کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزمیخا

میخا ٧

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١قوڕبەسەرم! وەک کەسێکم لێهات لە هاویندا بەر بڕنێت، وەک چنینەوەی ڕەزەمێو. نە هێشووە ترێ بۆ خواردن هەیە، نە هەنجیری یەکەم بەر کە نەوسم ئارەزووی دەکات.

٢خواناس لە خاک لەناوچوو، کەسێکی سەرڕاست لەنێو خەڵکدا نەماوە. هەموو بۆ خوێنڕشتن خۆیان ماتداوە، هەریەکە و براکەی خۆی بە تۆڕ ڕاودەکات.

٣بۆ خراپە هەردوو دەستەکانیان چالاکن، میر داوای دیاری دەکات، دادوەر بەرتیل وەردەگرێت، بەهێز بە ئارەزووی خۆی قسە دەکات پێکەوە دەیڕێسن.

٤چاکترینیان وەک وشترالووکە و ڕاستترینیان وەک پەرژینی دڕکە. ڕۆژی سزادانی خودا بۆ تۆ هات، ئەو ڕۆژەی کە چاودێرەکانت هاوار دەکەن بۆ ئاگادارکردنەوە. ئێستا کاتی سەرلێشێواندنی ئێوەیە.

٥متمانە بە برادەر مەکە و پشت بە دۆست مەبەستە. نهێنیت بپارێزە تەنانەت لە ژنەکەشت کە لە باوەشت پاڵکەوتووە،

٦چونکە کوڕ سووکایەتی بە باوکی دەکات، کچ لە دایکی ڕاستدەبێتەوە، بووک لە خەسووی؛ دوژمنی مرۆڤ لە خانەوادەکەی خۆی دەبێت.

٧بەڵام من چاوم لەسەر یەزدان دەبێت، چاوەڕوانی خودای ڕزگاریم دەکەم، خودام گوێم لێ دەگرێت.

٨ئەی دوژمنەکەم، بە نسکۆی من دڵخۆش نەبیت! چونکە ئەگەر بکەوم، هەڵدەستمەوە، ئەگەر لە تاریکیدا دانیشم، یەزدان ڕووناکییە بۆم.

٩لەبەر ئەوەی لە دژی ئەو گوناهم کرد، بەرگەی تووڕەیی یەزدان دەگرم، هەتا بەرگری لە داواکەم دەکات و مافی من دێتە دی. دەمهێنێتە دەرەوە بۆ ناو ڕووناکی، ڕاستودروستی ئەو دەبینم.

١٠ئینجا دوژمنەکەم تەماشا دەکات و شەرمەزاری دایدەپۆشێت، ئەوەی پێی دەگوتم: «کوا یەزدانی پەروەردگارت؟» چاوەکانم تەماشای کەوتنی دەکەن، تەنانەت ئێستاش دەشێلرێت وەک قوڕی شەقامەکان.

١١ڕۆژی بنیادنانی دیوارەکانت دێت، ڕۆژی فراوانکردنی سنوورەکانت.

١٢لەو ڕۆژەدا خەڵک دێنە لات، لەلای ئاشور و لە شارەکانی میسرەوە، تەنانەت لە میسرەوە هەتا فورات لە دەریاوە بۆ دەریا و لە چیاوە بۆ چیا.

١٣زەوی لەبەر دانیشتووانەکەی وێران دەبێت، بەهۆی کردەوەکانیان.

١٤بە گۆچانەکەت شوانایەتی گەلەکەت بکە، مێگەلی میراتەکەت، ئەوەی بە تەنها لە دارستان نیشتەجێیە لە ناوەڕاستی ڕەزەکان. با لە باشان و گلعاد بلەوەڕێن وەک ڕۆژگاری کۆن.

١٥«وەک ڕۆژانی هاتنەدەرەوەت لە خاکی میسر، کاری سەرسوڕهێنەریان نیشان دەدەم.»

١٦نەتەوەکان تەماشا دەکەن و شەرمەزار دەبن، سەرباری هەموو پاڵەوانییەتییەکەیان. دەست دەخەنە سەر دەمیان گوێیان کەڕ دەبێت.

١٧وەک مار خۆڵ دەلێسنەوە، وەک خشۆکەکانی زەوی. بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە، بۆ لای یەزدانی پەروەردگارمان دێن و دەتۆقن، لە تۆ دەترسن.

١٨کێ خودایەکی وەک تۆیە، کە لە تاوان دەبوورێت و لە یاخیبوونی پاشماوەی گەلەکەت خۆشدەبێت؟ هەتاسەر تووڕەیی خۆت هەڵناگریت، چونکە بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دڵخۆشیت.

١٩دەگەڕێیتەوە و بەزەییت پێماندا دێتەوە، تاوانەکانمان دەخەیتە ژێر پێتەوە و هەموو گوناهەکانمان فڕێدەدەیتە ناو قووڵایی دەریا.

٢٠دڵسۆزی بۆ یاقوب پیشان دەدەیت، خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ ئیبراهیم، ئەوەی سوێندت بۆ باوباپیرانمان خوارد هەروەک ڕۆژگاری کۆن.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.