کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزمەرقۆس

مەرقۆس ١٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١کاتێک عیسا لە پەرستگا دەهاتە دەرەوە، یەکێک لە قوتابییەکانی پێی گوت: «مامۆستا تەماشا بکە! چ جۆرە بەرد و چ جۆرە تەلارێکن!»

٢عیساش پێی فەرموو: «ئەم تەلارە مەزنانە دەبینیت؟ لێرەدا بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت و هەمووی دەڕووخێت.»

٣کاتێک عیسا لەسەر کێوی زەیتوون بەرامبەر پەرستگاکە دانیشتبوو، پەترۆس و یاقوب و یۆحەنا و ئەندراوس بە تەنها لێیان پرسی:

٤«پێمان بڵێ کەی ئەمانە ڕوودەدەن؟ هەروەها ئەو نیشانەیە چییە کە ئاماژە بە نزیکبوونەوەی ڕوودانی ئامانە دەکات؟»

٥عیسا وەڵامی دانەوە: «ئاگاداربن، کەس چەواشەتان نەکات.

٦زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن، ”من ئەوم.“ زۆر کەسیش چەواشە دەکەن.

٧کاتێک جەنگ و هەواڵی جەنگیش دەبیستن مەتۆقن. دەبێت ئەمە ڕووبدات، بەڵام هێشتا کۆتایی نییە.

٨نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین. قاتوقڕی و بوومەلەرزەش لە شوێنی جیاجیا دەبێت. بەڵام ئەمانە سەرەتای ژانەکانن.

٩«ئاگاداری خۆتان بن، چونکە دەدرێنە دادگا و لە کەنیشتەکان بە قامچی لێتان دەدرێت. لە پێناوی مندا لەبەردەم فەرمانڕەوا و پاشایان ڕادەوەستێنرێن، وەک شایەتی بۆ ئەوان.

١٠هەروەها دەبێ یەکەم جار مزگێنییەکەم بە هەموو نەتەوەکان ڕابگەیەنرێت.

١١کاتێکیش دەتانگرن و ڕادەستتان دەکەن، پێشوەخت نیگەران مەبن لەوەی چی بڵێن، بەڵکو لەو کاتەدا چیتان پێ دەدرێت بەوە بدوێن، چونکە ئێوە نین دەدوێن، بەڵکو ڕۆحی پیرۆزە.

١٢«برا برای خۆی بۆ مردن بە دەستەوە دەدات، باوکیش منداڵی خۆی. منداڵان لە دایک و باوکیان هەڵدەگەڕێنەوە و بە کوشتنیان دەدەن.

١٣لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی هەتا کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت.

١٤«کاتێک ﴿قێزەونی وێرانکەر﴾ دەبینن لەو جێگایە ڕاوەستاوە کە نابێت لێی بێ (با خوێنەر تێبگات)، ئینجا با ئەوانەی لە یەهودیان بەرەو چیاکان ڕابکەن،

١٥ئەوەی لە سەربانە، با نەیەتە خوارەوە و نەچێتە ژوورەوە تاکو شتێک لە ماڵەوە ببات،

١٦هەروەها ئەوەی لە کێڵگەیە با نەگەڕێتەوە تاکو جلەکەی ببات.

١٧لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر دووگیان و شیردەر!

١٨نوێژ بکەن تاکو ئەوە لە زستاندا نەبێت،

١٩چونکە لەو ڕۆژانەدا تەنگانەیەک ڕوودەدات کە هەر لە سەرەتای دروستکردنی بەدیهێنراوانەوە لە لایەن خودا هەتا ئێستا ئاوا نەبووە و نابێت.

٢٠«ئەگەر پەروەردگار ئەو ڕۆژانەی کەم نەکردایەوە، کەس ڕزگاری نەدەبوو. بەڵام لە پێناوی ئەو هەڵبژێردراوانەی کە ئەو هەڵیبژاردوون، ئەو ڕۆژانەی کەم کردووەتەوە.

٢١ئەگەر ئەو کاتە یەکێک پێی گوتن: ”ئەوەتا مەسیح لێرەیە!“ یان: ”ئەوەتا لەوێیە!“ باوەڕ مەکەن،

٢٢چونکە چەند مەسیحێکی درۆزن و پێغەمبەرانی درۆزن دەردەکەون، نیشانە و پەرجوو دەکەن، تاکو ئەگەر بکرێ تەنانەت ئەوانەی هەڵبژێردراون هەڵبخەڵەتێنن.

٢٣بەڵام ئاگاداربن، ئەوا پێشوەخت هەموو شتێکم پێ گوتن.

٢٤«بەڵام لەو ڕۆژانەدا، دوای ئەو تەنگانەیە، «﴿خۆر تاریک دەبێت و مانگ ڕووناکییەکەی نادات،

٢٥ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەون، تەنی ئاسمانی دەهەژێن.﴾

٢٦«ئەوسا کوڕی مرۆڤ دەبینن بە هێزێکی گەورە و شکۆوە لەناو هەورەوە دێت.

٢٧ئینجا فریشتەکان دەنێرێت و ئەوانەی هەڵبژێردراون لە چوار بایەکە کۆدەکاتەوە، لەم سەری زەوییەوە هەتا ئەو سەری ئاسمان.

٢٨«پەند لە دار هەنجیر وەربگرن، کاتێک لقەکانی نەرم بوون و گەڵایان کرد، دەزانن هاوین نزیکە.

٢٩بە هەمان شێوە، کاتێک ئێوەش دەبینن ئەم شتانە ڕوودەدات، بزانن کە نزیکە و لە بەردەرگایە.

٣٠ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم نەوەیە بەسەرناچێت هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی.

٣١ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.

٣٢«سەبارەت بەو ڕۆژ و کاتە کەس نایزانێت، نە فریشتەکان کە لە ئاسمانن و نە کوڕەکە، باوک نەبێت.

٣٣کەواتە ئاگاداربن و ئێشک بگرن، چونکە نازانن کەی ئەو کاتە دێت.

٣٤وەک پیاوێکە گەشتی کردبێت، ماڵەکەی بەجێهێشتبێت و دەسەڵاتی دابێتە کۆیلەکانی، هەریەکە و بە ئیشی خۆی، دەرگاوانیشی ڕاسپاردبێت ئێشک بگرێت.

٣٥«لەبەر ئەوە ئێشک بگرن، چونکە نازانن کەی گەورەی ماڵ دەگەڕێتەوە، ئێوارە یان نیوەی شەو، یان لەگەڵ خوێندنی کەڵەشێر، یان بەیانی.

٣٦نەوەک لەناکاو بگەڕێتەوە و بتانبینێت خەوتوون.

٣٧جا ئەوەی بە ئێوەی دەڵێم، بە هەمووانی دەڵێم: ئێشک بگرن!»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.