١ئەی نەینەوا، پەلاماردەر لە دژی تۆ هات. قەڵاکە بپارێزە، چاودێری ڕێگاکە بکە، بازووی لێ هەڵبکە، توانای زۆر بخەرە گەڕ!
٢یەزدان سەروەری یاقوب دەگەڕێنێتەوە وەک سەروەری ئیسرائیل، هەرچەندە تاڵانکەران تاڵانیان کردن و ڕەزەمێوەکانیان تێکدان.
٣قەڵغانی پاڵەوانەکانی ئاڵ هەڵگەڕاون، قارەمانەکانی لە بەرگی سووردان، لە ڕۆژی خۆ ئامادەکردنیاندا پۆڵای گالیسکەکان بریسکە دەداتەوە، ئەو ڕمانەی لە دار سنەوبەر دروستکراون دەلەرنەوە.
٤گالیسکەکان لە شەقامەکان تیژڕەون، لە گۆڕەپانەکان سەرەڕۆن. دیمەنیان وەک مەشخەڵە، وەک بروسک غار دەدەن.
٥نەینەوا پاڵەوانەکانی بانگ دەکات، بەڵام ساتمە دەکەن و لە ڕۆیشتنیاندا دەکەون. پەلە دەکەن بۆ لای شووراکانی و قەڵغانەکان ئامادە کراون.
٦دەروازەکانی ڕووبار دەکرێنەوە و کۆشکەکە دەڕمێت.
٧بە فەرمانی خودا بە دیل دەگیرێت و ڕاپێچ دەکرێت. کەنیزەکانی هەروەک کۆتر دەگمێنن، سنگیان دەکوتن.
٨نەینەوا وەک حەوزێکی وشکبووە. هاوار دەکەن، «ڕاوەستن! ڕاوەستن!» بەڵام کەس ئاوڕ ناداتەوە.
٩«زیو تاڵان بکەن! زێڕ تاڵان بکەن! گەنجینەکانی لەبن نایەن، پڕە لە گەوهەری بەهادار.»
١٠چۆڵ و تاڵانکراو و داماڵراوە، دڵ دەتوێتەوە و ئەژنۆکان شلن، هەموویان دەلەرزن، ڕەنگیان دەپەڕێت.
١١کوا لانەی شێرەکان، لەوەڕگای بەچکە شێران؟ لەوێدا شێر و شێرە مێ دەگەڕان لەگەڵ بەچکە شێر، هیچ شتێک نەیدەترساندن.
١٢شێر بۆ پێویستی بەچکەکانی پەلاماری دەدا و نێچیرەکەی بۆ شێرە مێیەکەی دەخنکاند، ئەشکەوتەکەی پڕ دەکرد لە نێچیر، لانەکانیشی لەوانەی پەلاماری داون.
١٣یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «من لە دژی تۆم. گالیسکەکانت دەسووتێنم و دەبنە دووکەڵ، بەچکە شێرەکانیشت شمشێر دەیانخوات و نێچیرت لەسەر زەوی لێ دەبڕم. ئیتر دەنگی نێردراوەکانت نابیسترێن.»