١«هۆشیار بن و نەکەن لەبەرچاوی خەڵک چاکە بکەن بۆ ئەوەی بتانبینن، ئەگینا لەلای باوکی ئاسمانیتان پاداشتتان نابێت.
٢«لەبەر ئەوە کاتێک خێرێک دەکەیت، زوڕنای بۆ لێمەدە هەروەک دووڕووان کە لە کەنیشت و سەر شەقامەکان دەیکەن، بۆ ئەوەی لەلایەن خەڵکەوە ستایش بکرێن. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە.
٣بەڵام تۆ کە خێرێک دەکەیت، مەهێڵە دەستی چەپت بزانێت دەستی ڕاستت چی دەکات،
٤تاکو خێرەکەت بە نهێنی بێت. باوکیشت کە هەموو نهێنییەک دەبینێت، پاداشتت دەداتەوە.
٥«کاتێک نوێژ دەکەن وەک دووڕووان مەبن، چونکە ئەوان حەز دەکەن بە پێوە لە کەنیشت و سووچی شەقامەکان نوێژ بکەن، بۆ ئەوەی خەڵکی بیانبینن. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە.
٦بەڵام تۆ کاتێک نوێژ دەکەیت، بڕۆ ژوورەکەت و دەرگا لەسەر خۆت دابخە، نوێژ بکە بۆ باوکی نەبینراوت. باوکیشت کە هەموو نهێنییەک دەبینێت، پاداشتت دەداتەوە.
٧کاتێک نوێژ دەکەن، وەک بتپەرستان ئەوەندە وشەکان دووبارە مەکەنەوە، چونکە وا دەزانن بە زۆر گوتنیان گوێیان لێ دەگیرێت.
٨لەبەر ئەوە وەک ئەوان مەبن، چونکە باوکتان دەزانێت پێویستیتان بە چییە، پێش ئەوەی داوای لێ بکەن.
٩«بەڵام ئێوە بەم شێوەیە نوێژ بکەن و بڵێن: «”ئەی باوکمان لە ئاسمان، با ناوت پیرۆز بێت،
١٠با پاشایەتییەکەت بێ، با خواستت لەسەر زەوی پەیڕەو بکرێت وەک لە ئاسمان.
١١نانی ڕۆژانەمان ئەمڕۆش بدەرێ.
١٢لە گوناهەکانمان خۆشبە، وەک چۆن ئێمە لەوانە خۆشدەبین کە خراپەمان بەرامبەر دەکەن.
١٣مەمانخەرە تاقیکردنەوە، بەڵکو لە شەیتان ڕزگارمان بکە، [چونکە هەتاهەتایە پاشایەتی و هێز و شکۆ هی تۆیە. ئامین.]“
١٤ئەگەر گەردنی خەڵکی لەبەر خراپەکانیان ئازاد بکەن، ئەوا باوکی ئاسمانیشتان لێتان خۆشدەبێت.
١٥بەڵام ئەگەر گەردنی خەڵکی ئازاد نەکەن، ئەوا باوکیشتان لە گوناهەکانتان خۆش نابێت.
١٦«کاتێک بەڕۆژوو دەبن، ڕووگرژ مەبن وەک دووڕووان، چونکە ئەوان خۆیان پەرێشان دەردەخەن تاکو بۆ خەڵکی دەربخەن کە بەڕۆژوون. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە.
١٧بەڵام تۆ کە بەڕۆژوو دەبیت، سەرت چەور بکە و دەموچاوت بشۆ،
١٨تاکو بۆ خەڵک دەرنەکەوێت کە بەڕۆژوویت، تەنها بۆ باوکی نەبینراوت نەبێت، باوکیشت کە هەموو نهێنییەک دەبینێت، پاداشتت دەداتەوە.
١٩«لەسەر زەوی سامان بۆ خۆتان کۆمەکەنەوە کە مۆرانە و ژەنگ لێی دەدەن و دز دەیبڕێت و دەیدزێت.
٢٠بەڵکو سامان بۆ خۆتان لە ئاسمان کۆبکەنەوە کە مۆرانە و ژەنگ لێی نادەن و دزیش نایبڕێت و نایدزێت،
٢١چونکە سامانت لەکوێ بێت، دڵیشت لەوێ دەبێت.
٢٢«چاو چرای جەستەیە، ئەگەر چاوت ساغ بێت، ئەوا جەستەت هەمووی ڕووناکییە،
٢٣بەڵام ئەگەر چاوت ساغ نەبێت، ئەوا هەموو جەستەت تاریک دەبێت، لەبەر ئەوە ئەگەر ئەو ڕووناکییەی لە تۆدایە تاریکی بێت، ئاخۆ دەبێ تاریکی چۆن بێت!
٢٤«کەس ناتوانێت کۆیلایەتی دوو گەورە بکات، چونکە ڕقی لە یەکێکیان دەبێتەوە و ئەوەی دیکەی خۆشدەوێت، یان دەست بە یەکێکیانەوە دەگرێت و ئەوەی دیکە پشتگوێ دەخات. ئێوەش ناتوانن کۆیلەی خودا و پارە بن.
٢٥«بۆیە پێتان دەڵێم: خەم بۆ ژیانتان مەخۆن کە چی بخۆن و چی بخۆنەوە؛ هەروەها بۆ جەستەتان کە چی بپۆشن. ئایا ژیان لە خواردن گرنگتر نییە؟ یان جەستە لە جلوبەرگ؟
٢٦سەیری باڵندەی ئاسمان بکەن، نە تۆو دەکەن و نە دروێنە و نە لە ئەمبار کۆدەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا باوکی ئاسمانیتان بەخێویان دەکات. ئایا ئێوە لەوان بەنرختر نین؟
٢٧کێ لە ئێوە ئەگەر خەم بخوات، دەتوانێت یەک کاتژمێر لە تەمەنی خۆی زیاد بکات؟
٢٨«هەروەها بۆچی خەمی جلوبەرگتانە؟ سەیری گوڵی سەوسەن بکەن چۆن گەشە دەکات، نە خۆی ماندوو دەکات و نە دەڕێسێت،
٢٩بەڵام پێتان دەڵێم: تەنانەت سلێمانیش لەوپەڕی شکۆمەندیدا وەک یەکێک لەوانەی نەپۆشیوە.
٣٠ئەی کەم باوەڕینە، ئەگەر خودا ئەو گیایەی کە ئەمڕۆ لە کێڵگەیە و بەیانی دەخرێتە تەنوورەوە بەو شێوەیە بپۆشێت، ئایا ئێوە زیاتر نین هەتا پۆشتەتان بکات!
٣١جا خەم مەخۆن بڵێن، ”چی بخۆین؟“ یان ”چی بخۆینەوە؟“ یان ”چی لەبەر بکەین؟“
٣٢چونکە بێباوەڕان هەوڵ بۆ هەموو ئەم شتانە دەدەن، باوکی ئاسمانیشتان دەزانێت پێویستیتان بە هەموو ئەوانە هەیە.
٣٣بەڵکو یەکەم جار داوای پاشایەتییەکەی خودا و ڕاستودروستییەکەی بکەن، هەموو ئەمانەتان بۆ دابین دەکرێت.
٣٤لەبەر ئەوە خەمی بەیانی مەخۆن، چونکە بەیانی خەمی خۆی دەخوات. هەر ڕۆژێک خراپی خۆی بەسە.