١ئینجا گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە، بۆ هەرێمی گەراسین.
٢کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی، یەکسەر لەناو گۆڕستان پیاوێکی تووش بوو ڕۆحی پیسی تێدابوو،
٣لەناو گۆڕستاندا دەژیا، کەس نەیدەتوانی چیتر بیبەستێتەوە، تەنانەت بە زنجیریش.
٤زۆر جار بە کۆت و زنجیر دەبەسترایەوە، بەڵام زنجیرەکانی دەپچڕاند و کۆتەکانیشی دەشکاند، کەس نەیدەتوانی بەسەریدا زاڵ بێت.
٥شەو و ڕۆژ بەردەوام لەناو گۆڕستان و لە چیاکاندا بوو، هاواری دەکرد و بە بەرد لەشی خۆی بریندار دەکرد.
٦کاتێک لە دوورەوە عیسای بینی، ڕایکرد و کڕنۆشی بۆ برد.
٧بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «چیت لە من دەوێت، ئەی عیسای کوڕی خودای هەرەبەرز؟ سوێندت دەدەم بە خودا، ئەشکەنجەم مەدە!»
٨چونکە عیسا پێی فەرمووبوو: «ئەی ڕۆحی پیس، لە پیاوەکە وەرە دەرەوە!»
٩ئینجا لێی پرسی: «ناوت چییە؟» پێی گوت: «ناوم لێگیۆنە، چونکە ئێمە زۆرین.»
١٠زۆریش لە عیسا پاڕایەوە نەیاننێرێتە دەرەوەی ناوچەکە.
١١لەوێ ڕانە بەرازێکی گەورە لە قەد شاخەکە دەلەوەڕان،
١٢ڕۆحە پیسەکان لە عیسا پاڕانەوە: «بماننێرە ناو بەرازەکان، با بچینە ناویان.»
١٣ئەویش ڕێی پێدان. ڕۆحە پیسەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکان، ئینجا ڕانەکە کە نزیکەی دوو هەزار سەر دەبوون، بە خێرایی لە قەدپاڵەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و خنکان.
١٤بەرازەوانەکان ڕایانکرد و هەواڵیان دا بە شار و گوندەکان. خەڵکەکەش هاتن تاکو ببینن چی ڕوویداوە.
١٥کاتێک هاتنە لای عیسا، بینییان ئەوەی لەشکرێک ڕۆحی پیسی تێدابوو، دانیشتووە و پۆشتەیە و ئاقڵە، ئیتر ترسان.
١٦ئەوانەش کە بینیبوویان چی بەسەر بەرازەکان و ئەو کەسەدا هات کە ڕۆحی پیسی تێدابوو، ڕووداوەکەیان بۆ خەڵکەکە گێڕایەوە.
١٧ئیتر دەستیان بە پاڕانەوە کرد لە عیسا تاکو لە ناوچەکەیان بڕوات.
١٨کاتێک عیسا سواری بەلەمەکە دەبوو، ئەو کەسەی ڕۆحی پیسی تێدابوو، لێی پاڕایەوە کە لەگەڵی بڕوات.
١٩ڕێگای نەدا، بەڵکو پێی فەرموو: «بگەڕێوە ناو ماڵ و کەسوکارەکەت، بۆیان بگێڕەوە پەروەردگار چی بۆت کردووە و چۆن بەزەیی پێتدا هاتەوە.»
٢٠جا ڕۆیشت و لە دە شارەکە دەستی بە جاڕدانی هەموو ئەوە کرد کە عیسا بۆی کردبوو. هەموو سەرسام بوون.
٢١دیسان عیسا بە بەلەمەکە پەڕییەوە ئەوبەر، هەر لە کەناری دەریاچەکە بوو خەڵکێکی زۆر لێی کۆبوونەوە.
٢٢یەکێک لە پێشەوایانی کەنیشت هات، ناوی یایرۆس بوو، کاتێک عیسای بینی، لەبەرپێی کەوت و
٢٣زۆر لێی پاڕایەوە: «کچە بچووکەکەم لە سەرەمەرگدایە، وەرە دەستی لەسەر دابنێ تاکو چاک بێتەوە و بژیێت.»
٢٤عیسا لەگەڵی چوو، خەڵکێکی زۆر دوای کەوت و پاڵەپەستۆیان لێ دەکرد.
٢٥ژنێک لەوێ بوو کە دوازدە ساڵ خوێنبەربوونی هەبوو.
٢٦بە دەستی چەندین پزیشک ئازاری زۆری چێژتبوو، ئەوەی هەیبوو خەرجی خۆی کردبوو، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو، بەڵکو خراپتر ببوو.
٢٧باسی عیسای بیستبوو، بۆیە هاتە ناو خەڵکەکە و لە دواوە دەستی لە کراسەکەی دا،
٢٨چونکە لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەگەر تەنها دەست لە کراسەکەی بدەم، چاکدەبمەوە.»
٢٩دەستبەجێ خوێن لەبەرڕۆیشتنەکەی ڕاوەستا و لە لەشیدا هەستی بە چاکبوونەوە کرد لە نەخۆشییەکەی.
٣٠یەکسەر عیساش زانی هێزێک لێی هاتە دەرەوە، ئاوڕی لە خەڵکەکە دایەوە و فەرمووی: «کێ دەستی لە کراسەکەم دا؟»
٣١قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «دەبینیت خەڵکەکە پاڵەپەستۆت لێدەکەن، کەچی دەفەرمووی کێ دەستی لێدام؟»
٣٢بەڵام عیسا چاوی دەگێڕا، تاکو بزانێت کێ بوو وای کرد.
٣٣ژنەکەش کە بە ڕووداوەکەی خۆی دەزانی، بە ترس و لەرزەوە هات، لەبەردەمی کەوت و هەموو شتێکی بە ڕاستی پێ گوت.
٣٤ئەویش پێی فەرموو: «کچم، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە، بڕۆ بە سەلامەت و لە نەخۆشییەکەت چاکببەوە.»
٣٥کاتێک عیسا قسەی دەکرد، چەند کەسێک لە ماڵی پێشەوای کەنیشتەوە هاتن و گوتیان: «کچەکەت مرد، ئیتر ئەزیەت مەخەرە بەر مامۆستا.»
٣٦عیسا قسەکانی ئەوانی بەرگوێ کەوت، بە پێشەواکەی کەنیشتی فەرموو: «مەترسە، تەنها باوەڕت هەبێت.»
٣٧نەیهێشت کەس لەگەڵی بچێت، پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای برای یاقوب نەبێت.
٣٨هاتنە ماڵی پێشەواکەی کەنیشت، بینی هەرا و گریان و شیوەنێکی زۆرە.
٣٩چووە ژوورەوە، پێی فەرموون: «بۆچی هەراتانە و دەگریێن؟ کچەکە نەمردووە، بەڵکو نوستووە.»
٤٠بەمە خەڵکەکە پێی پێکەنین. بەڵام عیسا هەموویانی دەرکردە دەرەوە، دایک و باوکی منداڵەکەی برد لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵی بوون و چووە ژوورەوە بۆ ئەو شوێنەی منداڵەکەی لێبوو.
٤١دەستی منداڵەکەی گرت و پێی فەرموو: «تالیسا، قوم!» کە بە واتای «کیژۆڵە، پێت دەڵێم هەستە!» دێت.
٤٢کچەکە کە تەمەنی دوازدە ساڵ بوو، دەستبەجێ هەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، جا هەموویان زۆر سەرسام بوون.
٤٣بە توندیش ڕایسپاردن کەس بەمە نەزانێت و فەرمووی شتێکی بدەنێ با بیخوات.