١دیسان عیسا لە کەناری دەریاچەی جەلیل دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک، خەڵکێکی ئێجگار زۆر لێی کۆبووەوە، تاکو وای لێهات چووە ناو بەلەمێکی ناو ئاوەکە دانیشێت، هەموو خەڵکەکەش لە نزیک ئاوەکە لەسەر وشکانی بوون.
٢بە نموونە زۆر شتی فێرکردن، لە فێرکردنەکەیدا پێیانی فەرموو:
٣«گوێ بگرن، جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات.
٤کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا، باڵندەش هاتن و خواردیانن.
٥هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان کە خۆڵی کەم بوو، خێرا سەریان دەرکرد، چونکە زەوییەکەی قووڵ نەبوو.
٦بەڵام کە ڕۆژ هەڵهات سووتان و وشک بوون، چونکە ڕەگیان نەبوو.
٧هەندێکیشیان کەوتنە نێو دڕکان، دڕکەکان گەورە بوون و خنکاندیانن و بەرهەمیان نەدا.
٨هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی باش، ڕوان و گەشەیان کرد و بەرهەمیان دا، یەک بە سی و یەک بە شەست و یەک بە سەد.»
٩ئینجا فەرمووی: «ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێت!»
١٠کاتێک عیسا بە تەنها بوو، ئەوانەی لە دەوروپشتی بوون لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە، دەربارەی نموونەکە لێیان پرسی.
١١ئەویش پێی فەرموون: «نهێنی شانشینی خودا بە ئێوە دراوە، بەڵام ئەوانەی لە دەرەوەن هەموو شتێکیان بە نموونە پێ دەگوترێت،
١٢بۆ ئەوەی «﴿بە سەیرکردن سەیر بکەن، بەڵام نەبینن، بە بیستن ببیستن، بەڵام تێنەگەن، نەوەک بگەڕێنەوە و ببەخشرێن!﴾»
١٣ئینجا پێی فەرموون: «ئایا لەم نموونەیە تێنەگەیشتن؟ باشە چۆن لە نموونەکانی دیکە تێدەگەن؟
١٤جوتیارەکە پەیامی خودا تۆو دەکات.
١٥هەندێک کەس وەکو ئەو تۆوانەن کە دەکەونە سەر ڕێگاکە، کە پەیامەکەیان لێ تۆو دەکرێت، کاتێک دەیبیستن دەستبەجێ شەیتان دێت و ئەو پەیامە دەبات کە تێیاندا تۆوکراوە.
١٦ئەوانەی دیکە کە لەسەر بەردەڵانەکە تۆوکران، ئەوانەن کە پەیامەکە دەبیستن و دەستبەجێ بە خۆشییەوە وەریدەگرن،
١٧بەڵام بۆ ماوەیەکی کەم دەمێنن، چونکە ڕەگیان نییە. دواتر لەبەر پەیامەکە تووشی تەنگانە و چەوسانەوە دەبن، یەکسەر دەکەون.
١٨ئەوانەی دیکە کە لەنێو دڕکەکاندا تۆوکران، ئەمانە ئەوەن کە پەیامەکە دەبیستن،
١٩بەڵام خەمی ژیان و فریوخواردنی دەوڵەمەندی و ئارەزووی شتەکانی دیکە دێنە ناوەوە و پەیامەکە دەخنکێنن، ئیتر بێ بەرهەم دەبن.
٢٠ئەوانەی دیکە کە لەسەر زەوییەکی باش تۆوکران، ئەوانەن کە پەیامەکە دەبیستن و وەریدەگرن و بەرهەم دەدەن، یەک بە سی و یەک بە شەست و یەک بە سەد.»
٢١ئینجا پێی فەرموون: «ئایا خەڵکی چرا هەڵدەکەن تاکو بیخەنە ژێر تەشت یان نوێنەوە؟ باشە لەسەر چرادان داینانێن؟
٢٢چونکە هیچ شتێکی شاردراوە نییە ئاشکرا نەبێت و نهێنی نییە دەرنەکەوێت.
٢٣ئەگەر یەکێک گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێت.»
٢٤هەروەها پێی فەرموون: «وردببنەوە لەوەی دەیبیستن. بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، خودا بۆتان دەپێوێتەوە و زیاتریشتان دەداتێ،
٢٥چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت، ئەوەش کە نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە.»
٢٦هەروەها فەرمووی: «شانشینی خودا لە مرۆڤێک دەچێت تۆو بوەشێنێتە سەر زەوی.
٢٧شەو دەخەوێت و ڕۆژ هەڵدەستێت، تۆوەکە سەر دەردەکات و گەشە دەکات، ئەویش نازانێت چۆن دەبێت.
٢٨زەوی لە خۆیەوە بەرهەم دەدات، یەکەم جار گیا، ئینجا گوڵەگەنم، پاشان لە گوڵەگەنمەکەدا گەنمی تەواو.
٢٩بەڵام کاتێک بەرەکە پێدەگات، دەستبەجێ داسی لێ گیر دەکات، چونکە دروێنەی هاتووە.»
٣٠هەروەها فەرمووی: «شانشینی خودا لە چی دەچێت؟ بە چ نموونەیەک ڕوونی بکەینەوە؟
٣١شانشینی خودا وەک دەنکە خەرتەلەیەکە، کاتێک لەسەر زەوی تۆو دەکرێت، لە هەموو تۆوەکانی سەر زەوی بچووکترە.
٣٢کاتێک تۆو دەکرێت، گەشە دەکات و لە هەموو ڕووەکەکان گەورەتر دەبێت و لقی گەورە دەردەکات، بە شێوەیەک باڵندەی ئاسمان دەتوانن لەژێر سێبەریدا هێلانە بکەن.»
٣٣هەتا ئەو ئاستەی دەیانتوانی لێی تێبگەن، عیسا بە زۆر نموونەی لەو شێوەیە خەڵکی فێر دەکرد.
٣٤بەبێ نموونە قسەی بۆ نەدەکردن، بەڵام کاتێک بە تەنها دەبوو لەگەڵ قوتابییەکانی خۆی هەموو واتاکانی بۆ ڕوون دەکردنەوە.
٣٥هەر ئەو ڕۆژە، کاتێک ئێوارە داهات، بە قوتابییەکانی فەرموو: «با بپەڕینەوە ئەوبەر.»
٣٦ئەوانیش خەڵکەکەیان بەجێهێشت و بە هەمان بەلەم عیسایان برد؛ بەلەمی دیکەشی لەگەڵ بوو.
٣٧ئینجا ڕەشەبایەکی توند هەڵیکرد، شەپۆلەکان بە توندی لە بەلەمەکەیان دەدا، کە خەریک بوو پڕبێت لە ئاو.
٣٨عیسا لە دواوە سەری خستبووە سەر سەرینێک و خەوتبوو. هەڵیانساند و پێیان گوت: «مامۆستا، بەلاتەوە گرنگ نییە ئەگەر لەناوبچین؟»
٣٩ئەویش هەستا و لە ڕەشەباکەی ڕاخوڕی و بە دەریاچەکەی فەرموو: «بێدەنگ بە! هێمن بە!» ڕەشەباکە وەستا و بووە هێمنییەکی تەواو.
٤٠ئینجا پێی فەرموون: «بۆچی ئەوەندە دەترسن؟ هێشتا باوەڕتان نییە؟»
٤١ئەوانیش تۆقین و بە یەکترییان دەگوت: «ئەمە کێیە؟ تەنانەت با و دەریاش گوێڕایەڵی دەبن!»