کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزمەتا

مەتا ١٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئینجا چەند کەسێک لە مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان لە ئۆرشەلیمەوە هاتنە لای عیسا و لێیان پرسی:

٢«بۆچی قوتابییەکانت نەریتی پیران دەشکێنن؟ پێش نانخواردن دەستیان ناشۆن!»

٣ئەویش وەڵامی دانەوە: «ئەی بۆچی ئێوە لەبەر نەریتی خۆتان سەرپێچیی ڕاسپاردەی خودا دەکەن؟

٤چونکە خودا فەرموویەتی: ﴿ڕێزی دایک و باوکتان بگرن﴾، ﴿ئەوەی نەفرەت لە دایکی یان باوکی بکات، دەبێت بکوژرێت.﴾

٥بەڵام ئێوە دەڵێن: ”ئەگەر یەکێک بە دایک یان باوکی بڵێت: ’ئەوەی بەنیاز بووم بیدەمە ئێوە بۆ خودام تەرخان کردووە،‘

٦ئەوا پێویست ناکات کە ڕێزی دایک و باوکی بگرێت.“ جا لەبەر نەریتی خۆتان دەسەڵاتی ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە.

٧ئەی دووڕووان! سەبارەت بە ئێوە ئیشایای پێغەمبەر پێشبینییەکی باشی کردووە کە فەرموویەتی:

٨«﴿ئەم گەلە هەر بە دەم ڕێزم لێ دەگرن، بەڵام دڵیان لێم دوورە.

٩بەخۆڕایی دەمپەرستن، تەنها ڕاسپاردەی مرۆڤانە فێری خەڵک دەکەن.﴾»

١٠عیسا خەڵکەکەی بانگکرد و پێی فەرموون: «گوێ بگرن و تێبگەن.

١١ئەوەی دەچێتە ناو دەمەوە مرۆڤ گڵاو ناکات، بەڵکو ئەوەی لە دەم دێتە دەرەوە، ئەوە مرۆڤ گڵاو دەکات.»

١٢ئینجا قوتابییەکان هاتنە پێش و لێیان پرسی: «دەزانی کاتێک فەریسییەکان گوێیان لە قسەکە بوو بێزار بوون؟»

١٣وەڵامی دایەوە: «هەر ڕووەکێک باوکی ئاسمانیم نەیچاندبێت، هەڵدەکەنرێت.

١٤وازیان لێ بهێنن، ئەوانە کوێرن و ڕێنمایی کوێرەکان دەکەن. ئەگەر کوێر ڕێنمایی کوێر بکات، هەردووکیان دەکەونە چاڵەوە.»

١٥پەترۆس پێی گوت: «ئەم نموونەیەمان بۆ ڕوون بکەوە.»

١٦عیسا فەرمووی: «ئێوەش هێشتا تێناگەن؟

١٧ئایا نازانن هەرچی دەچێتە ناو دەم دەڕواتە ناو سک و پاشان دەچێتە دەرەوەی جەستە؟

١٨بەڵام ئەوەی لە دەمەوە دێتە دەرەوە، لە دڵەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەبێتە هۆی گڵاوبوونی مرۆڤ،

١٩چونکە بیری خراپ لە دڵەوە دەردەچێت، کوشتن، داوێنپیسی، بەدڕەوشتی، دزی، شایەتی درۆ، کفرکردن.

٢٠ئەمانە مرۆڤ گڵاو دەکەن. بەڵام نانخواردن بەبێ دەست شوشتن مرۆڤ گڵاو ناکات.»

٢١عیسا لەوێ ڕۆیشت و چوو بۆ ناوچەکانی سور و سەیدا.

٢٢ژنێکی کەنعانی خەڵکی دەوروبەری ئەوێ، بەرەو ڕووی هات و هاواری کرد: «گەورەم، ئەی کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە! کچەکەم بەهۆی ڕۆحی پیسەوە ئازارێکی زۆری هەیە.»

٢٣بەڵام عیسا تەنانەت بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە. قوتابییەکانی هاتنە پێشی و تکایان لێی کرد: «بەڕێی بکە، وا بەدوامانەوە هاوار دەکات.»

٢٤وەڵامی دایەوە: «من تەنها بۆ مەڕە ونبووەکانی ماڵی ئیسرائیل نێردراوم.»

٢٥بەڵام ژنەکە هات و کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «گەورەم، یارمەتیم بدە!»

٢٦وەڵامی دایەوە: «ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ.»

٢٧ژنەکە گوتی: «ڕاستە گەورەم، بەڵام سەگیش لەو پاشماوەیە دەخوات کە لە خوانی گەورەکانی بەردەبێتەوە.»

٢٨ئینجا عیسا وەڵامی دایەوە: «خانم، باوەڕی تۆ بەهێزە! ئەوەی داوای دەکەیت با بۆت ببێت.» لەو کاتەوە کچەکەش چاک بووەوە.

٢٩ئینجا عیسا لەوێ ڕۆیشت و هاتە لای دەریاچەی جەلیل، چووە سەر شاخێک و لەوێ دانیشت.

٣٠ئەوە بوو خەڵکێکی زۆر هاتنە لای، شەل و کوێر و گۆج و لاڵ و زۆری دیکەشیان لەگەڵ بوو، لەبەرپێی دایاننان، ئەویش چاکیکردنەوە.

٣١تەنانەت خەڵکەکە سەرسام بوون کە بینییان لاڵ قسە دەکات و گۆج چاکدەبێتەوە و شەل بە ڕێکی دەڕوات و کوێر دەبینێت، جا ستایشی خودای ئیسرائیلیان کرد.

٣٢ئینجا عیسا قوتابییەکانی بانگکرد و فەرمووی: «دڵم بەو خەڵکە دەسووتێت، ئەوە سێ ڕۆژە لەگەڵمدان و هیچیان نییە بیخۆن. ناشمەوێت بە برسیێتی بیاننێرمەوە، نەوەک لە ڕێگا بڕ نەکەن.»

٣٣قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «لەم چۆڵەوانییە ئەو نانە زۆرەمان لەکوێ بوو بۆ ناندانی ئەم هەموو خەڵکە؟»

٣٤عیساش پێی فەرموون: «چەند نانتان پێیە؟» گوتیان: «حەوت، لەگەڵ چەند ماسییەکی بچووک.»

٣٥ئیتر فەرمانی دا خەڵکەکە لەسەر زەوی دانیشن.

٣٦حەوت نان و ماسییەکانی لێ وەرگرتن و سوپاسی خودای کرد و لەتی کردن و دایە قوتابییەکان، قوتابییەکانیش دایانە خەڵکەکە.

٣٧هەموو خواردیان و تێربوون، دوایی حەوت سەبەتەی پڕ پەلکەنانیان کۆکردەوە.

٣٨نانخۆران چوار هەزار پیاو بوون، بێجگە لە ژن و منداڵ.

٣٩ئینجا عیسا خەڵکەکەی بەڕێکرد و سواری بەلەم بوو و هاتە سنووری مەگەدان.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.