١کاتێک عیسا خەڵکەکەی بینی، چووە سەر چیا، ئینجا دانیشت و قوتابییەکانی هاتنە لای،
٢دەستی کرد بە فێرکردنیان و فەرمووی:
٣«خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە بە ڕۆح هەژارن، چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە.
٤خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە ماتەمدارن، چونکە دڵنەوایی دەکرێن.
٥خۆزگە دەخوازرێت بە دڵنەرمەکان، چونکە زەوییان بە میراتیی بۆ دەمێنێتەوە.
٦خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە برسی و تینوون بۆ ڕاستودروستی، چونکە تێر دەکرێن.
٧خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە دڵیان پڕ لە بەزەییە، چونکە بەر بەزەیی دەکەون.
٨خۆزگە دەخوازرێت بە دڵپاکەکان، چونکە خودا دەبینن.
٩خۆزگە دەخوازرێت بە ئاشتیخوازان، چونکە بە ڕۆڵەی خودا ناودەبردرێن.
١٠خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە پێناوی ڕاستودروستی دەچەوسێنرێنەوە، چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە.
١١«خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی جنێوتان پێدەدەن و دەتانچەوسێننەوە، لەبەر من هەموو جۆرە بوختانێکتان بۆ هەڵدەبەستن.
١٢دڵخۆش و شادمان بن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە پێش ئێوە پێغەمبەرانیشیان ئاوا چەوساندووەتەوە.
١٣«ئێوە خوێی زەوین، بەڵام ئەگەر خوێ سوێرییەکەی نەما، چۆن تامە سوێرەکەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە؟ ئیتر بەکەڵکی هیچ نایەت، ئەوە نەبێ فڕێبدرێتە دەرەوە و خەڵکی پێشێلی بکەن.
١٤«ئێوە ڕووناکی جیهانن، شارێک لەسەر شاخ دروستکرابێت ناتوانرێت بشاردرێتەوە.
١٥هەروەها خەڵکی چرا هەڵناکەن تاکو بیخەنە ژێر تەشتەوە، بەڵکو لەسەر چرادان دایدەنێن بۆ ئەوەی ڕووناکی بداتە هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەدان.
١٦بە هەمان شێوە، با ئێوەش ڕووناکیتان بۆ خەڵک بدرەوشێتەوە، تاکو کردارە باشەکانتان ببینن و ستایشی باوکتان بکەن کە لە ئاسمانە.
١٧«وا بیر نەکەنەوە من هاتووم تەورات یان نووسراوی پێغەمبەران بسڕمەوە، نەهاتووم بۆ سڕینەوەیان، بەڵکو هاتووم بۆ تەواوکردنیان.
١٨ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەتا زەوی و ئاسمان لەئارادا بێت، پیتێک یان خاڵێک لە تەورات لەناو ناچێت، هەتا هەمووی دێتە دی.
١٩بۆیە ئەوەی بچووکترینی ئەم ڕاسپاردانە بشکێنێت و خەڵکیش ئاوا فێر بکات، لە شانشینی ئاسمان بە بچووکترین ناودەبردرێت. بەڵام ئەوەی پەیڕەویان بکات و خەڵکی فێر بکات، لە شانشینی ئاسمان بە مەزن ناودەبردرێت.
٢٠ئیتر پێتان دەڵێم: ئەگەر ڕاستودروستیتان لە مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان زیاتر نەبێت، هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمانەوە.
٢١«بیستووتانە بە پێشینان گوتراوە: ﴿مەکوژن﴾ و ”ئەوەی بکوژێت شایانی حوکم بەسەردادان دەبێت.“
٢٢بەڵام من پێتان دەڵێم ئەوەی لە خوشکی یان براکەی تووڕە بێ، دەبێ حوکم بدرێت. ئەوەی بە براکەی بڵێ ”هیچوپووچ،“ دەبێت بدرێتە ئەنجومەنی باڵای جولەکە، ئەوەش بڵێت ”گێلە“، دەبێت بخرێتە ناو ئاگری دۆزەخەوە.
٢٣«لەبەر ئەوە ئەگەر قوربانیت بۆ قوربانگا هێنا و لەوێ بیرت کەوتەوە کە خوشکت یان برات شتێکی بەسەرتەوە هەیە،
٢٤لەوێ لەبەردەم قوربانگا قوربانییەکەت بەجێبهێڵە و بڕۆ یەکەم جار خوشکت یان برات ئاشت بکەرەوە، ئینجا وەرە و قوربانییەکەت بکە.
٢٥«خێرا لەگەڵ ڕکابەرەکەت ئاشت بەرەوە لەو کاتەی لەگەڵتە و بە ڕێگاوەن بۆ دادگا، نەوەک ڕکابەرەکەت بتداتە دەست دادوەر و دادوەریش بتداتە دەست پۆلیس و فڕێبدرێیتە بەندیخانە.
٢٦ڕاستیت پێ دەڵێم: لەوێ دەرناچی هەتا دوایین فلس نەدەیتەوە.
٢٧«بیستووتانە گوتراوە: ﴿داوێنپیسی مەکەن.﴾
٢٨بەڵام من پێتان دەڵێم: ئەوەی بە هەوەسبازییەوە سەیری ئافرەتێک بکات، ئەوا لە دڵی خۆیدا داوێنپیسی لەگەڵ کردووە.
٢٩ئەگەر چاوی ڕاستت تووشی گوناهی کردیت، دەریبهێنە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت، لەوەی هەموو لەشت فڕێبدرێتە ناو دۆزەخ.
٣٠ئەگەر دەستی ڕاستت تووشی گوناهی کردیت، بیبڕەوە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت، لەوەی هەموو لەشت بچێتە دۆزەخەوە.
٣١«دیسان گوتراوە: ﴿ئەوەی ژنەکەی تەڵاق بدات، با تەڵاقنامەی بداتە دەست.﴾
٣٢بەڵام من پێتان دەڵێم: ئەوەی بەبێ هۆی داوێنپیسی ژنەکەی خۆی تەڵاق بدات، وای لێدەکات داوێنپیسی بکات. ئەوەش تەڵاقدراوێک بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی دەکات.
٣٣«دیسان بیستووتانە کە بە پێشینان گوتراوە: ﴿سوێندەکانت مەشکێنە، بەڵکو سوێندەکانت بۆ یەزدان بەرەسەر.﴾
٣٤بەڵام من پێتان دەڵێم: هەرگیز سوێند مەخۆن، نە بە ئاسمان، لەبەر ئەوەی تەختی شاهانەی خودایە،
٣٥نە بە زەوی، لەبەر ئەوەی تەختەپێیەتی، نە بە ئۆرشەلیم، لەبەر ئەوەی شاری پاشای پایەبەرزە.
٣٦سوێند بە سەری خۆت مەخۆ، چونکە ناتوانیت تاڵە مووێکی سپی یان ڕەش بکەیت.
٣٧با قسەتان ”بەڵێ“ بۆ ”بەڵێ“ و ”نەخێر“ بۆ ”نەخێر“ بێت، لەمە بترازێت لە شەیتانەوەیە.
٣٨«بیستووتانە گوتراوە: ﴿چاو بە چاو، ددان بە ددان.﴾
٣٩بەڵام من پێتان دەڵێم: بەربەرەکانێی خراپەکار مەکەن، بەڵکو ئەوەی لە ڕوومەتی ڕاستی دایت، لایەکەی دیکەشی بۆ شل بکە،
٤٠ئەوەی ویستی بتداتە دادگا و کراسەکەت لێ بستێنێت، چاکەتەکەشتی بدەرێ.
٤١ئەوەی یەک میل بێگاری پێ کردیت، دووانی لەگەڵ بڕۆ.
٤٢ئەوەی داوای شتێکی لێکردیت بیدەرێ. ئەوەی داوای قەرزی لێکردیت پشتی تێمەکە.
٤٣«بیستووتانە گوتراوە: ﴿نزیکەکەت خۆشبوێت،﴾ ”ڕقت لە دوژمنت بێتەوە.“
٤٤بەڵام من پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێ، نوێژ بکەن بۆ ئەوانەی دەتانچەوسێننەوە،
٤٥تاکو ببنە ڕۆڵەی ئەو باوکەتان کە لە ئاسمانە، ئەو خۆری خۆی بەسەر چاک و خراپدا هەڵدێنێت و باران بەسەر پیاوچاک و زۆرداریشدا دەبارێنێت.
٤٦ئەگەر هەر ئەوانەتان خۆشبوێ کە ئێوەیان خۆشدەوێت، چ پاداشتێک وەردەگرن؟ ئایا باجگرانیش ئەمە ناکەن؟
٤٧ئەگەر سڵاوتان تەنها لە ناسیاوەکانتان کرد، چی زیاترتان کردووە؟ ئایا بتپەرستانیش ئەمە ناکەن؟
٤٨بۆیە ئێوە کامڵ و تەواو بن، هەروەک باوکی ئاسمانیتان کامڵ و تەواوە.