کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزمەتا

مەتا ١٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١لەو کاتەدا هێرۆدسی ئەنتیپاس کە فەرمانڕەوای جەلیل بوو، ناوبانگی عیسای بیست،

٢بە پیاوەکانی گوت: «ئەمە یەحیای لەئاوهەڵکێشە لەناو مردوواندا هەستاوەتەوە، لەبەر ئەوە کاری پەرجوو لەسەر دەستی ئەو دەکرێت.»

٣هێرۆدس، لەبەر هێرۆدیای ژنی فیلیپۆسی برای، یەحیای گرتبوو، پەلبەستی کردبوو و خستبوویە زیندانەوە،

٤چونکە یەحیا پێی دەگوت: «دروست نییە براژنەکەت بخوازیت.»

٥هێرۆدسیش دەیویست یەحیا بکوژێت، بەڵام لە خەڵکەکە دەترسا، چونکە بە پێغەمبەریان دادەنا.

٦لە جەژنی لەدایکبوونی هێرۆدس، کچی هێرۆدیا لە ناوەڕاستی میواناندا سەمای کرد و هێرۆدسی دڵخۆش کرد.

٧ئەویش سوێندی بۆ خوارد و بەڵێنی پێ دا کە حەزی لە چی بێت بیداتێ.

٨کچەش بە فیتی دایکی، گوتی: «لێرە لەسەر سینییەک سەری یەحیای لەئاوهەڵکێشم بدەرێ.»

٩پاشاش دڵگران بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لەبەردەم میوانەکاندا سوێندی خواردبوو، فەرمانی دا بیدەنێ.

١٠ئینجا ناردی و لە زیندان سەری یەحیایان پەڕاند و

١١سەرەکەی لەسەر سینییەک هێنرا و درایە کچەکە، ئەویش بردییە لای دایکی.

١٢قوتابییەکانی یەحیا هاتن تەرمەکەیان هەڵگرت و ناشتیان. ئینجا چوون بۆ لای عیسا و هەواڵیان پێدا.

١٣کە عیسا ئەمەی بیست، سواری بەلەمێک بوو و بە تەنها چووە شوێنێکی چۆڵ. کاتێک خەڵک بیستیان، لە شارەکانەوە بە پێیان دوای کەوتن.

١٤کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی، خەڵکێکی بێشوماری بینی و دڵی پێیان سووتا و نەخۆشەکانی ئەوانی چاککردەوە.

١٥کاتێک ئێوارە داهات، قوتابییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «ئەم شوێنە چۆڵە و کاتیش درەنگە. خەڵکەکە بەڕێ بکە با بڕۆنە گوندەکان و خواردن بۆ خۆیان بکڕن.»

١٦بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێویست ناکات بڕۆن. ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.»

١٧ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «لێرە لە پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییە.»

١٨ئەویش فەرمووی: «بۆمی بهێننە ئێرە.»

١٩فەرمانی بە خەڵکەکە دا لەسەر گیاکە دانیشن. ئینجا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی خودای کرد و نانەکانی لەتکرد، ئینجا دایە قوتابییەکان و ئەوانیش دایانە خەڵکەکە.

٢٠هەموو خواردیان و تێر بوون، پاشان لەو پەلکەنانەی مایەوە دوازدە سەبەتەی پڕیان هەڵگرتەوە.

٢١ژمارەی ئەوانەی کە نانیان خوارد نزیکەی پێنج هەزار پیاو بوون، بێجگە لە ژن و منداڵ.

٢٢دەستبەجێ عیسا قوتابییەکانی ناچار کرد سواری بەلەمەکە بن و پێش خۆی بپەڕنەوە ئەوبەری دەریاچەکە، هەتا خۆی خەڵکەکە بەڕێ دەکات.

٢٣لەدوای ئەوەی خەڵکەکەی بەڕێکرد، سەرکەوتە سەر شاخێک بۆ ئەوەی بە تەنها نوێژ بکات. کە ئێوارە داهات بە تەنها لەوێ بوو،

٢٤بەلەمەکەش مەودایەکی زۆری لە وشکانییەوە بڕیبوو، شەپۆلەکانیش پێیاندا دەکێشا، چونکە ئاراستەی ڕەشەباکە پێچەوانە بوو.

٢٥پێش خۆرهەڵاتن عیسا هاتە لایان و بەسەر دەریاچەکەدا دەڕۆیشت.

٢٦کاتێک قوتابییەکان بینییان بەسەر دەریاچەکەدا دەڕوات، شێوان و گوتیان: «ئەمە دێوەزمەیە!» لە ترسانیشدا هاواریان کرد.

٢٧دەستبەجێ عیسا قسەی لەگەڵ کردن: «ورەتان بەرز بێ! ئەوە منم. مەترسن.»

٢٨پەترۆس وەڵامی دایەوە: «گەورەم، ئەگەر تۆی، فەرمانم پێبدە بەسەر ئاوەکەدا بێمە لات.»

٢٩فەرمووی: «وەرە.» پەترۆس لە بەلەمەکە دابەزی و بەسەر ئاوەکەدا ڕۆیشت و بەرەو لای عیسا بەڕێکەوت.

٣٠بەڵام کاتێک توندی بایەکەی بینی، ترسا و خەریک بوو نوقوم دەبوو، هاواری کرد: «گەورەم، ڕزگارم بکە!»

٣١عیساش یەکسەر دەستی درێژکرد و گرتی و پێی فەرموو: «کەم باوەڕ، بۆچی گومانت کرد؟»

٣٢کە سەرکەوتنە ناو بەلەمەکە، ڕەشەباکە وەستا.

٣٣ئەوانەی لەناو بەلەمەکەدا بوون، کڕنۆشیان بۆ برد و گوتیان: «بەڕاستی تۆ کوڕی خودای.»

٣٤کاتێک پەڕینەوە ئەوبەر، هاتنە خاکی جەنیسارەت.

٣٥خەڵکی ئەو ناوچەیە عیسایان ناسییەوە، هەواڵیان دا بە ناوچەکانی دەوروبەر و هەموو نەخۆشەکانیان بۆی هێنا.

٣٦لێی دەپاڕانەوە کە تەنها دەست لە چمکی کراسەکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێی دەدا چاکدەبوونەوە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.