموو ئەو خراپانەی کردبووی،
٢٠ئەم خراپەیەشی خستە پاڵ هەموو ئەوانە، یەحیای لە زیندان بەندکرد.
٢١کاتێک گەل هەموو لە ئاو هەڵکێشران، عیساش لە ئاو هەڵکێشرا. کاتێک کە عیسا نوێژی دەکرد ئاسمان کرایەوە و
٢٢ڕۆحی پیرۆز لە شێوەی جەستەی کۆترێک لەسەری نیشتەوە و دەنگێک لە ئاسمانەوە هات: «تۆ کوڕی خۆشەویستمی، بە تۆ زۆر دڵشادم.»
٢٣کاتێک عیسا دەستی بە خزمەتەکەی کرد تەمەنی نزیکەی سی ساڵ بوو. وا دەزانرا کە کوڕی یوسفی، کوڕی هەلی،
٢٤کوڕی مەتسات، کوڕی لێڤی، کوڕی مەلکی، کوڕی یەننا، کوڕی یوسف،
٢٥کوڕی مەتاسیا، کوڕی ئامۆس، کوڕی ناحوم، کوڕی هەسلی، کوڕی نەجای،
٢٦کوڕی ماس، کوڕی مەتاسیا، کوڕی شیمعی، کوڕی یوسف، کوڕی یەهوزا،
٢٧کوڕی یواننا، کوڕی ڕیسا، کوڕی زروبابل، کوڕی شەئەلتیێل، کوڕی نیری،
٢٨کوڕی مەلکی، کوڕی ئادی، کوڕی کوسام، کوڕی ئەلمودام، کوڕی ئێر،
٢٩کوڕی یەشوع، کوڕی ئەلیعەزەر، کوڕی یوریم، کوڕی مەتسات، کوڕی لێڤی،
٣٠کوڕی شیمۆن، کوڕی یەهودا، کوڕی یوسف، کوڕی یۆنام، کوڕی ئەلیاقیم،
٣١کوڕی مەلیا، کوڕی مەننا، کوڕی مەتاسا، کوڕی ناتان، کوڕی داود،
٣٢کوڕی یەسا، کوڕی عوبێد، کوڕی بۆعەز، کوڕی سەلمۆن، کوڕی نەحشۆن،
٣٣کوڕی عەمیناداب، کوڕی ڕام، کوڕی حەسرۆن، کوڕی پێرێز، کوڕی یەهودا،
٣٤کوڕی یاقوب، کوڕی ئیسحاق، کوڕی ئیبراهیم، کوڕی تارەح، کوڕی ناحۆر،
٣٥کوڕی سەروگ، کوڕی ڕەعو، کوڕی پەلەگ، کوڕی عێبەر، کوڕی شالەح،
٣٦کوڕی کێنان، کوڕی ئەرپەکشاد، کوڕی سام، کوڕی نوح، کوڕی لامەخ،
٣٧کوڕی مەتوشالح، کوڕی حەنۆخ، کوڕی یارەد، کوڕی مەهلەلئێل، کوڕی قێنان،
٣٨کوڕی ئەنۆش، کوڕی شیت، کوڕی ئادەم، کوڕی خودایە.