کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزمەرقۆس

مەرقۆس ١٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١جەژنی پەسخە و فەتیرە دوو ڕۆژی مابوو، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات دەگەڕان بە فێڵێک عیسا بگرن و بیکوژن،

٢گوتیان: «با لە جەژندا نەبێت، نەوەک ئاژاوە بکەوێتە ناو خەڵک.»

٣کاتێک عیسا لە گوندی بێت‌عەنیا بوو، لە ماڵی شیمۆنە گول لەسەر خوان بوو، ژنێک هات بوتڵێکی ئەلەباستەریی بۆنی ناردینی بێگەردی گرانبەهای پێبوو، بوتڵەکەی شکاند و بەسەریدا ڕژاند.

٤بەڵام هەندێک تووڕە بوون و بە یەکتریان گوت: «بۆچی بۆنەکە ئاوا بەفیڕۆ درا؟

٥دەکرا ئەم بۆنە بە زیاتر لە سێ سەد دینار بفرۆشرایە و بدرایە بە هەژاران.» جا سەرزەنشتی ژنەکەیان کرد.

٦بەڵام عیسا فەرمووی: «وازی لێ بهێنن. بۆچی بێزاری دەکەن؟ شتێکی چاکی بۆ من کرد.

٧هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، کەی ویستتان دەتوانن چاکەیان لەگەڵ بکەن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم.

٨ئەوەی لە دەستی هات کردی، زوو جەستەی منی بۆ ناشتن چەورکرد.

٩ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە هەر شوێنێکی جیهاندا ئەم مزگێنییە ڕابگەیەنرێت، وەک یادکردنەوەیەک باسی ئەوەش دەکرێت کە ئەم ژنە کردوویەتی.»

١٠یەهوزای ئەسخەریوتی کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، چوو بۆ لای کاهینانی باڵا تاکو عیسا بە گرتن بدات.

١١کاتێک گوێیان لێبوو، دڵخۆش بوون و بەڵێنیان پێیدا زیوی بدەنێ. جا لە هەلێک دەگەڕا تاکو عیسا بە گرتن بدات.

١٢لە یەکەم ڕۆژی جەژنی فەتیرەدا، کە بەرخی پەسخەیان سەردەبڕی، قوتابییەکانی لە عیسایان پرسی: «دەتەوێ بچینە کوێ ئامادەکاری بکەین، تاکو نانی پەسخە بخۆیت؟»

١٣ئەویش دووان لە قوتابییەکانی نارد و پێی فەرموون: «بڕۆنە ناو شار، پیاوێک تووشتان دەبێت گۆزەیەک ئاوی هەڵگرتووە، دوای بکەون.

١٤لەکوێ چووە ژوورەوە، بە خاوەن ماڵەکە بڵێن: ”مامۆستا دەفەرموێ: کوا دیوەخانەکەم تاکو لەگەڵ قوتابییەکانم نانی پەسخەی تێدا بخۆم؟“

١٥ئەویش لە نهۆمی سەرەوە ژوورێکی گەورەتان پیشان دەدات، ڕاخراوە و ئامادە کراوە، لەوێ بۆمانی ئامادە بکەن.»

١٦قوتابییەکان ڕۆیشتن و هاتنە شار، هەموو شتێکیان دۆزییەوە، هەروەک عیسا پێی فەرمووبوون. ئینجا نانی پەسخەیان ئامادە کرد.

١٧کە ئێوارە داهات، عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە هات.

١٨پاڵیاندابووەوە نانیان دەخوارد، عیسا فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، یەکێکتان وا لەگەڵم دەخوات، بە گرتنم دەدات.»

١٩خەم دایگرتن و یەک لەدوای یەک گوتیان: «خۆ ئەو کەسە من نیم؟»

٢٠پێی فەرموون: «یەکێکە لەم دوازدەیە، ئەوەی لەگەڵم دەستی لەناو قاپەکەیە.

٢١کوڕی مرۆڤ دەبێت وەک ئەوەی لەبارەیەوە نووسراوە بڕوات، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدات! باشتر بوو بۆ ئەو کەسە هەر لەدایک نەبووایە.»

٢٢کاتێک نانیان دەخوارد، عیسا نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، پێیدان و فەرمووی: «وەریبگرن، ئەمە جەستەی منە.»

٢٣ئینجا جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد، پێیدان و هەموو لێیان خواردەوە.

٢٤پێی فەرموون: «ئەمە خوێنی منە، خوێنی پەیمانەکەیە کە لە پێناوی خەڵکێکی زۆر دەڕژێت.

٢٥ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئیتر لە بەرهەمی مێو ناخۆمەوە، هەتا ئەو ڕۆژە دێت کە سەر لە نوێ لە شانشینی خودا دەیخۆمەوە.»

٢٦ئینجا گۆرانیی ڕۆحییان گوت و چوون بۆ دەرەوەی شار بۆ کێوی زەیتوون.

٢٧عیسا پێی فەرموون: «هەمووتان پشتم تێ دەکەن، چونکە نووسراوە: «﴿لە شوانەکە دەدەم، مەڕەکان پەرت دەبن.﴾

٢٨بەڵام دوای هەستانەوەم، پێشتان دەکەوم بۆ جەلیل.»

٢٩پەترۆس پێی گوت: «ئەگەر هەموو پشتت لێ بکەن، من پشتت لێ ناکەم.»

٣٠عیسا پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: تۆ ئەمڕۆ، هەر ئەمشەو، پێش ئەوەی دوو جار کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.»

٣١بەڵام پەترۆس زیاتر پێداگری کرد و گوتی: «ئەگەر لەگەڵیشت بمرم، نکۆڵیت لێ ناکەم.» هەموو وایان گوت.

٣٢پاشان چوونە شوێنێک پێی دەگوترا گەتسیمانی، بە قوتابییەکانی فەرموو: «لێرە دانیشن تاکو نوێژ دەکەم.»

٣٣ئەوسا پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای لەگەڵ خۆی برد، هەستی بە دڵگرانی و دڵتەنگی دەکرد.

٣٤پێی فەرموون: «زۆر دڵتەنگم، خەریکە بمرم، لێرە بمێننەوە و ئێشک بگرن.»

٣٥کەمێک دوور کەوتەوە و خۆی خستە سەر زەوی، نوێژی کرد تاکو ئەگەر بکرێت کاتەکەی بەسەردا تێبپەڕێت.

٣٦فەرمووی: «بابە! باوکە، هەموو شتێک بۆ تۆ دەبێت، ئەم جامەم لەسەر لاببە، بەڵام نەک بە خواستی من، بەڵکو بە خواستی تۆ.»

٣٧گەڕایەوە بینی نوستوون، بە پەترۆسی فەرموو: «شیمۆن نوستوویت؟ نەتتوانی کاتژمێرێک ئێشک بگریت؟

٣٨ئێشک بگرن و نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە. ڕۆح چالاکە بەڵام جەستە لاوازە.»

٣٩دیسان ڕۆیشتەوە و نوێژی کرد، هەمان وتەی دووبارە کردەوە.

٤٠کاتێک کە دووبارە گەڕایەوە، بینی نوستوون، چونکە چاویان قورس ببوو، نەیانزانی چۆن وەڵامی بدەنەوە.

٤١سێیەم جار گەڕایەوە، پێی فەرموون: «هێشتا نوستوون و پشوو دەدەن؟ بەسە! کاتەکە هاتووە. ئەوەتا کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست گوناهباران.

٤٢هەستن با بڕۆین، ئەوەتا ئەوەی بە گرتنم دەدات نزیک بووەوە.»

٤٣کاتێک هێشتا عیسا قسەی دەکرد، لەناکاو یەهوزا گەیشت کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە. کۆمەڵە خەڵکێکی لەگەڵ بوو لەلایەن کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات و پیرانەوە نێردرابوون، شمشێر و داریان پێبوو.

٤٤ئەوەی بە گرتنی دەدا نیشانەیەکی پێدابوون، گوتبووی: «ئەوەی ماچی دەکەم، ئەوە خۆیەتی، بیگرن و بە پاسەوانییەوە بیبەن.»

٤٥هەرکە یەهوزا گەیشت، چوو بۆ لای عیسا و گوتی: «ڕابی!» و ماچی کرد.

٤٦ئیتر دەستبەسەریان کرد و گرتییان.

٤٧بەڵام یەکێک لە ئامادەبووان، شمشێرەکەی هەڵکێشا، لە خزمەتکاری سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی بڕی.

٤٨عیساش پێی فەرموون: «ئایا من کەسێکی یاخیبووم کە بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟

٤٩ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا لەگەڵتان بووم خەریکی فێرکردن بووم، نەتانگرتم، بەڵام دەبێت نووسراوە پیرۆزەکان بێنە دی.»

٥٠ئینجا هەموو بەجێیان هێشت و ڕایانکرد.

٥١گەنجێک دوای عیسا کەوت کە تەنها بە پارچە کەتانێک ڕووتییەکەی داپۆشیبوو. کاتێک گرتیان،

٥٢کەتانەکەی بەجێهێشت و بە ڕووتی ڕایکرد.

٥٣عیسایان بردە لای سەرۆکی کاهینان، هەموو کاهینانی باڵا و پیران و مامۆستایانی تەورات کۆبوونەوە.

٥٤پەترۆسیش دووربەدوور تاکو ناو حەوشەی ماڵی سەرۆکی کاهینان دوای کەوت، لەگەڵ خزمەتکاران لەبەردەم ئاگر دانیشتبوو خۆی گەرم دەکردەوە.

٥٥کاهینانی باڵا و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جولەکە بەدوای شایەتییەک دەگەڕان لەسەر عیسا تاکو سزای کوشتنی بەسەردا بدەن، بەڵام دەستیان نەکەوت.

٥٦کەسانێکی زۆر بە درۆ شایەتییان لەسەری دا، بەڵام شایەتییەکانیان یەکیان نەدەگرتەوە.

٥٧هەندێک هەستان و بە درۆ شایەتییان لەسەری دا و گوتیان:

٥٨«گوێمان لێی بوو دەیگوت: ”ئەم پەرستگایەی دەستکردی مرۆڤە دەیڕووخێنم، بە سێ ڕۆژ یەکێکی دیکە بنیاد دەنێم کە دەستکردی مرۆڤ نەبێت.“»

٥٩لەمەشدا شایەتییەکەیان کۆک نەبوو.

٦٠سەرۆکی کاهینانیش لە ناوەڕاست ڕاوەستا و لە عیسای پرسی: «هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ ئەم پیاوانە چ شایەتییەکت لەسەر دەدەن؟»

٦١بەڵام عیسا بێدەنگ مایەوە و هیچ وەڵامی نەدایەوە. دیسان سەرۆکی کاهینان لێی پرسی و پێی گوت: «ئایا تۆ مەسیحەکەی، کوڕی خودای پیرۆز؟»

٦٢عیسا فەرمووی: «من ئەوم. لە داهاتووش دەبینن کوڕی مرۆڤ لە دەستەڕاستی خودای توانادار دادەنیشێت و بەسەر هەوری ئاسمانەوە دێتەوە.»

٦٣سەرۆکی کاهینان جلەکانی خۆی دادڕی و گوتی: «ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟

٦٤خۆ گوێتان لە کفرەکە بوو، ڕاتان چییە؟» هەموو بڕیاریان دا کە شایانی مردنە.

٦٥هەندێک کەوتنە تف لێکردنی، دەم و چاویان داپۆشی و لێیان دەدا، پێیان دەگوت: «ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە کێ بوو لێیدایت؟» پاسەوانەکانیش گرتییان و دایانە بەر زللە.

٦٦پەترۆس لە خوارەوە لە حەوشەکە بوو، یەکێک لە کارەکەرانی سەرۆکی کاهینان هات.

٦٧پەترۆسی بینی خۆی گەرم دەکاتەوە، تێیڕوانی و گوتی: «تۆش لەگەڵ عیسای ناسیرەیی بوویت.»

٦٨بەڵام پەترۆس نکۆڵیی کرد و گوتی: «نازانم، تێناگەم چی دەڵێی.» چووە داڵانەکە. [ئینجا کەڵەشێر خوێندی.]

٦٩کارەکەرەکە بینییەوە، بەوانەی گوتەوە کە لەوێدا ڕاوەستابوون: «ئەمەش لەوانە.»

٧٠دیسان نکۆڵیی کرد. پاش کەمێک ئەوانەی لەوێدا ڕاوەستابوون، بە پەترۆسیان گوت: «بە ڕاستی تۆ لەوانیت، چونکە تۆش جەلیلیت.»

٧١دەستی کرد بە نەفرەتکردن و سوێندخواردن و گوتی: «ئەم کابرایەی باسی دەکەن نایناسم.»

٧٢دەستبەجێ کەڵەشێر بۆ دووەم جار خوێندی، پەترۆسیش قسەکەی عیسای بیرکەوتەوە کە پێی فەرمووبوو: «پێش ئەوەی دوو جار کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.» خۆی پێ نەگیرا و گریا.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.