١گوێ بگرن لەوەی یەزدان دەفەرموێت: «هەستە، بڕۆ لەلای چیاکانەوە سکاڵا بکە، با گردەکان گوێیان لێبێت کە چی دەڵێیت.
٢«ئەی چیاکان، گوێ لە سکاڵای یەزدان بگرن، ئەی بناغە هەمیشەییەکانی زەوی، ئێوەش گوێ بگرن! چونکە سکاڵای یەزدان لە گەلەکەیەتی، داواکەی لە دژی ئیسرائیلە.
٣«ئەی گەلەکەم، چیم لێت کردووە؟ بە چی نیگەرانم کردوویت؟ وەڵامم بدەوە!
٤من لە خاکی میسرەوە دەرمهێنایت، لە خاکی کۆیلایەتی تۆم کڕییەوە. من موسام بۆ ناردی ڕابەرایەتیت بکات، هەروەها هارون و مریەمیش.
٥ئەی گەلەکەم، بیهێنەرەوە یادت بالاقی پاشای مۆئاب پیلانی چی گێڕا و بەلعامی کوڕی بەعۆر چی وەڵام دایەوە. گەشتەکەت لە شەتیمەوە هەتا گلگال بهێنەرەوە یادت، تاکو کارە ڕاستودروستەکانی یەزدان بزانیت.»
٦بە چی بچمە بەردەمی یەزدان و بۆ خودای پایەبەرز بچەمێمەوە؟ ئایا بە قوربانی سووتاندن بچمە بەردەمی، بە گوێرەکەی تەمەن یەک ساڵە؟
٧ئایا یەزدان بە هەزاران بەران و بە دەیان هەزار ڕووبار لە ڕۆن ڕازی دەبێت؟ ئایا نۆبەرەکەم لە جیاتی یاخیبوونەکەم بدەم، بەری لەشم لە جیاتی گوناهی خۆم؟
٨ئەی مرۆڤ، یەزدان پێی ڕاگەیاندیت کە چی چاکە و داوای چیت لێدەکات: دادوەری بەجێبهێنە و حەزت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بێت و بە بێفیزی لەگەڵ خوداکەت هاتوچۆ بکەیت.
٩ئەگەر ئێوە دانان لە ناوی خودا بترسن! دەنگی یەزدان بانگەواز بۆ شارەکە دەکات: «ئەی گەل و ئەوانەی لە شار کۆدەبنەوە، گوێ بگرن!
١٠ئەی ماڵی خراپەکار، ئایا هێشتا گەنجینەی داهاتی ناڕەواییتان لەبیر دەکەم؟ ئایا ئێفەی ناتەواو کە نەفرەت لێکراوە لەیادی دەکەم؟
١١ئایا ئەوانەی تەرازوویان درۆیە بێتاوانیان دەکەم، ئەوانەی فێڵ لە توورەکەی کێش دەکەن؟
١٢دەوڵەمەندەکانی ستەمکارن، دانیشتووانەکەشی قسەی درۆ دەکەن و بە زمانیان فێڵ دەکەن.
١٣لەبەر ئەوە خەریکم سزاتان دەدەم، لەبەر گوناهەکانتان وێرانتان دەکەم.
١٤ئێوە دەخۆن و تێر نابن، گەدەتان هەردەم بەتاڵ دەبێت. ئەمبار دەکەن، بەڵام هیچ نامێنێتەوە، چونکە ئەوەی مایەوە دەیدەمە شمشێر.
١٥ئێوە دەچێنن و نادورنەوە، زەیتوون دەگوشن و بە ڕۆنەکەی خۆتان چەور ناکەن، ترێ دەگوشن و لە شەرابەکەی ناخۆنەوە،
١٦چونکە فەرزەکانی عۆمری و هەموو نەریتەکانی بنەماڵەی ئەحاڤتان بەجێهێناوە و ڕێگای ڕاوێژەکانی ئەوانتان گرتووەتەبەر. لەبەر ئەوە وێرانتان دەکەم و دانیشتووانەکەت دەکەمە مایەی گاڵتەجاڕی و تانە و تەشەری نەتەوەکان.»