کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزمەرقۆس

مەرقۆس ٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١دیسان عیسا چووەوە ناو کەنیشتێک، لەوێ پیاوێکی لێبوو دەستی وشک ببوو،

٢ئیتر هەندێک لەوانەی لەوێ بوون چاودێرییان دەکرد بۆ ئەوەی بزانن لە شەممەدا چاکی دەکاتەوە، تاکو سکاڵای لێ بکەن.

٣عیسا بە پیاوە دەست وشکبووەکەی فەرموو: «لەبەردەم هەمووان ڕابوەستە.»

٤ئینجا پێی فەرموون: «ئایا لە شەممەدا کاری چاکە دروستە یان کاری خراپە؟ ڕزگارکردنی ژیان یان کوشتن؟» کەچی بێدەنگ بوون.

٥بە تووڕەییەوە ئاوڕی لێیان دایەوە، لەبەر دڵڕەقییان خەمبار بوو، بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش درێژی کرد و دەستی چاک بووەوە.

٦فەریسییەکان هاتنە دەرەوە و یەکسەر لەگەڵ هێرۆدسییەکان تەگبیریان کرد چۆن بیکوژن.

٧عیسا و قوتابییەکانی بەرەو دەریاچەکە کشانەوە و خەڵکێکی زۆر لە جەلیل دوای کەوتن.

٨کاتێک هەموو ئەو شتانەیان بیست کە دەیکرد، خەڵکێکی زۆر لە یەهودیا، ئۆرشەلیم، ئادومیا، ئەوبەری ڕووباری ئوردون و دەوروبەری سور و سەیداوە هاتنە لای.

٩ئەویش بە قوتابییەکانی فەرموو کە بەلەمێکی بۆ ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی خەڵکەکە پاڵەپەستۆی نەخەنە سەر.

١٠لەبەر ئەوەی خەڵکێکی زۆری چاککردەوە، وای لێهات هەموو دەردەدارەکان بەرەو ڕووی دەهاتن تاکو دەستی لێبدەن.

١١ئەو کەسانەی کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو، کاتێک دەیانبینی کڕنۆشیان بۆ دەبرد و هاواریان دەکرد: «تۆ کوڕی خودای!»

١٢ئەویش بە توندی فەرمانی پێدەدان لەلای کەس باسی نەکەن.

١٣عیسا چووە سەر شاخێک و ئەوانەی بانگکرد کە خۆی ویستنی، ئەوانیش چوونە لای.

١٤دوازدەی دیاری کرد و ناوی لێنان نێردراوان، تاکو لەگەڵی بن و بۆ جاڕدان بیاننێرێت و

١٥دەسەڵاتیان هەبێت بۆ دەرکردنی ڕۆحی پیس.

١٦ئەم دوازدە کەسەی دیاری کرد: شیمۆن کە ناوی لێنا پەترۆس،

١٧یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای کە ناوی لێنان بوانەرگس، واتا کوڕانی هەورەتریشقە،

١٨هەروەها ئەندراوس، فیلیپۆس، بەرتۆلماوس، مەتا، تۆماس، یاقوبی کوڕی حەلفی، تەداوس، شیمۆنی کانەوی و

١٩یەهوزای ئەسخەریوتی کە عیسای بە گرتن دا.

٢٠عیسا چووە ماڵێک و دیسان خەڵکێکی زۆریان لێ کۆبووەوە، بە شێوەیەک کە نەیانتوانی نان بخۆن.

٢١کاتێک کەسوکاری بیستیان، هاتن بیگرن، چونکە دەیانگوت: «مێشکی تێکچووە.»

٢٢مامۆستایانی تەوراتیش کە لە ئۆرشەلیمەوە هاتبوون، گوتیان: «بەعل‌زەبول دەستی بەسەردا گرتووە، بە شای ڕۆحە پیسەکان، ڕۆحی پیس دەردەکات.»

٢٣عیسا بانگی کردن و بە نموونە قسەی بۆ کردن: «شەیتان چۆن دەبێت شەیتان دەربکات؟

٢٤ئەگەر شانشینێک دووبەرەکی تێدابێت، ئەو شانشینە خۆی ڕاناگرێت.

٢٥ئەگەر ماڵێکیش دووبەرەکی تێدابێت، ئەو ماڵە خۆی ڕاناگرێت.

٢٦ئەگەر شەیتان لە خۆی هەڵگەڕایەوە و دووبەرەکی تێکەوت، خۆی ڕاناگرێت، بەڵکو کۆتایی پێ دێت.

٢٧کەسیش ناتوانێت بچێتە ماڵی پیاوێکی بەهێز و شتەکانی تاڵان بکات، ئەگەر یەکەم جار نەیبەستێتەوە، ئینجا ماڵەکەی تاڵان بکات.

٢٨ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەموو گوناه و کفرکردنێکی مرۆڤ دەبەخشرێت،

٢٩بەڵام ئەوەی سەبارەت بە ڕۆحی پیرۆز کفر بکات، هەرگیز نابەخشرێت، بەڵکو بە گوناهێکی هەتاهەتاییەوە تاوانبارە.»

٣٠ئەمەی فەرموو، چونکە دەیانگوت: «ڕۆحی پیسی هەیە.»

٣١دایک و براکانی عیسا هاتن، لە دەرەوە ڕاوەستان و ناردیان بەدوایدا.

٣٢خەڵکیش لە دەوروبەری دانیشتبوون، پێیان گوت: «وا دایک و براکانت لە دەرەوە بەدواتدا دەگەڕێن.»

٣٣وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «دایک و براکانم کێن؟»

٣٤چاوی گێڕا بەسەر ئەوانەی لە دەوروپشتی دانیشتبوون و فەرمووی: «دایک و برای من ئەمانەن.

٣٥ئەوەی بە خواستی خودا بکات، خوشک و برا و دایکمە.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.