١پاشان عیسا بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە بردرایە چۆڵەوانی، تاکو لەلایەن ئیبلیسەوە تاقی بکرێتەوە.
٢دوای ئەوەی کە چل شەو و چل ڕۆژ بەڕۆژوو بوو، برسی بوو.
٣تاقیکەرەوە لێی هاتە پێش، پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت، بەم بەردانە بڵێ با ببن بە نان.»
٤بەڵام عیسا وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: ﴿مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت، بەڵکو بە هەر وشەیەک کە لە دەمی خوداوە دێتە دەرەوە.﴾»
٥ئینجا ئیبلیس بردییە شاری پیرۆز و لەسەر گوێسەبانەی پەرستگا ڕایگرت و
٦پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت خۆت هەڵبدە خوارەوە. لەبەر ئەوەی نووسراوە: «﴿سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات، لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن، تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.﴾»
٧عیساش پێی فەرموو: «هەروەها نووسراوە: ﴿یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە.﴾»
٨دیسان ئیبلیس بۆ سەر شاخێکی زۆر بڵندی برد و هەموو شانشینەکانی جیهان و شکۆی ئەوانی پیشان دا و
٩پێی گوت: «هەموو ئەمانەت دەدەمێ ئەگەر کڕنۆش ببەیت و بمپەرستی.»
١٠ئینجا عیساش پێی فەرموو: «ئەی شەیتان لێم دووربکەوە! چونکە نووسراوە: ﴿کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت دەبەیت و تەنها ئەو دەپەرستیت.﴾»
١١ئیتر ئیبلیس وازی لێ هێنا و چەند فریشتەیەک هاتن و خزمەتیان دەکرد.
١٢کاتێک عیسا بیستی یەحیا گیراوە، گەڕایەوە بۆ ناوچەی جەلیل.
١٣ناسیرەی بەجێهێشت و هات لە شاری کەفەرناحوم نیشتەجێ بوو، کە لەسەر دەریاچەیە، لە سنووری زەبولون و نەفتالی،
١٤تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە گوتراوە بێتە دی:
١٥﴿ئەی خاکی زەبولون و خاکی نەفتالی، ئەوەی لە ڕێگای دەریایە، ئەوبەری ڕووباری ئوردون، جەلیلی ناجولەکەکان،
١٦ئەو گەلەی لە تاریکیدا دانیشتووە، ڕووناکییەکی گەورەی بینی، دانیشتووان لە خاکی سێبەری مەرگ ڕووناکی بەسەریاندا هەڵهات.﴾
١٧لەو کاتەوە عیسا دەستی کرد بە جاڕدان و دەیفەرموو: «تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.»
١٨کاتێک عیسا بە کەناری دەریاچەی جەلیلدا دەڕۆیشت، دوو برای بینی، شیمۆن کە پێی دەگوترا پەترۆس لەگەڵ ئەندراوسی برای، تۆڕیان فڕێدەدایە دەریاچەکە، چونکە ماسیگر بوون.
١٩عیسا پێی فەرموون: «وەرن دوام بکەون، دەتانکەم بە ڕاوکەری مرۆڤ.»
٢٠دەستبەجێ تۆڕەکانیان بەجێهێشت و دوای کەوتن.
٢١کە لەوێ ڕۆیشت، دوو برای دیکەی بینی، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای، لە بەلەمێکدا لەگەڵ زەبدی باوکیان تۆڕەکانیان چاک دەکردەوە، ئەوانیشی بانگکرد.
٢٢دەستبەجێ بەلەمەکە و باوکیان بەجێهێشت و دوای عیسا کەوتن.
٢٣ئینجا عیسا بە هەموو جەلیلدا دەگەڕا، لە کەنیشتەکانیان خەڵکی فێر دەکرد و مزگێنی پاشایەتییەکەی ڕادەگەیاند، هەرچی نەخۆشی و نەساغی نێو خەڵک هەبوو چاکی دەکردنەوە.
٢٤لەبەر ئەوە دەنگوباسی تەواوی سوریای گرتەوە، ئەوانیش هەموو نەخۆشێکیان دەهێنایە لای، بە جۆرەها دەرد و ئازارەوە، ئەوانەی کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو و فێدار و ئیفلیج بوون، چاکی دەکردنەوە.
٢٥جا خەڵکێکی زۆر لە جەلیل و دە شارەکە و ئۆرشەلیم و یەهودیا و ئەوبەری ڕووباری ئوردون دوای کەوتن.