کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزمەرقۆس

مەرقۆس ١٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١عیسا بە نموونە دەستی کرد بە قسەکردن بۆیان: «کابرایەک ڕەزێکی چاند، پەرژینێکی بە دەوریدا کرد، چاڵێکی بۆ ترێ گوشین تێدا هەڵکەند و قوللەیەکی چاودێری بنیاد نا. بە ڕەزەوانانی سپارد و گەشتی کرد.

٢لە وەرزی خۆیدا خزمەتکارێکی بۆ لای ڕەزەوانەکان نارد، تاکو بەرهەمی ڕەزەکە لە ڕەزەوانەکان وەربگرێت.

٣بەڵام گرتییان و لێیاندا و بە دەستی بەتاڵ ناردییانەوە.

٤دیسان خزمەتکارێکی دیکەی بۆ لایان نارد، سەری ئەمیشیان شکاند و سووکایەتییان پێ کرد.

٥یەکێکی دیکەشی نارد، ئەویشیان کوشت. زۆر خزمەتکاری دیکەشی نارد، لە هەندێکیان دا و هەندێکیان کوشت.

٦«تەنها کوڕە خۆشەویستەکەی مابوو، لە کۆتاییدا ئەویشی بۆ لایان نارد و گوتی: ”ڕێزی کوڕەکەم دەگرن.“

٧«بەڵام ئەو ڕەزەوانانە بە یەکتریان گوت: ”ئەوەتا میراتگر، با بیکوژین، تاکو ببینە میراتگر.“

٨ئینجا گرتیان و کوشتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەکە.

٩«خاوەنی ڕەزەکە چی دەکات؟ دێت و ئەم ڕەزەوانانە لەناودەبات و ڕەزەکە دەداتە خەڵکی دیکە.

١٠ئەم نووسراوە پیرۆزەتان نەخوێندووەتەوە: «﴿ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە، بوو بە گرنگترین بەردی بناغە.

١١ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو، لەبەرچاومان سەیرە﴾؟»

١٢کاهینانی باڵا دەیانویست بیگرن، چونکە زانییان نموونەکەی لەسەر ئەوان فەرموو، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان، ئیتر وازیان لێ هێنا و ڕۆیشتن.

١٣کاهینانی باڵا هەندێک لە فەریسییەکان و هێرۆدسییەکانیان ناردە لای عیسا، تاکو بە وشەیەکی تووشی بکەن.

١٤هاتن و پێیان گوت: «مامۆستا، دەزانین تۆ ڕاستگۆیت و لە کەس سڵ ناکەیتەوە، چونکە تەماشای ڕواڵەتی خەڵک ناکەیت، بەڵکو بە ڕاستی ڕێگای خودا فێر دەکەیت. دروستە سەرانە بدرێتە قەیسەر یان نا؟ بیدەین یان نا؟»

١٥بەڵام عیسا بە دووڕوویی ئەوانی زانی و پێی فەرموون: «بۆچی تاقیم دەکەنەوە؟ دینارێکم بۆ بهێنن با بیبینم.»

١٦هێنایان و پێی فەرموون: «ئەم وێنە و نووسینە هی کێیە؟» وەڵامیان دایەوە: «هی قەیسەر.»

١٧عیساش پێی فەرموون: «هی قەیسەر بدەنە قەیسەر، هی خوداش بدەنە خودا.» ئیتر زۆر پێی سەرسام بوون.

١٨سەدوقییەکان، ئەوانەی کە دەڵێن هەستانەوە نییە، هاتنە لای و پرسیاریان لێکرد:

١٩«مامۆستا، موسا بۆی نووسیوین، ئەگەر یەکێک براکەی بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی لەپاش خۆی بەجێهێشت، ئەوا براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە.

٢٠حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد.

٢١دووەم خواستییەوە و بە وەجاخکوێری مرد، سێیەمیش ئاوا.

٢٢هەر حەوتەکە وەجاخکوێر بوون، لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد.

٢٣ئایا لە ڕۆژی زیندووبوونەوەدا دەبێتە ژنی کامیان؟ چونکە ژنی هەر حەوتیان بووە.»

٢٤عیساش پێی فەرموون: «ئایا ئێوە هەڵە نین، چونکە نە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانن و نە لە هێزی خودا؟

٢٥کاتێک لە مردن هەڵدەستێنرێنەوە، نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک فریشتە لە ئاسمان دەبن.

٢٦بەڵام دەربارەی مردووان کە هەڵدەستنەوە، ئایا لە پەڕتووکی موسادا نەتانخوێندووەتەوە، چۆن لە دەوەنەکەدا خودا پێی فەرموو: ﴿من خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم﴾؟

٢٧ئەو خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە. زۆر بە هەڵەدا چوونە!»

٢٨یەکێک لە مامۆستایانی تەورات هات، گوێی لە گفتوگۆکەیان بوو، بینی عیسا وەڵامێکی باشی دانەوە، لێی پرسی: «چ ڕاسپاردەیەک لە هەموویان گرنگترە؟»

٢٩عیسا وەڵامی دایەوە: «لە هەموویان گرنگتر ئەمەیە: ﴿ئەی ئیسرائیل گوێ بگرن، یەزدانی پەروەردگارمان یەک یەزدانە،

٣٠جا بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو بیر و بە هەموو تواناتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.﴾

٣١لەدوای ئەویش ئەمەیە، ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت،﴾ هیچ ڕاسپاردەیەک لەم دوو ڕاسپاردەیە گرنگتر نییە.»

٣٢مامۆستاکەی تەوراتیش پێی گوت: «ڕاستە مامۆستا، ڕاستت فەرموو کە یەک خودا هەیە و بێجگە لە ئەو هیچ خودایەکی دیکە نییە.

٣٣خۆشویستنی ئەویش بە هەموو دڵ و بە هەموو تێگەیشتن و بە هەموو تواناوە، هەروەها خۆشویستنی نزیکەکەت وەک خۆت، لە هەموو جۆرە قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوێک باشترە.»

٣٤عیسا بینی بە داناییەوە وەڵامی دایەوە، پێی فەرموو: «لە پاشایەتی خوداوە دوور نیت.» ئیتر کەس نەیوێرا هیچ پرسیارێکی دیکەی لێ بکات.

٣٥کاتێک عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا خەڵکی فێر دەکرد فەرمووی: «مامۆستایانی تەورات چۆن دەڵێن: ”مەسیح کوڕی داودە“؟

٣٦داود خۆی بە سروشی ڕۆحی پیرۆز گوتی: «﴿یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو: ”لە دەستەڕاستم دابنیشە هەتا دوژمنانت دەخەمە ژێر پێت.“﴾

٣٧داود خۆی پێی دەڵێ ”خاوەن شکۆ“، ئیتر چۆن دەبێتە کوڕی؟» خەڵکەکە زۆر بە خۆشییەوە گوێیان لێی دەگرت.

٣٨لە فێرکردنەکەیدا دەیفەرموو: «ئاگاداری مامۆستایانی تەورات بن، حەز دەکەن بە جلی شۆڕەوە بگەڕێن و پێیان خۆشە لە بازاڕدا سڵاویان لێ بکرێت،

٣٩لە کەنیشتەکان ڕیزی پێشەوە بگرن و لە میوانیشدا لای سەرەوە.

٤٠ماڵی بێوەژن هەڵدەلووشن و بۆ خۆدەرخستن نوێژەکانیان درێژ دەکەنەوە. ئەمانە سزایان گەورەترە.»

٤١عیسا بەرامبەر گەنجینەی پەرستگا دانیشت و سەیری کرد چۆن خەڵکی پارەیان دەخەنە ناو گەنجینەکەوە، زۆرێک لە دەوڵەمەندەکان پارەی زۆریان دادەنا.

٤٢بێوەژنێکی هەژار هات و دوو فلسی دانا کە نیو عانەیە.

٤٣قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەم بێوەژنە هەژارە، لە هەموو ئەوانەی دیکە پارەی زیاتر خستە ناو گەنجینەکە،

٤٤چونکە هەمووان لە زیادەی خۆیان بەخشییان، بەڵام ئەم بێوەژنە، سەرەڕای هەژارییەکەی هەموو بژێوییەکەی بەخشی.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.