١هەر بەیانی زوو، کاهینانی باڵا و پیران و مامۆستایانی تەورات و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جولەکە ڕاوێژیان کرد. عیسایان قۆڵبەست کرد و بردیان و دایانە دەست پیلاتۆس.
٢پیلاتۆس لێی پرسی: «تۆ پاشای جولەکەی؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «خۆت گوتت.»
٣کاهینانی باڵا سکاڵای زۆریان لێ دەکرد.
٤پیلاتۆس لێی پرسییەوە: «ئایا هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ بزانە چەند سکاڵات لێدەکەن.»
٥بەڵام عیسا هیچ وەڵامێکی نەدایەوە و پیلاتۆسیش بەمە سەرسام بوو.
٦لە هەر جەژنێکدا فەرمانڕەوا بەگوێرەی داواکاری خەڵکەکە بەندکراوێکی ئازاد دەکرد.
٧پیاوێک بە ناوی باراباس لەگەڵ یاخیبووان گیرابوو کە لە ڕاپەڕینەکەدا کوشتاریان کردبوو.
٨ئینجا خەڵکەکە هاتن و داوایان کرد ئەوەیان بۆ بکات کە هەمیشە دەیکرد بۆیان.
٩پیلاتۆسیش لێی پرسین: «دەتانەوێ پاشای جولەکەتان بۆ ئازاد بکەم؟»
١٠چونکە دەیزانی کاهینانی باڵا لە ئیرەییدا عیسایان بە گرتن دابوو.
١١بەڵام کاهینانی باڵا خەڵکەکەیان جۆشدا کە باراباسیان بۆ ئازاد بکات.
١٢پیلاتۆس دیسان لێی پرسین: «ئەی باشە چی لەوە بکەم کە پێی دەڵێن، ”پاشای جولەکە“؟»
١٣هاواریان کرد: «لە خاچی بدە!»
١٤پیلاتۆس لێی پرسین: «بۆ؟ چ خراپەیەکی کردووە؟» بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان دەکرد: «لە خاچی بدە!»
١٥پیلاتۆسیش دەیویست خەڵکەکە ڕازی بکات، لەبەر ئەوە باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت.
١٦سەربازەکان عیسایان بردە کۆشکی فەرمانڕەوا و تەواوی سەربازەکانیان کۆکردەوە.
١٧کەوایەکی ئەرخەوانییان لەبەرکرد، تاجێکیان لە دڕک هۆنییەوە و لەسەریان نا.
١٨دەستیان کرد بە سڵاو لێکردنی و دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای جولەکە!»
١٩بە قامیش لەسەریان دەدا و تفیان لێی دەکرد، چۆکیان دادەدا و لەبەردەمی کڕنۆشیان دەبرد.
٢٠کاتێک گاڵتەیان پێ کرد، کراسە ئەرخەوانییەکەیان لەبەر داکەند و جلەکەی خۆیان لەبەرکردەوە و بۆ لەخاچدان بردیانە دەرەوە.
٢١ڕێبوارێک لە کێڵگە دەهاتەوە، ناوی شیمۆنی کورێنی بوو، باوکی ئەسکەندەر و ڕوفوس، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت.
٢٢ئینجا عیسایان بردە شوێنێک کە پێی دەگوترا گولگۆسا، واتا «شوێنی کاسەسەر».
٢٣شەرابی تێکەڵ بە موڕیان پێدا، بەڵام نەیخواردەوە.
٢٤لە خاچیان دا و جلەکانیان دابەش کرد، تیروپشکیان لەسەر کرد، بۆ ئەوەی بزانن هەریەکەیان چی بەردەکەوێت.
٢٥کاتێک لە خاچیان دا کاتژمێر نۆی بەیانی بوو،
٢٦ناونیشانی تاوانەکەشی نووسرابوو: پاشای جولەکە.
٢٧دوو دزیشیان لەگەڵی لە خاچ دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. [
٢٨نووسراوە پیرۆزەکە هاتە دی کە دەڵێت: ﴿لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا.﴾]
٢٩ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین، جنێویان پێی دەدا و سەریان بادەدا و دەیانگوت: «ها! ئەی ڕووخێنەری پەرستگا و بنیادنەرەوەی لە سێ ڕۆژدا،
٣٠خۆت ڕزگار بکە و لە خاچەکە دابەزە.»
٣١بە هەمان شێوە کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات گاڵتەیان دەکرد و بە یەکتریان دەگوت: «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات!
٣٢با ئێستا مەسیحی پاشای ئیسرائیل لە خاچەکە دابەزێت، تاکو ببینین و باوەڕ بهێنین.» ئەوانەش کە لەگەڵی لە خاچ دەدران قسەیان پێ دەگوت.
٣٣کە بووە کاتژمێر دوازدە تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا هەتا کاتژمێر سێ.
٣٤لە کاتژمێر سێ، عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «﴿ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟﴾» کە بە واتای ﴿خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟﴾ دێت.
٣٥کاتێک هەندێک لەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون گوێیان لێی بوو، گوتیان: «ئەوە بانگی ئەلیاس دەکات.»
٣٦یەکێک ڕایکرد و ئیسفەنجێکی لە سرکە هەڵکێشا و بەسەر قامیشێکەوە پێیدا تاکو بیخواتەوە و گوتی: «لێگەڕێن، با بزانین ئەلیاس دێت دایبگرێت؟»
٣٧عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گیانی سپارد.
٣٨پەردەی پەرستگاش لە سەرەوە هەتا خوارەوە شەق بوو و بوو بە دوو پارچەوە.
٣٩ئەو سەرپەلەی بەرامبەر عیسا ڕاوەستابوو، گوێی لە هاواری بوو و بینی چۆن گیانی سپارد، گوتی: «بەڕاستی ئەم کەسە کوڕی خودا بوو!»
٤٠چەند ژنێک لە دوورەوە تەماشایان دەکرد، لەنێوانیاندا مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوبی بچووک و یوسی و سالومە دەبینران.
٤١ئەمانە لە جەلیلەوە دوای عیسا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد، زۆری دیکەش لەگەڵی هاتبوونە ئۆرشەلیم.
٤٢ئێوارە داهات، ڕۆژی خۆ ئامادەکردن بوو، واتا ڕۆژی پێش شەممە،
٤٣یوسفی خەڵکی ڕامە ئەندامێکی بەرزی ئەنجومەن بوو، ئەویش چاوەڕێی شانشینی خودای دەکرد، وێرای و چوو بۆ لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای کرد.
٤٤پیلاتۆس سەرسام بوو ئاوا بە زوویی عیسا مردووە، سەرپەلەکەی بانگکرد و لێی پرسی ئاخۆ دەمێکە مردووە.
٤٥کاتێک لە سەرپەلەکەوە زانی، تەرمەکەی دایە یوسف.
٤٦ئەویش کەتانی کڕی، دایگرت و بە کەتان کفنی کرد، لە گۆڕێکدا ناشتی کە لە تاشەبەرد هەڵکەنرابوو. ئینجا بەردێکی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە.
٤٧مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوب، بینییان لەکوێ نێژرا.